لەسەر دەرئەنجامە سەربازی و سیاسییەکانی پێکدادانەکانی ئەشرەفییە و شێخ مەقسود…

لەسەر دەرئەنجامە سەربازی و سیاسییەکانی پێکدادانەکانی ئەشرەفییە و شێخ مەقسود...

دەبێ برینەکانی کورد لە حەلەب ساڕێژ بکرێن، کورد لە هەموو کاتێک زیاتر پێویستی بە یەکگرتوویی و بیرکردنەوەی ستراتژیک هەیە.

ئەو شەڕ و پێکدادانانەی کە لە 7ی ژانیڤەری ئەمساڵدا لە گەڕەکەکانی ئەشرەفییە و شێخ مەقسوودی شاری حەلەب دەستیپێکرد، لە کاتژمێرەکانی سەرەتای 11ی مانگدا بە بەیاننامەیەک کۆتایی هات. لە ماوەی چوار ڕۆژی شەڕدا کوردەکانی دانیشتووی هەردوو گەڕەکەکە ئاوارە بوون و بەشێوەی دڕندانە و هۆڤانە پەلامار دران. کوڕان و کچانی گەلی کورد لەو گەڕەکانە خۆڕاگرییەکی گەورەیان نیشان دا و شەهید بوون. بە ڕێزەوە کڕنۆش بۆ ئەو شەهیدانە و قارەمانەتی گەل دەبەین.

کورد لە شێخ مەقسود و ئەشرەفییە خۆڕاگرییەکی گەورەی نیشان دا. پشتیوانیکردن لەو خۆڕاگرییەی گەل مەرجێکە هەم بۆ کوردبوون و هەمیش بۆ مرۆڤبوون. ئەو گرتە ڤیدییۆییە ناخ هەژێنانەی کە لە میدیاکاندا بڵاو دەکرێنەوە و هەڵسوکەوتی وەحشیانە و نامرۆڤانە چەتەکانی ڕێژیمی سووریا پیشان دەدەن، هەموومانی تووشی شۆک کرد و کەشێکی زۆر ئیحساسیی دروستکرد. بەڵام قارەمانێتی گەل و گەنجەکانی ناتوانێت هەڵە ستراتژیکەکانی بەڕێوەبەرایەتی سەربازی و سیاسی پەردەپۆش بکات.

لە حەلەب هەڵەی ستراتژی گەورە کرا، چ لە ڕووی سەربازییەوە و چ لە ڕووی سیاسییەوە

بەڕێوەبەریی ڕۆژئاڤا لە ساڵی 2014ـەوە پەیوەندی دۆستانەی لەگەڵ ئەمریکادا هەبووە و زۆر باش دەزانێت کە ئەمریکا پەیوەندییەکانی لەگەڵ تورکیا ناکاتە قوربانی ڕۆژئاڤا. ئەمەمان لە عەفرین و سەرێ کانی بە ڕوونی بینی. هەروەها لە تل ڕەفعەت و لە کاتی کشانەوە لە منبجیشدا بینرا.

کشانەوەی بەڕێوەبەریی خۆسەری ڕۆژئاڤا و هێزەکانی “هەسەدە ـ یەپەگە” (SDF-YPG) لە حەلەب پڕۆژەیەک بووە کە ئەمریکا پشتگیریی لێدەکرد. بە واتایەکی تر، هەسەدە زۆر باش دەیزانی کە لە شەڕی حەلەبدا هیچ پشتیوانییەک لە هاوپەیمانە ڕۆژئاواییەکانی وەرناگرێت. بۆیە هێزەکانی سووریای دیموکراتیک (هەسەدە)، دەبێ بەتەنها لە حەلەب شەڕ بکەن و لە کۆتاییدا، وەدەر دەنرێن. کەواتە بۆچی چوونە ناو شەڕەکەوە هەرچەندە ئەم ڕاستییەیان دەزانی؟

بڕیاری بەرگریکردنەکە لە پەکەکەوە هاتبوو

بەپێی ئەو زانیاریانەی لەبەردەستماندایە، لە سەردانەکەی مەزڵووم عەبدی بۆ دیمەشق لە ڕێکەوتی 4ی ژانیڤەریدا، پێی وتراوە، “یان بڕۆن، یان هێرش دەکەین”. مەزڵووم عەبدی دەیهەویست بەڕێوەبەریی ڕۆژئاوا کۆبکاتەوە بۆ ئەوەی بڕیارێکی هاوبەش بدرێت. لە کۆبوونەوەکەدا گرووپێک لە نێویاندا ئیلهام ئیحمەد ڕایانگەیاند، “با لە حەلەب بکشێنەوە، با خۆمان لەشەڕ دوور ڕابگرین”.

