بڕیاری پەکەکە بۆ دەستپێکردنەوەی خەباتی چەکداری لە 1ی حوزەیرانی 2004 و لێکەوتەکانی بۆ کورد چی بوو؟!

پەکەکە بە هەماهەنگی لەگەڵ دەوڵەتی تورک کۆتایی بە ئاگربەست هێنا و لە حوزەیرانی 2004دا خەباتی چەکدارانەی دەستپێکردەوە.

لە 1ی حوزەیرانی 2004دا پەکەکە بەیاننامەیەکی بڵاوکردەوە و تێیدا کۆتاییهاتنی ئاگربەستی ڕاگەیاند کە لە 2ی ئابی 1999 دەستیپێکردبوو و بۆ ماوەی 5 ساڵ بەردەوام بوو. عەبدوڵڵا ئۆجەلان لە 27ی شوباتی 2025دا داوای لە پەکەکە کرد خۆی هەڵبوەشێنێتەوە و کۆتایی بە خەباتی چەکداری بهێنێت. قۆناغی دووەمی ئەو پێکدادانەی کەوا پەکەکە بە هەڵمەتی 1ی حوزەیران ناوی دەبرد، ماوەی 21 ساڵی خایاند. ئەم قۆناخی 21 ساڵەیەی پێکدادان زۆر دەرئەنجامی بۆ کورد لێکەوتەوە، دەرئەنجامە سیاسییەکانی ئەم قۆناخە 21 ساڵەیە لە دەرئەنجامە سەربازییەکەی زیاتر بوو. بۆ ئەوەی لەو واقیعە تێبگەین کە ئەمڕۆ کورد خۆی تێدا دەبینێتەوە، گرنگە باس لە هۆکارەکانی دەستپێکردنی هەڵمەتی 1ی حوزەیران بکرێت و شی بکرێتەوە کە هێزە سەرکەوتوو و دۆڕاوەکان کێ بوون.

دەتوانین پاشخان و دەرئەنجامی ئەو قۆناخەی کە لە 1ی حوزەیرانی 2004 لە نێوان پەکەکە و دەوڵەتی تورکیادا دەستی پێکرد، لە ژێر چەند سەردێڕێکدا کورت بکەینەوە و هەڵسەنگاندنی بۆ بکەین.

بەشی یەکەم: گۆڕانی سیاسەتی دەوڵەتی تورک لە ڕۆژهەڵاتی ناڤیندا و هەنگاوی 1ی حوزەیرانی پەکەکە

بە گەڕانەوەی ئۆجەلان بۆ تورکیا لە ساڵی 1999دا، قۆناغێکی نوێ لە باکووری کوردستان و تورکیا دەستی پێکرد. لە 2ی تەباخی 1999دا ئۆجەلان داوای لە سەرجەم گەریلاکانی باکووری کوردستان کرد بەرەو باشووری کوردستان پاشەکشە بکەن. ئەمەش بە جۆرێک بە مانای کۆتایی ئەو خەباتە چەکدارانەیە بوو کە پەکەکە لە ساڵی 1984دا دەستی پێکردبوو.

لەو کاتەدا دەوڵەتی تورکیا بە فەرمی هیچ داواکارییەکی گشتی بۆ “کشانەوە” نەخستەڕوو. جگە لەوەش دەوڵەتی تورک هیچ گەرەنتییەکی وەک وەستاندنی ئۆپەراسیۆنەکان یان ئاسانکاری بۆ کشانەوە پێشکەش بە پەکەکە نەکرد.

