ئۆجەلان لە پەیامێکدا هەمان داواکارییەکانی دەوڵەتی تورکی لە ڕۆژئاڤای کوردستان کردووە

ئەم داواکاریەی ئۆجەلان فشارەکانی سەر ڕۆژئاوای کوردستان و بەڕێوەبەریی خۆسەری ڕۆژئاڤا زیاتر دەکات.
عەبدوڵڵا ئۆجەلان، ڕێبەری بەندکراوی پەکەکە، ئەمڕۆ پەیامێکی بڵاوکردەوە و تیایدا داوای لە بەڕێوەبەریی خۆسەری ڕۆژئاڤا کردووە کە ڕێککەوتنی 10ی ئادار جێبەجێ بکەن. داواکارییەکەی ئۆجەلان لە ڕاستیدا هەمان ئەو داواکارییەیە کە ئەردۆغان و دەوڵەتی تورک لە ڕۆژئاوای کوردستانی دەکەن.
ئەمڕۆ سێشەممە 30ی کانونی یەکەمی 2025، پارتی یەکسانی و دیموکراسی گەلان (دەم پارتی)، پەیامی سەری ساڵی عەبدوڵڵا ئۆجەلان، ڕێبەری بەندکراوی پەکەکەی بڵاوکردەوە.
عەبدوڵڵا ئۆجەلان لە پەیامەکەیدا باسی لە پرۆسەی چارەسەری و ڕێککەوتنی 10ی ئازاری نێوان حکوومەتی کاتیی سووریا و هێزەکانی سوریای دیموکراتیک (هەسەدە) کردووە.
ئۆجەلان ئاماژەی بەوەشکرد، جێبەجێکردنی ڕێککەوتنی 10ی ئادار دەبێتە هۆی ئاسانکاری و خێراکردنی پرۆسەکە. لەو پرۆسەیەدا ڕۆڵی ئاسانکاری و بنیاتنەرانە و کراوەی تورکیا بۆ دیالۆگ، گرنگییەکی ژینەکیی (حەیاتیی) هەیە.
ئەم داواکاریەی ئۆجەلان فشارەکانی سەر ڕۆژئاوای کوردستان و بەڕێوەبەریی خۆسەری ڕۆژئاڤا زیاتر دەکات، بەتایبەتی دوای ئەوەی هاکان فیدان وەزیری دەرەوەی تورکیا لە چەند ڕۆژی ڕابردوودا هەمان داواکاری کرد و ڕایگەیاند: دەبێ ڕێککەوتنی 10ی ئادار بەبێ دواکەوتن جێبەجێ بکرێت.
دەقی پەیامەکەی عەبدوڵڵا ئۆجەلان بەمشێوەیە:
“دەچینە ساڵێکی نوێوە. ناچارین جارێکی دیکە بەبیری بهێنینەوە کە لە سەدەی ڕابردوودا هێرشە ئیمپریالیست و نەژادپەرەستییەکان پێکەوە ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاستیان خستووەتە ناو شەڕ و پێکدادانی توند. ئەم شەڕە ڕێگەی لە بەردەم کاولکاریی و هەڵوەشانەوەی کۆمەڵایەتی کردەوە. مەزهەبپەرەستی و نەتەوەپەرستیی ئەتنیکی ئەمڕۆ لە ناوچەکە دەکرێت، لە مێژووی نزیک و پڕ ئازارەوە ڕیشەی گرتووە. بەداخەوە ستراتیژی “پەرتکە و زاڵبە”ـی سیستەمی هەژموونخواز، بەشێوازێکی جیاواز بەردەوامە.
دیدگای ئاشتی و کۆمەڵگەی دیموکراتیک کە بە تایبەت لەبەر ئەمە پێشمانخست، تەنها بژاردەیەک نییە. هەروەها وەک مەجبوورییەتێکی مێژوویی لەبەردەمماندایە. ئەگەر بە دروستی لەم دیدگایە تێبگەین و هەڵبسەنگێندرێت، ئەوا دەتوانێت ڕێگری لە شەڕ و پێکدادان بکات. ئەم دیدگایە دژەژەهرێكە کە بنەمای ژیانێکی پێکەوەیی ئاشتییانە و ئازاد بونیاد دەنێت. بەرپرسیارێتی سەرەکی ئێمە لە داهاتوودا ڕێگریکردنە، لە ململانێیەکی نوێی پێشبینیکراو و دەرئەنجامە نەگەڕاوەکانی.
قەیران و ئاڵۆزییە سیاسییەکانی ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست، کە ڕۆژ بە ڕۆژ قووڵتر دەبنەوە، مسۆگەر ئەنجامی چەقبەستوویی سیاسەتی شارستانییەتی سەردەستە، کە دەسەڵات و دەوڵەتپەرەستی بە بنەما دەگرێت و هەزاران ساڵە بەردەوامە.
