حزبەکانمان لە ساڵی نوێدا دەبێ چی بکەن؟؟؟

گۆڕانکاری، یان ڕیفراندۆمی جددی، لەناو حزبەکانی کوردستاندا پێویستە. دەبێت قبووڵی بکەین کە سەرکەوتوو نەبووین و بەم حاڵەتە، سەرکەوتوویش نابین. چارەسەرییەکەشی یەکڕیزییەکی ڕاستەقینە و دروستە لەسەر هێڵی نەتەوەیی کە لە سەرکردایەتی بەساڵاچووان بەدوور بێت.
✍️ بووبێ ئەسەر
وەک دەزانین و فێربووین لە هەموو ساڵێکی نوێدا گۆڕانکاری جددی لە هەموو جیهاندا ڕوودەدات. لەناو دامو دەزگاکانی وڵاتەکانیشدا گۆڕانکاریی نوێ ڕوودەدات. گۆرانیبێژان، سترانی نوێ و نووسەران بەرهەمی نوێ دەخوڵقێنن و بڵاوی دەکەنەوە و هتد… .
لە بواری بیناسازیشدا گۆڕانکاری جوان و سەرنجڕاکێش دەکرێت، کار دەکەن بۆ ئەوەی کە کام وڵاتان دەتوانن بە کامە بینایە دەتوانن ناوی وڵاتەکەی خۆیان بەرز بکەنەوە و سوودی لێوەربگرن. بەکورتی پێویستە لە ساڵی نوێدا گۆڕانکاری بکرێت بۆ ئەوەی خەڵک بزانێت ساڵێکمان بە هەموو خۆشی و کەیف و ئێش و ئازارەکانەوە بەجێهێشتووە و ساڵێکی تازە دەستپێدەکەین. لەسەر ئەم بنەمایە، خەڵک و حیزبەکان و حکومەت و دەسەڵات دەست بە کاری نوێ دەکەن.
لە زۆرێک لە وڵاتاندا پارتە سیاسییەکان گۆڕانی دیار و ئەرێنی لەپێناو دیموکراسیدا دەکەن، بۆ ئەوەی بەپێی ویستی گەلەکەیان مامەڵە بکەن. بە کورتی هەموو ساڵێکی نوێ لەگەڵ خۆیدا گۆڕانکاری باش لە جیهاندا دەهێنێت. بەڵام لە باکووری کوردستان؟
بەڵام بەداخەوە ئێمەی کوردانی جیهان ئەمە نابینین. هەر بۆیە باوباپیرانمان دەیانگوت: “ساڵ لە دوای ساڵ، خۆزگەم بە پار”. من باوەڕم وایە ئەم وتەیە تەنها ئێمەی کورد دەگرێتەوە. چونکە باوباپیرانمان ئەمەیان وتووە بۆ ئەوەی ئێمە وانەیەک فێربین. واتە دەبێت ئێمەش خۆمان بگۆڕین…
من دەمهەوێت لەم وتارەدا، کەمێک ئەم بابەتە شرۆڤە بکەم
ئێمەی شۆڕشگێڕان و نیشتمانپەروەرانی باکووری کوردستان ناتوانین و نامانهەوێت خۆمان بگۆڕین. لە سەرەتای ساڵانی 1970ـەوە کە شەپۆلی نیشتمانپەروەری لە باکووری کوردستان گەشەی کرد و بەهێز بوو، کۆمەڵێک کەسی زانا کە ئازادی وڵاتەکەیان دەویست، دەستیان بە چالاکیی ڕێکخستنی و ڕێکخراوەیی کرد. ماڵیان ئاوەدان بێت، دەسپێکێکی باش بوو. خەبات و چالاکیی باش و دەلال لە سایەی ئەو چالاکییە ڕێکخراوەییانەی ئەوانەوە کران و پێشکەوتنی گرنگ و بەنرخ ڕوویدا.
ئێمە زۆرتر لەو چالاکییانەی خۆماندا لەدوای کودیتا سەربازییەکەی 12ی ئەیلوولی ساڵی 1980دا کە وەکوو ئاگرێک کوردستانی سووتاند، وەکوو ئەوەمان لێهات کە بە دەندووک لە بەرد بدەین. لەبەر بێ ئەزموونیی و ناکامڵبوونمان لە سیاسەتێکی دروستدا، شکستمان خوارد و دۆڕاندمان. دوای چەندین ساڵ بێدەنگی، هەموومان سەیری خۆمان و کارەکانمان کرد.
