ئێران لە ناو باهۆزی گۆڕانکاریەکاندا

ئەوەی ئێران ئەزموونی دەکات نزیکترە لە چەقبەستوویەکی دوولایەنە (استنزاف متبادل): کۆمەڵگەیەک کە سنووری ناڕەزایەتی تاقی دەکاتەوە و دەسەڵاتێک کە سنووری سەرکوت تاقی دەکاتەوە.
✍️ سمکۆ عەبدولعەزیز
ئەوەی ڕوودەدات چیتر ڕووداوێکی کاتی و گوزەرا نییە. لە چەند هەفتەی ڕابردوودا ئێران بە یەکێک لە ئاڵۆزترین قۆناغەکانی بشێوی و ململانێی ناوخۆیی مێژووی هاوچەرخی خۆیدا تێدەپەڕێت. ئاڵۆزییەک کە چیتر ناتواندرێ بە پێناسە ئابوورییەکان یان ناڕازیبوونی ژیانی ڕۆژانە، سنووردار بکرێت، بەڵکوو بووەتە دۆخێکی رامیاری و ئەمنیی ئالۆز و پێکهاتەیی کە تێیدا قەیرانە ئابوورییەکان تێکەڵ بە گرژییە نەتەوەیی و کۆمەڵایەتییەکان دەبن، لەگەڵ هەبوونی ململانێیەکی شاراوە لە ناو خودی کاکڵەی دەسەڵاتدا سەبارەت بەوەی کە چۆناوچۆن ئەم قۆناخە ئیدارە بکرێت.
ئەو خۆپیشاندان و ناڕەزایەتییانەی کە لە ناوەندە ئابووری و بازرگانییە گەورەکانەوە دەستیپێکرد، بەخێرایی تەشەنەی کرد بۆ زانکۆکان و گەڕەکە هەژارەکان و پاشان بۆ شارەکان و ناوچەکانی دەوروبەر کە خاوەن پێکهاتەی نەتەوەیی جیاوازن.
ئەوەی لەم شەپۆلەدا جێی سەرنجە ئەوەیە کە نە لە ڕووی ڕێکخستن و نە لە ڕووی دروشم و نە لە ڕووی دابەشبوونی جوگرافی و کاتەوە، پەیڕەویی لە میتۆدی ناڕەزایەتی و خۆپیشاندانەکانی پێشوو نەکرد.
لەبری ئەوەی لە شارێکی دیاریکراو یان چینێکی کۆمەڵایەتیدا سنووردار ببێت، شێوەی شەپۆلی مامناوەند و کورت… کورتی وەرگرتووە.
دەردەکەون، دادەمرکێن و دواتر لە ناوچەیەکی دیکەدا دەگەڕێنەوە. ئەمەش سەری لە دەزگا ئەمنییەکان شێواندووە و توانای پەرچەکرداری یەکلاکرەوە و خێرای لێ زەوت کردوون.
بە پێی زانیاریی ورد و هاوبەش لە قووڵایی مەیدانی ئێرانەوە، ئەوەی تا ئێستا بە فەرمی ڕانەگەیەندراوە ئەوەیە کە بەشێک لە نیگەرانییەکانی ناو دامودەزگاکانی دەوڵەت تەنیا لە قەبارەی ناڕەزایەتییەکان نییە، بەڵکوو بە سروشتی ئەو ناڕەزایەتیانەوە پەیوەستە کە بە بێ ڕێبەر و بە شێوەی ناهێرەمی بەڕیوەدەچێت.
نەبوونی سەرکردایەتییەکی دیار، وایکردووە کە کۆنتڕۆڵکردنی بزووتنەوەکە لە ڕێگەی گرتن، دانوستان، یان سەرکوتکردنی بژاردەکانەوە، ئەستەم بێت.
ئەمەش دەسەڵاتی ناچار کردووەکە لە باتی لەیەهەڵوەشاندنەوەی قۆناخ بە قۆناخ، سیاسەتی تۆقاندنی گشتگیر (الردع الشامل) بەکاربهێنێت.
لەو چوارچێوەیەدا ناوچە زۆرینە نەتەوەییەکان و بەتایبەت ناوچە کوردستانییەکان وەک خاڵی گرژیی هەستیار دەرکەوتوون.
ئەمەش تەنها بەهۆی قەبارەی ڕێژەی بەشداریکردنەوە نییە، بەڵکوو بەهۆی ئەو هێما سیاسی و ئەمنییانەیە کە ئەو ناوچانە نوێنەرایەتییان دەکەن.
لە هزر و عەقڵی ئەمنی ئێراندا، ئەو ناوچەیە هەمیشە وەکوو ناوچەیەک سەیر کراوە کە دەبێت بە ڕێوشوێنی پێشوەختە کۆنترۆڵ بکرێت، لە ترسی ئەوەی کە نەبێتە پردێک لە نێوان ناوخۆی ئێران و دەرەوەی ناوچەکەدا.
