گەمەی ژێر مێز و کورد لە هاوسەنگی هێزدا

گەمەی ژێر مێز و کورد لە هاوسەنگی هێزدا

کورد دەبێ خاوەن گوتار و تیۆری سەربەخۆی خۆی بێت. پێویستە کورد؛ خۆی پێناسە بکات، بەرژەوەندییەکانی خۆی دیاری بکات و بزانێت چی مومکینە و چی قەدەغەیە.

✍️ سمکۆ عەبدولعەزیز

ئەوەی کە ئەمڕۆکە لە ڕۆژهەڵاتی ناڤیندا دەگوزەرێت، لەسەر مێز بەریوەنابرێت، بە ڵکوو گەمەکە لەژێر مێزەکەدایە. ئەوەی لە بەیاننامەکاندا دەگوترێ تەنیا دەنگدانەوەیە، بەڵام بڕیارە ڕاستەقینەکان لە بێدەنگیدا لە نێوان دەزگا هەواڵگرییەکان و تۆڕی بەرژەوەندییەکاندا کە سنوورەکان ناناسن، ساغ دەکرێنەوە.

ئەم زلهێزانە، جوگرافیا تەنها وەک مەیدانی کارکردن دەبینن و گەلانیش وەکوو مۆرەکانی شەترەنج دەگۆڕن.

ویلایەتە یەکگرتووەکانی ئەمریکا ناوچەکە بەجێناهێڵێت، بەڵکوو شێوازی حزووری خۆی دەگۆڕێت و سوپای بینراوەکەی کەمدەکاتەوە، بەڵام حزووری هەواڵگری و ئابووری و تەکنیکی خۆی قووڵتر دەکات. ئامانجەکە هەڵهاتن و ڕۆیشتن نییە، بەڵکوو کەمکردنەوەی تێچوون و هەروەها خۆگونجاندنە.

ڕووسیا پارێزگاری لە ڕێژیمەکان ناکات، بەڵکو پارێزگاری لە لاوازییەکانیان دەکات، چونکە ڕێژیمێکی لاواز بۆ ئەو سوودی زیاترە و باشترە لە ڕژێمێکی بەهێز و سەربەخۆ.

ئێران دراوسێی بەهێزی ناوێت، بەڵکو دراوسێیەکی وەهای دەوێت کە بتوانێ لە ڕێگەی میلیشیا و تۆڕە تایبەتییەکانی خۆیەوە تەراتێنی تێدا بکات.

تورکیا بەدوای ئاشتی و ئارامی لە سووریادا ناگەڕێت، بەڵکوو بەدوای سوریایەکدا دەگەڕێت کە کورد تێیدا هەڕەشە نەبێت. ئیسرائیلیش ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاستی یەکگرتووی ناوێت و هەرێمێکی دابەشکراوی دەوێت، چونکە لەبەریەکهەڵوەشانی ناوچەکە، ئاسایشی درێژخایەنی بۆ دابین دەکات.

لەم هاوکێشەیەدا، پرسی کورد تەنیا پرسێکی نەتەوەیی نییە، بەڵکوو گرێیەکی گرنگە لە ناو سیستەمی کۆنترۆڵکردندا.

بەو پێیەی کە نەتەوەی کورد بەسەر چوار دەوڵەتدا دابەش بووە، یان دەبێتە پرد یانیش دەبێتە بەربەست، بۆیە ڕێگەی پێنادرێت کە خاوەن بڕیار و ستاتۆیەکی سەربەخۆ بێت.

بەکاردەهێندرێت:

ـ وەک بەربەستێک لە نێوان تورکیا و سووریا و هەروەها لە نێوان ئێران و عێراقدا.

ـ وەک جیاکەرەوە لە نێوان چەمکەکانی دەوڵەت و نادەوڵەتدا.

ئەوەی لە شێخ مەقسوود و ئەشرەفییەی حەلەب ڕوویدا، تەنها شەڕی شەقام نەبوو، بەڵکوو دووبارە کێشانەوەی هێڵە سوورەکان بوو: کێ مافی ئەوەی هەیە بمێنێتەوە؟ کێ مافی ئەوەی هەیە گەورە ببێت؟  کێ دەبێ تێکبشکێنرێت؟

بڕیارەکە بە شێوەیەکی هەڕەمەکی و کتوپڕ نەبوو، بەڵکو پەیوەست بوو بە بازاڕی بەرژەوەندییە ئیقلیمی و نێودەوڵەتییەکانەوە.