کوردستان و کاری ڕێکخستن نەهاتە ناو مێشکی زۆربەی خەڵکەوە. بەڵام دوای ئازادیی باشووری کوردستان (1992) و تێپەڕبوونی ساڵی 2000 بارودۆخی تورکیا و باکووری کوردستان گۆڕا و هەندێک نەرمی و ئارامی هاتەئاراوە. هەر بۆیە هەندێک لەو گەورانەمان کە وڵاتیان لە ناو ئاگردا جێهێشتبوو و هەڵهاتبوون، خۆیان و هەموو خێزانەکانیان لە ئەوروپا نیشتەجێ کرد. ئەوان دەیانویست جارێکی تر لەو دەرفەتەی کە بۆ خۆیان و خێزانەکانیان بەردەست بوو، کەڵک وەربگرن و دەستیان بە کاری ڕێکخستن کرد.
هەندێکیان حیزب و ڕێکخراوی نوێیان دامەرزاند، هەندێکی تریش لەسەر بنەمای پێشووتری خۆیان کە وازیان لێهێنابوو و ڕایانکردبوو، دیسان دەستیان بە کاری ڕێکخراوەیی کردەوە. ماڵی ئەوانیش ئاوەدان بێت، بەڕای من ئەوەش باش بوو.
بەڵام شتە خراپ و ناشیرینەکە ئەوە بوو کە ئەمانە، واتە کەسە لێهاتووەکانمان(!) هەموو ئیمکانیات و دەرفەت و ڕێگا و ڕیبازەکانیان خستە ژێردەستی خۆیان و نە لە ناوخۆی وڵات و نە لە ئەورووپادا نەیانهێشت گەنجەکان یان ئەوانەی لەوان شارەزاتر بوون، بەرپرسیارێتی هەڵبگرن بۆ ئەوەی کاری ڕێکخراوەیی بەپێی سەردەم بەرەوپێش بچێت.
حیزب و ڕێکخراوەکانمان هەر لەدەست ئەوانەدا مانەوە کە لە سەردەمی خۆیاندا شکستیان هێنابوو و هەڵاتبوون. بۆیە هەوڵیاندا و چەند کەسێکی وەک خۆیان بەزیو و بەرژەوەندیپەرستیانیش دۆزیەوە. لە ڕێگەی نووسین و نامیلکەوە ڕایانگەیاند کە جارێکی تر کار بۆ سەربەخۆیی کوردستان دەکەن.
بەڵام بەداخەوە یەک هەنگاویان بۆ پێشەوە نەناوە. لەبەر ئەوەی کە ئەوان دەیانویست ئەو حیزبە بۆ خۆیان و بنەماڵەکانیان بەکاربهێنن، نەیانهێشت کەسانی زانا و ژیر لە خۆیان و حیزبەکەیانەوە نزیک ببنەوە. هەندێکیش کە بە هەڵە پەیوەندییان پێوە کردبوون، بە ترس و هەڕەشە بێدەنگ کران تا بتوانن درێژە بە سەڵتەنەتەکەیان بدەن.
هەروەها چەندین کۆبوونەوە و کۆنفڕانس و کۆنگرەیان ئەنجامدا. بەداخەوە هەمووشیان هەر ئەو کەسانە پێکیاندەهێنان و هەمووجریش هەر ئەو کەسانە دەبوون بە سەرۆک و بەرپرس، کە باسم کردن. بەڵام من بۆخۆم نەمبینی و کەسەیش شایەتحاڵی ئەوە نەبوو کە ئەوانە ڕۆژێک لە ڕۆژان گۆڕانکاریەک لە خۆیاندا بکەن. ئەوان هەمیشە دەیانویست و دەیانهەوێت بە عەقڵی ساڵانی 1970ـەوە کاری ڕێکخراوەیی بکەن. چونکە ئەمە ڕێک بەپێی بەرژەوەندییە شەخسییەکانیان بوو.
ئەوانەن کە لە ئاهەنگەکاندا پێشەنگن، لە کۆبوونەوە و کۆنگرەکاندا هەر ئەوانن، لە سەر شاشەی تەلەفزیۆنەکاندا هەر ئەوانن. واتە هەمیشە هەر ئەوانەن. گەنجان دەست بە کارێک دەکەن بەڵام لە ناو کارەکانی ئەوانیشدا دیسان هەر ئەوان پێشەنگایەتی دەکەن و هەر ئەوانن کە لە سەرکردایەتی حزبەکاندان. لە شین و شاییدا هەر ئەوانن.
