ئۆجەلان لەسەر حەلەب متقی لێوە نایە، بەڵام پەیام بۆ کۆنفرانسی دەستپێشخەری یەکێتی دیموکراتیک دەنێرێ

ئۆجەلان لەسەر حەلەب متقی لێوە نایە، بەڵام پەیام بۆ کۆنفرانسی دەستپێشخەری یەکێتی دیموکراتیک دەنێرێ

ئەو “پرۆسە”یەی کە ئۆجەلان، باخچەلی و ئەردۆغان دەستیانپێکردووە، بۆ چارەسەرکردنی پرسی کورد لە باکووری کوردستان نیە، بەڵکوو بۆ بێدەوڵەتبوونی ڕۆژئاڤایە.

عەبدوڵڵا ئۆجەلان، ڕێبەری بەندکراوی پەکەکە، ئەمڕۆ پەیامێکی ئاراستەی دووەمین کۆبوونەوەی گشتی ئاسایی دەستپێشخەریی یەکێتی دیموکراتیک کرد. شایانی باسە ئۆجەلان تاقە یەک وشەشی سەبارەت هێرشە بەربڵاوەکانی سەر گەڕەکە کوردنشینەکانی ئەشرەفییە و شێخ مەقسود لە حەلەب و ئاوارەبوونی هەزاران کورد بەهۆی ئەو هێرشانەوە بە زماندا نەهاتووە، بەڵام پەیامێکی بۆ ئەو کۆنفرانسە ڕەوانە کردووە.

لە شوباتی 2025 بەملاوە عەبدوڵڵا ئۆجەلان ڕێبەری پەکەکە بەردەوام چەندین جار پەیامی ناردووە. پەیامەکانی سەبارەت بە ئێزدییەکان و کۆنفرانسی ئێزدییەکان و کۆبوونەوەکانی پەکەکە لە کەمپی پەنابەرانی مەخموور و کۆبوونەوەکانی پەکەکە لە قەندیل و سەرجەم کۆبوونەوەکانی ئەو حیزبە لە ئەوروپا و سلێمانی و باکووری کوردستان بوون. بەڵام عەبدوڵڵا ئۆجەلان لە بەرامبەر پێکدادانەکانی حەلەب بێدەنگ بوو و متقی لێوەنەهات.

بەڵام ئۆجەلان ئەمڕۆ پەیامێکی بۆ کۆنگرەی دووەمی دەستپێشخەریی یەکێتی دیموکراتیک نارد و تیایدا دیسانەوە ڕەخنەی لە ستاتیزم گرت و جەختی لە یەکیەتیی و برایەتی گەلان کردەوە. لە پەیامەکەی ئۆجەلاندا هاتووە کە “چارەسەری کێشەی کورد و یەکێتی دیموکراتیک تەنیا کاتێک مانا دەدات کە شانبەشانی گەڕان بەدوای ئازادی و ئاشتی لەلایەن هەموو گەلانی تورکیا و ئێران و عێراق و سووریاوە نرخاندنی بۆ بکرێت”.

ئەو پرسیارە سەرهەڵدەدات: “ئۆجەلان کە لەسەر هەموو بابەتێک شتێک دەڵێ، بۆچی لە سەر حەلەب بێدەنگ بوو؟”

بێدەنگی ئۆجەلان لەسەر گەڕەکە کوردنشینەکانی حەلەب لە بنەڕەتدا بەو مانایەیە کە ئەو پەسندی ئەوە دەکات کە ڕوویداوە. ئۆجەلان هەر لەسەرەتاوە دەیویست تورکیا ڕۆڵێکی کارا لە سووریا بگێڕێت. تەنانەت ڕەخنەی لە هێزەکانی سووریای دیموکراتیک (هەسەدە) گرت و وتی کە ئەوان بوونەتە “حەشدی شەعبی ئیسرائیل”. ئۆجەلان هەوڵی زۆر دەدات بۆ ئەوەی کە یەکپارچەیی خاکی سووریا مسۆگەر بکات و هەوڵدەدات ئەو ڕێگاچارەیەی کە تورکیا بۆ سووریای دەوێ، بە قسەی گونجاو لەلایەن خەڵکی ڕۆژئاڤاوە قبووڵ بکرێت.

ئەو “پرۆسە”یەی کە ئۆجەلان، باخچەلی و ئەردۆغان دەستیانپێکردووە، بۆ چارەسەرکردنی پرسی کورد لە باکووری کوردستان نیە، بەڵکوو بۆ ئەوەیە کە کورد لە ڕۆژئاڤا نەبێتە خاوەن ستاتۆ و دەوڵەتی خۆی و لە بێدەوڵەتیدا بهێڵدرێتەوە. بەهۆی ئەو پڕۆسەیەوە، کورد کات و وزەیەکی زۆری لە ڕۆژئاڤا لەدەستدا. زیانەکان تەنیا بەوەشەوە سنووردار نەبوون؛ بەڵکووو ئەوان خاک و شار و ژیانیان لەدەستدا. لە ڕاستیدا ئۆجەلان و پەکەکە، ئەو ڕێکخراوەی کە خۆی هەڵوەشاندۆتەوە، بە پلەی یەکەم بەرپرسیارن لەوەی کە ئەمڕۆکە کورد لە ڕۆژئاڤا لەژێر هێرشێکی گەورەدایە و دەستکەوتەکانی لەدەست دەدات.

بە دوورخستنەوەی ڕۆژئاڤا لە ناسنامەی کوردایەتی و ڕاکێشانی بۆ ناو حیکایەتێکی ئیدئۆلۆژیک، بە قسەکردن لەسەر کانتۆنەکان، باکووری سووریا و هتد…، هەر لەسەرەتاوە هەڵە کرا، کە بوون بە هۆی لەدەستدانی ناسنامەی نەتەوەیی لەلایەن کوردەوە.

پێویستە بەڕێوەبەریی ڕۆژئاڤا دان بەم پڕۆسەیەدا بنێت و بڕیاری خۆی بدات و ڕێگری لە سیاسەتی ڕۆژانەی پەکەکە و ئۆجالان بگرێت.

Share