لە ڕۆژانی ڕابردوودا جموجۆڵی بەرفراوانی هێزە ئەمنییەکان لە شارەکانی (ڕۆژهەڵاتی کوردستان)دا تۆمار کراون. ئەو جموجووڵە بریتییە لە ڕەوانەکردن و جێگیرکردنی هێزی زیاتری سپای پاسداران، چاودێریکردنی توندتر بۆ سەر ڕێگا و دروازە ناوخۆییەکان و فشارخستنە سەر چالاکانی مەدەنی و کەسایەتییە خۆجێیانە لەخۆ دەگرێت، کە لە میدیاکاندا نابینرێن بەڵام وەکوو کەسانی کاریگەر لە کۆمەڵگەدا ناسراون.
هەرچەندە بو جموجۆڵە بەفەرمی ڕانەگەیەندراوە، بەڵام لەگەڵ گوتارێکی سیاسی تونددا هات کە حزبەکانی دەرەوە بە هەوڵدان بۆ سودوەرگرتن لە ناڕەزایەتییەکان تۆمەتبار دەکات.
لە لایەکی دیکەوە، ئیارییانەی کە لە میدیاکاندا بڵاو نەکراونەتەوە، ئاماژە بەوە دەکەن کە مشتومڕێکی ناوخۆیی لە نێوان هەندێک لە ناوەندەکانی بڕیاردا سەبارەت بە تێچووی بەردەوامبوون لەسەر ڕێڕەوی ئەمنی ڕووت (صرف) هەیە، بەتایبەتی لە ژێر سێبەری زیادبوونی فشارە ئابوورییەکان و نەبوونی توانای کۆنترۆڵکردنی ناڕەزایی کۆمەڵایەتی لە ڕێگەی ئامرازە کۆنەکانەوە. بەڵام ئەم مشتومڕە هێشتا ڕێگایەکی سیاسی ڕوونی نەگرتۆتەبەر و تەنیا لە چوارچێوەی گریمانە داخراوەکاندا ماوەتەوە و کاریگەرییان لەسەر ئەرزی واقێع نییە.
لە ئاستی دەرەکیدا، ناڕازیبوونی ئێران چیتر دیاردەیەکی تەنیا ناوخۆیی دابڕاو نییە، چونکە لە چەند ئاستێکدا لەگەڵ گرژی و ئاڵۆزییە ناوچەییەکان و لەگەڵ داڕشتنەوەی هاوسەنگی هێز لە سووریا و عێراقدا تێکەڵ بووە.
ئەمەش ئێران دەخاتە دووڕیانێکی ناسکی نێوان کۆنترۆڵکردنی ناوخۆیی و درێژەدان بە ڕۆڵە ئیقلیمییەکانی.
ئەم ئاڵۆزییە وریایی تاران لە هەمبەر هەر بزووتنەوەیەک لە ناوچە نەتەوەییەکان بەرز دەکاتەوە و هانی دەدات کە ناڕەزایەتییەکان نەک تەنیا وەک هەڕەشەیەکی ناوخۆیی، بەڵکوو وەکوو بەشێک لە تابلۆیەکی ئیقلیمی بەرفراوانتر سەیر بکات.
هەتا ئێستا هیچ نیشانەیەک بۆ کرانەوەیەکی سیاسی فراوانتر نییە، هەروەک چۆن بەڵگەی بەهێزیش بۆ داڕمانی نزیک بوونی نییە.
ئەوەی کە ئێران ئەزموونی دەکات نزیکترە لە چەقبەستوویەکی دوولایەنە (استنزاف متبادل): کۆمەڵگەیەک کە سنوورەکانی ناڕەزایەتی تاقی دەکاتەوە و دەسەڵاتێک کە سنوورەکانی سەرکوت تاقی دەکاتەوە.
لەو دەڤەرە ڕمادیەدا، ئەگەرەکانی پەرەسەندن یان کۆنترۆڵکردنی ململانێیەکان بە کراوەیی ماونەتەوە و ئەمەش پەیوەستە بە پەرەسەندنی دوو فاکتەری سەرەکی: توانای دەوڵەت بۆ ئیدارەکردنی ململانێیەکان بەبێ ئەوەی کە بشکێت و هەروەها توانای شەقام بۆ بەردەوامی بەبێ هەبوونی ڕێبەرایەتییەکی دیار.
ئەوەی دەگوزەرێت چیتر ڕووداوێکی کاتی و گوزەرا نییە و دەرئەنجامەکانی نەک تەنیا بە سنوورەکانی ناوخۆی ئێرانەوە ناوەستێت، بەڵکوو لە ئاستی جیاوازدا کاریگەرییان لەسەر هاوسەنگییە ناوچەییەکان بە گشتی دەبێت. لەسەر پرسە هەستیارەکان لە عێراقەوە هەتا سووریا و دەربازبوون بە پرسی کوردەوە کە جارێکی دیکە دەگەڕیتەوە کە ببێتە دڵی دیمەنەکە، نەک تەنها وەک تەوەرێکی ناڕازیبوون بەڵکوو وەک ئاماژەیەک لەسەر قووڵایی قەیرانەکە.