پرسی کوردیش لە ناوەندی ئەم قەیرانانەدایە. چارەسەری ئەم پرسەش تەنها بە ئاشتییەکی کۆمەڵایەتی و ڕێککەوتنی دیموکراتییانە بەرقەرار دەبێت. گرنگییەکی ژیانییە کە پرسەکە لەسەر زەمینەیەکی دیموکراتیک کە ئیرادەی گەلان بە بنەما بگرێت چارەسەر بکرێت و مامەڵەی لەگەڵ بکرێت، نەک بە ڕێبازی ململانێ، شەڕ، سەربازیی و ئەمنییەوە.
دەبێت لەبیری نەکەین؛ تا ژن ئازاد نەبێت کۆمەڵگەش ئازاد نابێت، ئەمە مومکین نییە. تا کێشەی زهنییەتی پیاوسالاری چارەسەر نەکرێت، کولتووری شەڕ بە کۆتا نایەت و ئاشتی هەمیشەییش بەدی نایەت. بەم هۆکارە ئازادیی ژن وەک بونیادنەری کۆمەڵگەی دیموکراتیک و ڕەگەزی نەگەڕانەوە دەگرمە دەست.
لە سووریاش تابلۆیەکی کائوس ئاسا هەیە. زۆر بە ڕوونی چاوەڕوانی چارەسەرییەکی دیموکراتیکە و ئەمەی پێویستە. عەقڵییەتی بەڕێوەبەریی کە ساڵانێکە خۆی لەسەر بنەمای تاکپەرەستی، فشار و ئینکارکردنی ناسنامە بەڕێوەبرد؛ ئیدی مومکین نییە کە بەردەوام بێت و ئەمەش داواکاریی یەکسانیی و ئازادیی کورد، عەرەب، عەلەوی و هەموو گەلانی بەهێز کردووە. لە نێوان هەسەدە و بەڕێوەبەری دیمەشقدا ڕێککەوتنی 10ـی ئادار واژۆ کراوە. لە چوارچێوەی ئەم ڕێککەوتنەدا ئەو داواکارییانەی کە دەهێندرێتە بەرباس، مۆدێلێكی سیاسیی دیموکراتیکە کە هەموو گەل یان نەتەوە پێکەوە خۆیان بەڕێوەببەن. ئەم نزیکایەتییە، دەتوانێت بە بەڕێوەبەریی ناوەندییدا دانوستان بکات و زەمینەیەکی ئەنتیگراسیۆنی دیموکراتیک لەخۆ بگرێت. جێبەجێکردنی ڕێککەوتنی 10ـی ئادار ڕێ لە بەردەم پرۆسەکە دەکاتەوە و پێشی دەخات.
زۆر گرنگە کە تورکیا لەم پرۆسەیەدا ڕۆڵێکی ئاسانکەر، بونیاتنەر بگێرێت و ڕێگە بۆ گفتگۆ بکاتەوە. ئەمە هەم بۆ ئاشتیی ناوچەیی و هەم بۆ بەهێزکردنی ئاشتی ناوخۆیی زۆر گرنگە.
مێژووی مۆدێرنی ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست، شەڕ، زۆرداری، ئینکار و لەناوبردن…. مێژووی “شۆڕشی نەرێنی”ـیەکانە، لە بەرامبەر ئەمەشدا پێشنیارمان “شۆڕشی ئەرێنی”ـیە. یان سەرلەنوێ بونیادنانی کۆمەڵگەیە بە شێوازی دیموکراتیک، ئاشییانە و ئەخلاقییە. ئەو ئاشتییەی کە ئێمە پێداگریی لێدەکەین ئەنجام نییە، بەڵکو دەبێت ببێتە دەستپێکێکی نوێ. تێکۆشانی ماف، حقوق و دیموکراتیکبوون کە لەناو ئاشتییدا بەڕێوەدەبرێت، کینە، دژبەری و توڕەیی ناهێڵێت و دەرگای ژیانێکی نوێ بۆ هەر کەسێک دەکاتەوە.
بەمشێوەیە؛ ساڵی نوێ با نەبێتە ساڵی شەڕ، لەناوبردن و جیاکارییەکان، بەهیوام ببێتە ساڵی ئیرادەبوونی بونیادنانی ڕێککەوتنی دیموکراتیک، ئاشتی و پێکەوە بیانکەمە ئیرادەبوونێکی هاوبەش و بونیادنانی داهاتووی گەلان.
داواکارییم ئەوەیە کە ساڵی نوێ لە تورکیا، ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست و جیهان، ڕێگە بۆ ئاشتی ئازادیی و داهاتوویەکی دیموکراتیک بکاتەوە، سەری ساڵی نوێ لە هەموو دۆستان و لە پێش ئەوانەشەوە لەو گەلانەی تێدەکۆشن پیرۆز دەکەم.
بەهیوام ساڵی نوێ ئاشتی و ژیانێکی شکۆمەندانە بۆ تەواوی گەلەکەمان بهێنێت، سڵاو و خۆشەویستی خۆمتان بۆ دەنێرم.
ئەم قۆناغە بە ئازادیی ژن بەهێز دەبێت، گەل لەناو ئاشتیدا بە دیموکراتیکبوونەوە یەکبگرن.
30ـی کانوونی یەکەمی 2025
عەبدوڵا ئۆجالان ـ ئیمرالی”