ئۆجەلان لە نامەیەکدا کە بۆ پەکەکەی نارد، سەبارەت بەم بڕیارە گوتبووی:

“پێویستە بەبێ گومان بیسەلمێنین کە توندوتیژی کۆتایی هاتووە، چ لەڕووی کردەیی و چ لەڕووی گەرەنتییەوە… ئەمەش بۆ ئەوەیە ڕایبگەیەنین کە ئێمە لە 1ی ئەیلوولی 1999دا کۆتایی بە خەباتی چەکداری دەهێنین و هێزەکانمان دەکشێنینەوە بۆ ئەو دیوی سنوور، واتە بەرەو باشوور دەکشێنینەوە بۆ ئەوەی دۆخەکە بەپێی قۆناخەکە هەڵسەنگێنین و بەو پێیە خۆمان ئامادە بکەین”.

بەپێی هەندێک بەڵگەنامەی پەکەکە، لە ئەنجامی ئەم کشانەوەیەدا هەزار و 500 گەریلا گیانیان لەدەستدا و نزیکەی سەد گەریلا بە دیل گیران و بە سەدان گەریلاش بێسەروشوێنن و چارەنووسیان نازانرێت.

دەستەواژەی “دەبێت خۆم بسەلمێنم” لە نامەکەی ئۆجەلاندا زۆر سەرنجڕاکێشە و لەڕاستیدا بۆ ئاشکراکردنی جەوهەری بابەتەکە، گرینگییەکی زۆری هەیە. وادیارە کۆمەڵە بەڵێنێک هەبووە کە بە دەوڵەت دراوە و ئێستاشی لەگەڵدا بێت ئۆجەلان هەوڵدەدات ئەوە “بسەلمێنێت” کەوا پەکەکە گوێڕایەڵی فەرمانەکانی ئەون.

کشانەوەی گەریلاکان لە سنوورەکانی باکووری کوردستان بەرەو باشوور، داواکارییەک بوو کە دەوڵەتی تورک لە ئۆجەلانی کردبوو. لەو ماوەیەدا ئۆجەلان هەنگاوی زیاتری ناوە بۆ ئەوەی نیشان بدات کە پەکەکە بەبێ هیچ سەرت و مەرجێک گوێڕایەڵی ئەو دەبێت. بۆ نمونە لە مانگی ئابی 2000 نامەیەکی نووسراوی بۆ کۆنسەی بەڕێوەبەریی پەکەکە ناردووە و داوای لێکردوون لەگەڵ یەنەکەدا شەڕ بکەن و هۆکارە سیاسییەکانی ئەو داوایەشی دەستنیشان کردبوو. بە پەیڕەوکردنی ئەم فەرمانە، پەکەکە لە ئەیلوولی 2000دا هێرشی کردە سەر هێزی پێشمەرگەی یەکێتی نیشتمانی (یەنەکە)، لەو نێوەندەدا ئۆجەلان دەستوەردانی لە زۆر بابەتدا کرد، لەوانەش دەستوەردانی لە کۆنگرە و پەیڕەوی ناوخۆدا کرد تا بە دەوڵەتی تورکی ئیسپات بکات کە “پەکەکە بەبێ شەرت و مەرج گوێڕایەڵی ئەو دەبێت”.

لەبەرامبەردا، لە 12ی ژانیڤەری ساڵی 2000دا، بولەنت ئەجەڤیت، مەسعوود یڵماز و دەوڵەت باخچەلی کۆبوونەوە و ڕێککەوتنێکیان واژۆکرد بۆ ئەوەی ڕێگا نەدەن پەرلەمان سزای لەسێدارەدان بەسەر ئۆجەلاندا بدات. لە ساڵی 2002دا تورکیا سزای لەسێدارەدانی بە تەواوی هەڵوەشاندەوە.

دوای هەموو ئەو پرۆسانە هەلومەرجی دروستبوونی پەکەکەیەکی نوێ لەلایەن ئۆجەلانەوە فەراهەم کرا. (پێویستە ئاماژە بەوە بکرێت کە دەوڵەت باخچەلی، ئەندازیاری ئەو شتەی ئێستا پێی دەوترێت “پێڤاژۆ”، لە هەڵوەشاندنەوەی سزای لەسێدارەدان لەلایەن تورکیاوە، ڕۆڵێکی گرنگی هەبوو.)