سەرکردایەتی ئێستای پەکەکەی هەڵوەشاوە، کە بە “قەندیل” ناودەبرێت، ئەمەی قبووڵ نەکرد. بۆئەوەی دەستیان لە هەمبەر تورکیا بەهێزتر بکەن و پەیامێک بنێرن، بڕیاریاندا لە گەڕەکەکانی شێخ مەقسوود و ئەشرەفییەدا ”بەرگری“ بکەن. پەکەکە لە ڕۆژئاڤادا دەزگایەکی هەیە بە ناوی “کۆردیناسیۆنی ڕۆژئاڤا و ڕۆژهەڵاتی ناڤینی پەکەکە”، کەوا ئێستا پێی دەوترێت “کۆردیناسیۆنی تەڤگەرا ئاپۆیی”. ئەم کوردیناسیۆنە لەلایەن “موزەفەر ئایاتا، باهۆز ئەرداڵ و ئاڵدار خەلیل”ـەوە بەڕێوەدەبرێت.

کوردیناسیۆنی ئاپۆیی، بڕیارەکەی قەندیلی سەپاند، لەبەر ئەوەی کە بەڕێوەبەریی خۆسەری ڕۆژئاڤا ناتوانێ بەرامبەر ئەم گرووپە بوەستێتەوە، بڕیاری بەرخۆدان درا.

لە ساڵی 2019دا لە کاتی هێرشە داگیرکارانەکانی دەوڵەتی تورکیدا بۆ سەر گرێ سپی، دیسان پەکەکە داواکاریی “بەرخۆدان بکەن و ڕێگا نەدەن خەڵک بڕوات”ی سەپاند. مەزڵووم عەبدی، بە تاقی تەنیا دەستپێشخەریی کرد، خەڵکی کشاندەوە و ڕێگریی لە کۆمەڵکوژییەکی گەورە کرد. دەبووا ئەمجارەش هەمان شتی بکردبا.

شەڕی چوار ڕۆژە زیانێکی زۆری بەدوای خۆیدا هێنا. زیاتر لە 100 شەهید و دیل و بریندار و 300 هەزار ئاوارەی لێکەوتەوە. خەڵک ئەو ماڵانەیان لەدەستدا کە بەدرێژایی ساڵان بە سەختی دروستیان کردبوو، کارەکانیان لەدەستدا و نزیکەی 400 هەزار کورد لەو دوو گەڕەکە ڕووبەڕووی داڕمانی سەختی ئابووری و کۆمەڵایەتی و دەروونی بوونەتەوە. دەتوانین ئەم دۆخە بە “شکستی ئەشرەفییە و شێخ مەقسوود” ناوی ببەین، بەڕاستی کاریگەریی لەسەر هەموو کورد داناوە.

بە واتایەکی تر پەکەکە جارێکی تر گەلی کردە قوربانی بۆ ئەوەی پەیامێک بۆ دەوڵەتی تورک بنێرێت و دۆخێکی خراپتر و دژوارتر لە تراژیدیای شەڕی خەندەقەکان لە حەلەب پێکهات.

هەسەدە و یەپەگە لە دەرئەنجامەکەی بەرپرسیارن

ئەو بانگەشەیەی کە دەڵێن، هەسەدە پشتیوانیی بۆ ئەو دوو گەڕەکە نەناردووە و تەنیا هێزەکانی سڤیل ـ ئاسایش بەرخۆدانیان کردووە، گوزارشت لە تەواوی ڕاستییەکان ناکات. هەرچەندە هێزەکانی (هەسەدە) و یەپەگە بە فەرمی بەشدارییان لە پێکدادانەکانی ئەو دوو گەڕەکەدا نەکردبێت، بەڵام هەردووی ئەو هێزانە بەرانبەر بەم دۆخە سەربازییە، بەرپرسیارن.