لە سیاسەتی ئەمڕۆدا قەیرانەکان چارەسەر ناکرێن، بەڵکو بەڕێوەدەبرێن (ئیدارە دەکرێن).

دەوڵەتەکان دانامەرزێن، بەڵکو لە دۆخێکی بێسەروبەریدا دەهێڵدرێنەوە.

ململانێ کۆتایی نایەت، بەڵکوو ئاستەکەی کۆنترۆڵ دەکرێت.

کورد لە چەقی ئەم یارییەدا نییە، چونکە تاکە هێزێکە کە ئەگەر هاوسەنگیەکە بگۆڕدرێت، دەتوانێ لە دەرەوەی ئیرادەی یاریزانە گەورەکاندا ببێتە ئەمری واقیع.

بۆیە کێشەکە تەنها ئەوە نییە کە کورد دەچەوسێتەوە، بەڵکوو کارەساتەکە ئەوەیە کە وەک کارتی فشار و تەنانەت وەک کارتی ئەخلاقییش بەکاردێت، بەبێ ئەوەی ڕێگەی پێبدرێت ببێتە پرۆژەیەکی ڕاستەقینە.

ئەگەر ئەم دۆخە نەگۆڕدرێت، ئایندە تەقینەوەیەکی گەورە نابێت، بەڵکوو داڕمانێکی هێواش و درێژخایەن دەبێت.

دۆزی کورد دابەش دەکەن بۆ کۆمەڵێک کێشەی بچووکی خۆجێی و هەر جارەو لایەنێکی ئیقلیمی بیهەوێت هاوسەنگی هێزی خۆی ڕاست بکاتەوە، کورد دەفرۆشێت و هەر جارێک قەیرانێکی گەورەتر سەرهەڵبدات، دۆزی کورد دوادەخرێت. واتە دیسان چیرۆکی کوردان بە پێنووسی خەڵکی دیکە دەنووسرێتەوە.

کورد لە سووریا وەک هەرێمێکی جیاکەرەوە دەمێنێتەوە نەک قەوارەیەکی سیاسی.

کورد لە تورکیا وەک پرسێکی ئەمنی دەمێنێتەوە نەک شەریکێکی سیاسی.

کورد لە ئێران وەک مەترسی دەمێنێتەوە نەک پێکهاتە.

کورد لە عێراقیش وەک نیمچە دەوڵەت دەمێنێتەوە نەک دەوڵەتێکی تەواو.

لە هەموو حاڵەتەکاندا کورد بابەت (سۆبجێکت) دەبێت نەک (زات).

گۆڕانکاریی پێویست لە سەرووی هەموویانەوە گۆڕانکارییەکی فیکری و سیاسییە، نەک سەربازی و دانوستاندن.

کورد دەبێ خاوەن گوتار و تیۆری سەربەخۆی خۆی بێت. پێویستە کورد: خۆی پێناسە بکات، بەرژەوەندییەکانی خۆی دیاری بکات و بزانێت چی مومکینە و چی قەدەغەیە.

کورد دەبێ لە بەرکارەوە ببێتە کارکەر و لە حاڵەتەوە ببێتە پڕۆژە.

کورد پێش ئەوەی باسی خۆی بۆ جیهان بکات، دەبێت بەخۆی بڵێت: ئێمە پرسیارێک نین لە ناو سیستمی ئێوەدا، بەڵکوو ئێمە پێشنیار و بەدیلێکین لە دەرەوەی سیستمی ئێوەدا.

ئەگەر ئەمە نەکرێت، هەموو دەستکەوتێکی کاتی دەبێتە ڕابردوو، هەموو پاراستنێکی نێودەوڵەتی دەبێتە پاشکۆیەتی و هەموو سەرکەوتنێک دەبێتە شکستێکی پاشخستن.

مێژوو سزای ئەو کەسانە نادات کە لە شەڕەکاندا دۆڕاون، بەڵکوو سزای ئەو کەسانە دەدات کە لە سروشتی شەڕەکان تێناگەن.

ئەگەر کورد لە ئاستی هزر و سیاسەتدا نەبێتە یاریزان، بۆ هەمیشە لە دەرەوەی گۆڕەپانەکەدا دەمێنێتەوە…

مەترسی ڕاستەقینە دۆڕان نییە، بەڵکوو ڕاهاتنە لە سەر ئەوەی تۆ پێلێک بیت لە یاریی کەسێکی دیکەدا.

Share

پوستێن ھەمان بەش