بۆچی تورکیا ئەم هەنگاوەی نا؟

لە ساڵانی 1990دا قەیرانی سیاسی لە ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست گەیشتبووە لووتکە. عێراق لە ناوەندی ئەم قەیرانەدا بوو. ڕاگەیاندنی ناوچەیەکی دژەفڕین لەسەر باشووری کوردستان لە ساڵی 1991دا نیشانیدا کە زەنگی ئاگادارکردنەوە بۆ ئێران، سووریا و تورکیا لێدراوە، کە وڵاتانی ناوەندی ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست بوون. لەناو باکوری کوردستاندا جەماوەرێکی ناسیۆنالیستی هەبوو کە لە سنووری تەشکیلاتی-سیاسیی پەکەکە تێپەڕیبوون، لە ڕووی سۆزداری و سیاسییەوە لە ژێر کاریگەری پێشهاتەکانی باشووری کوردستان (ڕاپەڕینی ڕزگاریخوازی)دا بوون. پەکەکە هەبوایە یان نا، ئەم گرووپە هەڕەشەی بۆ سەر تورکیا دروستکرد. پرسی کورد چیتر شتێک نەبوو کە بتوانێ پەردەپۆش بکرێت و سەردەمی نکۆڵیکردن لە ناسنامەی کورد کۆتایی هاتبوو. جگە لەوەش ئەو ڕاستییەی کە کورد نوێنەرایەتی پۆتانسێلێکی زیندوو دەکات لە ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاستدا سەریهەڵدابوو. کورد ئەو لایەنە بوو کە ئەو زلهێزانەی بە دوای هەژموونیەوە بوون لە ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاستدا، دەیانتوانی پشتی پێ ببەستن.

تورکیا لەوە تێگەیشت کە بە مانەوە لە سنوورەکانی خۆیدا ناتوانێت مامەڵە لەگەڵ ئەم مەترسییەدا بکات. بۆیە یان ناچار دەبێ هەوڵی هەژموونی بدات و هێژەمۆنی خۆی لە دەرەوەی سنوورەکانی خۆی فراوانتر بکات، یانیش بچووک دەبێتەوە. تورکیا بژاردەی یەکەمی هەڵبژارد.

دەستی کرد بە ئامادەکاری بۆ فراوانبوون لە دەرەوەی سنوورەکانی خۆی و بۆ ئەوەی ببێتە زلهێزێک لە ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاستدا. بەتایبەت لە ساڵانی 1990دا هەوڵیدا کە لە هێزی کورد لە باشووری کوردستان تێبگات. هەرچەندە دۆستانە دەردەکەوت، بەڵام هاوکات دڵنیاییشی دا کە پەکەکە ناوەندی ململانێکانی خۆی دەگوازێتەوە بۆ باشووری کوردستان. سەرەڕای ئەمەش هێزەکانی باشوور سەرەڕای ململانێ ناوخۆییەکان و کێشە ئابوورییەکان توانیان خۆیان ڕابگرن.

بە ستراتژی ئەسپی ترۆوا، گرنگ بوو کورد لە لای خۆیەوە ڕابگرێت و لە ناوەوە کاری خۆی بکات.

سیاسەتی دەوڵەتی تورکیا لە ساڵانی 2000دا “لەناوبردن لەگەڵ کات”دا بوو

دیارە ئەمە تەنیا هۆکاری تورکیا نەبوو؛ هەروەها ڕۆڵی پێویستیی ئاو لە گۆڕەپانی سیاسیدا، داڕمانی سیستەمی دەوڵەتەکانی بەڵکان و پێکهێنانی دەوڵەتی نوێ و گۆڕانکارییە سیستماتیکییە جیهانییەکان وەک داڕمانی سیستەمی جیهانی، لە فاکتەرە پاڵنەرەکان بوون. بەڵام بێگومان پرسی کورد خاڵێکی سەرەکی بوو.