لە شوێنێکی وەک حەلەب لە دوو گەڕەک شەڕێکی خوێناوی کرا. لە ماوەی 5 کاتژمێردا دوو گەڕەک گەمارۆدران و شەڕ و پێکدادانی توند لە گەڕەکەکان ڕوویدا. ئەم دوو گەڕەکە لە ساڵی 2012دا دەسەڵاتی خۆسەرییان تێدا ڕاگەیەندرا، واتە ڕێک 13 ساڵە لەلایەن بەڕێوەبەریی ڕۆژئاڤا و هێزەکانی سووریای دیموکراتیک (هەسەدە)ـەوە بەڕێوەدەبرێن. بۆیە ئایا خەندەق و تونێلی ژێر زەوی هەڵنەکەندرابوون، کە ڕێگەی بە چەتەکان دەدا لە ماوەی چوار ڕۆژدا بچنە ناو هەردوو گەڕەکەکەوە؟ گەنجانی ناو هێزە ئەمنییەکان ناچار بوون بە چالاکیی خۆفیداکردن، بەرگریی بکەن. ئەوان بە تەقاندنەوەی خۆیان قارەمانێتی خۆیان نیشان دا، بەڵام گەلی کورد دەبێ لێپرسینەوە لەگەڵ ئەوانەدا بکات کە ئەو لاوانەیان ناچار بەو دەرئەنجامە کرد.

بەڕێوەبەریی ڕۆژئاڤا دەبێ واز لە سیاسەتی “مردن بەرخۆدانە”ی پەکەکە بهێنێت

بۆ پاراستنی گەڕەکە کوردنشینەکان، دەبوو شەڕەکە بە تەواوی شاری حەلەب تەشەنەی بکردایە. دەبوو لە پشتەوە هێرش بکرابایە سەر چەتەکان. ئەوان ئەم کارەیان نەکرد، چونکە کاردانەوەی سیاسیی دەبوو، پەیوەندییەکانی لەگەڵ ئەمریکا و هاوپەیماناندا تێکدەدا و مێزی گفتوگۆی لەگەڵ دیمەشق تێکدەدا. لە ئەنجامدا گەنجانی کورد فڕێدرانە بەردەم دڕندەکانی پاشماوەی داعش. بە واتایەکی تر گەنجانی کورد لە پێناو بەهێزکردنی دەستی ئەوان لە دیپلۆماسیدا، بوونە قوربانی و گیانیان لەدەستدا. ئەمە دۆخێکی تراژیک و دڵتەزێنە. بەڵام ئەم ڕێگایە هەڵبژێردرا. ئەمە عەقڵیەتی پەکەکەیە: “گەنجەکان بنێرن بۆ بەرەکانی پێشەوە، با داستانی قارەمانانە تۆمار بکەن، با شەهید ببن تا پەکەکە بتوانێت جەماوەرەکەی خۆی مۆتیڤە بکات و ئەو شەهیدانە بکاتە ئامارێکی پڕوپاگاندا”.

پەکەکە ساڵانێکە ئەم سیاسەتە پەیڕەو دەکات، پەکەکە لە هیچ شەڕێکدا سەرکەوتن بەدەست ناهێنێت، بەڵام لە ڕێگای شەهیدانەوە جەماوەرەکەی مۆتیڤە دەکات و کەسانی نوێ بەدەست دەهێنێت بۆ ئەوەی ئەوانیش دواتر شەهید ببن. بەداخەوە ئیدارەی ڕۆژئاڤاش هەمان ئەو ڕێگا بێکۆتایەی هەڵبژارد.

پەکەکە لە شەڕی خەندەقەکاندا، “مەحمەد تونچ” و هاوڕێکانی لە ژێرزەمینێکدا بەجێهێشت و وتی “تا کۆتایی بەرگری دەکەین” و بە زیندووی سووتێنران. چارەنووسی “زیاد حەلەب”، بەرپرسی ئیدارەی ئاسایشی حەلەب و مەحمەد تونچ هەر یەکێکە. جگە لە مردن هیچ بژاردەیەکیان بۆ نەهێشتبوونەوە. بەرخۆدان مردن نییە، بەرخۆدان ئەوە نییە گیانی گەنجانی کورد بکرێتە قوربانی بۆ پڕوپاگاندا.

ئیدارەی ڕۆژئاڤا بە سەرۆکایەتی مەزڵووم عەبدی دەبێ دەست لەم سیاسەتەی “بەرخۆدان بە مردن”ـە، هەڵبگرێت. نابێت وەک ڕێکخستنێک یان وەک تەڤگەرێکی کادیران بێت، بەڵکوو پێویستە وەک هێزێکی شەرعی و ڕەوا مامەڵە بکەن کە بەڕێوەبەرایەتی گەل دەکەن.