لە کۆبوونەوە و کۆنفڕانسەکاندا هەر ئەوانن، لە پێشوازیی میوانەکاندا هەر ئەوانن. واتە ئیدی ئێمەش بووینەتە ئەوان. کاتێک ئێمەش دەبینە ئەوان، پێویستە بزانن کە ئازادیی بۆ کوردستان لە ئێمەوە دوورە. بەڵام شایەتحاڵی ئەوە نەبووین و نەمانبینی کە ڕۆژێک ئەو زیرەکانە کەسێکیان لە بنەماڵەکەی خۆیان کردبێتە ئەندامی حیزبەکەی خۆیان، من نەمبینی کە ئەوان منداڵ و نەوەکانیان بکەنە ئەندامی حیزبەکەی خۆیان.
ئەوە ماوەی پەنجا ساڵە کە ئێمە هەمان ڕووخسارانە دەبینین، گوێ لە قسەکانیان دەگرین. هەروەها کارەکانیان بۆ خێزانەکانیان دەزانین. بەڵام نەمبینیوە کە ئەوانە لەسەر تێڕوانین و بیر و هزری حزبەکەیان بنووسن. چونکە نایانهەوێت ڕیسک بکەن. نووسینەکە هەمیشە دەمێنێتەوە و ڕەنگە ڕۆژێک بەهۆی نووسینەکانیانەوە زیانی شەخسییان پێبگات، بۆیە نانووسن. بەڵام لە بڵاوکردنەوەی نووسینەکانی سەرۆکەکەیاندا حئازان، ئامەنەتوبیللاهـ…
ئەوان لەبیریان نییە کە ئەوانیش بەڕێوەبەرن. دەبێت بۆچوونەکانی حزبەکەیان بنووسن و بڵاوی بکەنەوە. بۆ حزب یان ڕێکخراوێکی سەرکەوتوو دەبێت پێشنیارەکانی خۆیان بخەنەڕوو. بۆ ئەوەی کارەکانی حیزب سەرکەوتوو بێت، پێویستە چالاکیی سیاسی پێشکەش بکەن. دەبێت منداڵ و نەوە و کەسوکاری خۆیان بکەنە ئەندامی حیزبەکەیان بۆ ئەوەی بتوانن داوا لە منداڵانی خەڵکی تریش بکەن کە ببنە ئەندام. ئەمە بوونی نییە.
من خۆم ئێستا بێزار بووم لە بینینی زۆرێک لەو دەموچاوانەی کە باسم کرد. لە ساڵانی 1970ـەوە تا ئەمڕۆش هەر ئەوانن و قسەکانیشان هەمیشە وەک یەکن. تەنانەت خۆشیان مۆدێرن و چالاکیش ناکەن. ئەگەر ئەو جۆرە کەسانە دۆستی حیزبی ئێمەش بن، نامانەوێت ڕوخساریان ببینین. کەواتە دەبێ کەسانی دیکە چۆناوچۆن بیر بکەنەوە؟ ئەگەر ئەم جوامێر و فیداکارانە بۆچوون و ڕوانگە و تێڕوانینی حزبەکانیان بنووسن، دیسان مرۆڤ دەتوانێ تەحەمولیان بکات، بەڵام ئەمەش بوونی نیە و هەر ئەوان گەورەن.
پێویستە ئیدی هەموومان پێکەوە گۆڕانکاری لە حزبەکانماندا بکەین. لە ساڵی نوێدا، بە ڕووخساری نوێ و بە خوێنی تازە، حیزب دەتوانێت گەشە بکات. لە ساڵی نوێدا سەرکردایەتی و پێشەنگایەتی دەبێ پشکی گەنجان و ژنان بێت. ئیدی حیزبەکانی ئێمە لەڕێگای بەساڵاچووەکانمانەوە کە هەرکامەیان بەدەست چەندین نەخۆشییەوە دەناڵێنن، ناتوانن گەشە بکەن و ئیدی بە هزر و ڕامانە کۆنەکانمانەوە، ناتوانین هیچ داهێنان و نوێبوونەوەیەک بهێنین.
بۆیە گۆڕانکاری، یان ڕیفراندۆمی جددی، لەناو حزبەکانی کوردستاندا پێویستە. دەبێت قبووڵی بکەین کە سەرکەوتوو نەبووین و بەم حاڵەتە، سەرکەوتوویش نابین. چارەسەرییەکەشی یەکڕیزییەکی ڕاستەقینە و دروستە لەسەر هێڵی نەتەوەیی کە لە سەرکردایەتی بەساڵاچووان بەدوور بێت.
ئەگەرنا دیسان دەبێ بڵێین: “ساڵ لە دوای ساڵ، خۆزگەم بە پار”.