پرۆسەکە بە لێدوانەکەی سلێمان دەمیرل لە ماردین لە ساڵی 1993 دەستی پێکرد، “ئێمە دان بە هەقێقەتی کورددا دەنێین”. بەڵام جەوهەری ئەم دانپێدانانە ڕوون نەبوو.

دەوڵەت لە ساڵی 1999دا چارەسەری پرسی کورد لە باکووری کوردستانی بە “سیاسەتێکی هەڵوەشانەوە کە بە تێپەڕبوونی کات تەشەنەی کردووە” پێناسە کرد. داواکارییە نەتەوەییەکانی کورد بە کاڵکردنەوەی هێڵەکانی نێوان چەمکەکانی وەک ئاشتی، شەڕ، ئاگربەست، پێکدادان، هیوا، کشانەوە، دانوستان، پێڤاژۆ و هتد… لەناوبران.

ئۆجەلان و پەکەکە چۆن دەتوانن ببنە چەرخی سەرەکی ئەم “سیاسەتی هەڵوەشانەوە کە بە تێپەڕبوونی کات تەشەنەی سەندووە”؟

لە نێوان ساڵانی 1999 تا 2004، چالاکییەکانی گەریلا ڕاگیرا

لە ساڵی 1999دا کە داوای کشانەوە کرا، دەوڵەتی تورک ویستی گەریلاکان بکشێنەوە نەوەک پەکەکە خۆی هەڵوەشێنێتەوە. باشووری کوردستان بە تایبەتی هەڵبژێردرا، چونکە پەناگەی نەتەوەپەروەریی باڵای کورد بوو. گەریلاکانی پەکەکە لە چیای قەندیل، لە خنێرە و بادینان بە سەختی لەلایەن دەوڵەتەوە دەگیردران. لە ڕاستیدا دەتوانین ئەم قۆناغە وەک دەوڵەت ببینین کە دەیهەویست پەرەسەندنەکانی ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست ڕوون بکاتەوە و بڕیار لەسەر چۆنیەتی بەکارهێنانی پەکەکە بەپێی بەرژەوەندییەکانی خۆی دەدات.

لەگەڵ هێرشەکانی 11ی سیپتامبەردا، دەرکەوت کە ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست دەبێتە ناوچەیەکی پێکدادان. بە تایبەتی دەوڵەتی تورکیا بە دەستێوەردان لە ئۆپەراسیۆنی عێراق ویستی بەشداری لە خەباتی سەروەریی ناوچەکەدا بکات. بەڵام پەرلەمانی تورکیا لە 1ی ئازاری 2003دا پێشنیاری ناردنی هێزی سەربازیی بۆ عێراق ڕەتکردەوە. تورکیا لە دەرەوەی ئەو پرۆسەیەدا مایەوە کە ئەمریکا لە عێراقدا دەستیپێکردبوو. کورد بە دەستکەوتی گەورەوە لە ڕووخاندنی ڕژێمی سەدام هاتەدەرەوە و شەڕی ناوخۆ کۆتایی هات. بۆ تورکیا دۆخی باشووری کوردستان و عێراق کارەساتێک بوو. ئەوان دەیانویست دووبارە لە پرۆسەکەدا بەشدار بن. پەکەکە بووە ئامرازێکی ستراتژیک کە تورکیا بۆ چوونە ناو عێراق و باشووری کوردستان و دامەزراندنی ناوەندی کۆنترۆڵکردن بەکاری دەهێنێت.

لێرەدا پەکەکە 4 ئەرکی هەبوو:

یەکەم:

بە فەرمی شەڕێک دژی تورکیا کە ئەندامی ناتۆیە، دەستپێبکات. بەم شێوەیەش شەرعیەت بە ئۆپەراسیۆنەکانی تورکیا لە ناوچەکە و فراوانبوونی لە دەرەوەی سنوورەکانی خۆی دەدات. ئەم خاڵە تەنها ئیدیعایەک نییە. لە دوای هەنگاوی 1ی حوزەیرانەوە دەوڵەتی تورک ستراتژیکترین خاڵەکانی هەردوو بەشی ڕۆژئاڤا و باشووری کوردستانی داگیرکردووە و سنوورەکانی خۆی فراوانتر کردووە.