لێرەدا پێویستە ئاماژە بە ڕۆڵی سەرۆک بارزانیش بکرێت. سەرۆک بارزانی هەر لە سەرەتاوە ئەم هێرشەی بە پاکتاوکردنی نەتەوەیی زانی و هۆشداریی دا. جەنابیان هەروەها بە بێ ماندوبوون هەموو هەوڵە دیپلۆماسییەکانی بۆ پشتگیری کردن لە بەڕیوەبەریی ڕۆژئاڤا خستەگەڕ کەوا لە دەستی پەکەکەدا بەدیل گیرابوو.

پێویستە کورد ئامادە بێت

دەتوانین لە بابەتێکی جیادا بە وردی باسی لێکەوتە سیاسییەکانی ئەو شەڕ و پێکدادانە بکەین. بێگومان کاریگەریی نەرێنیی دەبێت؛ ئیدی دەستی هەسەدە لەسەر مێزی دانوستانەکاندا وەک پێشوو بەهێز نابێت. جگە لەوەش ڕەنگە حکوومەتی کاتی سووریا داوایان لێبکات کە لە شارەکانی وەک ڕەققا و دێرەزۆریش بکشێنەوە. جگە لەوەش زۆرینەی دانیشتوان و هێزی سەربازی لەوێدا لە هۆزە عەرەبەکان پێکدێن. پێویستە بە ڕوونی باس لەوە بکرێت کە ئەو دەسەڵاتەی کە ئەم خێڵانە لە لای هەسەدە دەهێڵێتەوە، عەرەبستانی سعوودیە و هەرکات سعوودیا بیهەوێت بکشێنەوە، ئەو هێزانە دەست لە هەسەدە بەردەدەن. دەبێ بەڕێوەبەریی ڕۆژئاڤا هەر لە ئێستاوە خۆی بۆ ئەمە ئامادە بکات.

ئەگەر پەکەکە دەست لە ڕۆژئاڤا بەرنەدات، پێویستە ڕۆژئاڤا دەست لە پەکەکە بەربدات

شەڕی حەلەب دەریخست کە پەکەکە سیستەمی خۆبەڕێوەبەری و خۆپاراستن و کانتۆنەکانی خۆی لەدەستداوە. پەکەکە دەیهەوێت شکستی خۆی لە باکوور لە ڕۆژئاڤادا بڵاوبکاتەوە. لە ڕاستیدا پەکەکە هەنووکە دەشیهەوێت ئەم شکستە لە ڕۆژهەڵات (رۆژهەڵاتی کوردستان)یشدا بڵاو بکاتەوە. ئەگەر پەکەکە واز لە ڕۆژئاڤا نەهێنێت، دەبێ ڕۆژئاڤا واز لە پەکەکە بهێنێت.

لە کۆتاییدا دەبێ برینەکانی کورد لە حەلەب ساڕێژ بکرێن. دەزگای خێرخوازیی بارزانی نەمر، خوەندارێتی لە ئاوارەکان دەکات، بەڵام ئاوەدانکردنەوەی گەڕەکە وێرانبووەکان لە ئەستۆی پەکەکەدایە. پەکەکە دەبێت دەرگای خەزێنە ملیارد دۆلارییەکانی بەڕووی خەڵکی حەلەبدا بکاتەوە. 30 ساڵە خەڵکی حەلەب و شێخ مەقسود پەکەکەیان لەسەر شانی خۆیان هەڵگرتووە. ڕۆڵەکانیان پێشکەش کردووە، هاوکارییان پێشکەش کردووە و بە هەموو جۆرێک پاڵپشتییان لە پەکەکە کردووە، ئێستا ئیدی نۆرەی پەکەکەیە و لانیکەم دەبێت ژیانی ئابووری لە لایەن پەکەکەوە دابین بکرێت.

ڕەخنەکانمان لەسەر دوژمنایەتی نییە. بەپێچەوانەوە ئێمە ئەمە دەڵێین بۆ ئەوەی ڕۆژئاڤایەکی ئازاد دابمەرزێت. ئێمە ئەمە دەڵێین بۆ ئەوەی ڕۆژئاڤا لە ژێر سەرۆکایەتیی مەزڵووم عەبدیدا بەڕێوەببرێت.

بەڵێ، هەموو شتێک کۆتایی نەهاتووە، بەڵام کورد لە هەموو کاتێک زیاتر پێویستی بە یەکگرتوویی و بیرکردنەوەی ستراتژیک هەیە.

Share

پوستێن ھەمان بەش