دووەم:

بۆ ئەوەی ڕێگری لە ستاتۆی هەرێمی فیدراڵی نوێی کوردستان بکات تا نەتوانێ ئیلهامبەخش و پشتیوانی پارچەکانی دیکەی کوردستان بێت و بەمەش ناسیۆنالیزمی کورد و خواستە نەتەوەییەکان بەهێزتر بکات. لە بنەڕەتدا پەکەکە بە ئایدۆلۆژیایەکی نوێوە خۆی وەک هێزێک لە دژی پەرەسەندنی نەتەوەپەروەری لە باشووری کوردستان بەکار بهێنێت. هەر دوای ئەم قۆناخە، ئۆجەلان کۆمەڵێک بیرۆکەی دژە کوردی وەک بێدەوڵەتبوون، کۆماری دیموکراتیک و ئەنتەگراسیۆن و هتد…، خستە ڕۆژەڤی کوردەوە.

سێهەم:

باکووری کوردستان گەورەترین بەشی کوردستانە و زۆرترین ژمارەی دانیشتوانی کوردی تێدایە، ئەنتەگرەبوون (تێکەڵبوون)ی لەگەڵ دەوڵەتی تورکیا وەک ئەرکی سەرەکی پەکەکە دەستنیشان کرا.

چوارەم:

سیاسەتێکی کۆنترۆڵکردنی ناڕاستەوخۆی کورد لە پارچەکانی تری کوردستان لە ڕێگەی پەکەکەوە.

عەبدوڵڵا ئۆجەلان بۆ جێبەجێکردنی ئەم سیاسەتەی دەوڵەتی تورک، 4 هەنگاوی ناوە:

ئۆجەلان بۆ ئەوەی کە لە باسووری کوردستاندا بەدیلێک بۆ حکومەتی هەرێمی کوردستان دروست بکات، فەرمانی دامەزراندنی هەرێمەکانی پاراستنی میدیای دەرکرد.

لقوپۆپەکانی پەکەکە لە هەر چوار پارچەی کوردستان دامەزران: پژاک بۆ ڕۆژهەڵاتی کوردستان، پەچەدەکە بۆ باشووری کوردستان و پەیەدە بۆ ڕۆژئاوای کوردستان.

حیزبی DEHAP کە کوردەکانی خاوەن ڕوانگەی کوردستانیی لە باکوری کوردستان کۆکردبووەوە، هەڵوەشایەوە و HDK کە ناسنامەی کوردستانیی تێدا کەمڕەنگ کرابوویەوە، لە شوێنی ئەو دامەزرا.

عەبدوڵڵا ئۆجەلان هەڵمەتێکی دەستپێکرد بۆ ئەوەی ڕوانگەکانی وەک ژنولۆژی و ئیکۆلۆژی لە ناو کۆمەڵگەی کوردیدا بڵاو بکاتەوە هەتا هزر و ڕوانگەی نەتەوەپەروەریی کورد لە ناو گەلی کوردستاندا لاواز بکات.

خاڵی هەرە گرنگ ئەوە بوو کە پەکەکە بە هەماهەنگی لەگەڵ دەوڵەتی تورکیا کۆتایی بە ئاگربەست هێنا و خەباتی چەکدارانەی دەستپێکردەوە، بەمەش هەموو ئەو خاڵانەی سەرەوە جێبەجێ کران.

سبەی: هەنگاوی 1ی حوزەیران وەک بەشێک لە ستراتژیی “دژە ـ کورد”ی دەوڵەتی تورک ئامادەکرا.

Share