39 ساڵ بەسەر تیرۆرکردنی کوڕە ئازاکەی دێرسیم، حوسێن عەلی ئاکاگوندوز، لەلایەن پەکەکەوە تێدەپەڕێت

39 ساڵ بەسەر تیرۆرکردنی کوڕە ئازاکەی دێرسیم، حوسێن عەلی ئاکاگوندوز، لەلایەن پەکەکەوە تێدەپەڕێت

حوسێن عەلی ئاکاگوندوز 39 ساڵ لەمەوبەر لە پاریس لەلایەن هێزەکانی سەر بە پەکەکەوە کوژرا.

ئەندامی TKSP و نوێنەری کۆم-کار لە پاریس، حوسێن عەلی ئاکاگوندوز، لە 16ی حوزەیرانی 1987دا لە بلواری ستراسبۆرگی پاریس لەلایەن گروپێکی پەکەکەوە شەهید کرا. حوسێن عەلی ئاکاگوندوزی تەمەن 27 ساڵ، ڕۆڵێکی گرنگی لە ڕێکخستنی کۆمەڵگەی کورد لە ئەورووپا هەبوو.

حوسێن عەلی ئاکاگوندوز کێ بوو؟

حوسێن عەلی ئاکاگوندوز، لە ساڵی 1960 لە گوندی لۆدەکێی سەر بە ناحیەی مازگرتی دێرسیم لە دایکبووە، ئەندامی بنەماڵەیەکی هەژار و کرێکار بوو. خوێندنی ئامادەیی لە دێرسیم و ئەلعەزیزی تەواو کردووە. لە ساڵی 1977دا بۆ خوێندنی ئابووری ڕۆیشتۆتە پاریس. هەر لە دێرسیمدا حوسێن عەلی خۆی لە بزووتنەوە کوردییەکان نزیک دەکرد و لە پاریسیش پەیوەندییەکانی لەگەڵ ڕێکخراوە کوردییەکان دا درێژەپێدا. ڕۆڵی گەورەی لە ڕێکخستنی ئەو کوردانەی کە کۆچیان کردبوو بۆ فەرەنسا و ڕێگریکردن لە پەرش و بڵاو بوونیان هەبوو. ساڵی 1983 بووە سەرۆکی کۆمەڵەی زەحمەتکێشانی کوردی پاریس و هەتا ئەو کاتەی کە تیرۆر کرا، سەرۆکی ئەم کۆمەڵەیە بوو.

سیاسەتی پەکەکە بۆ تیرۆرکردنی ئەو کەسانەی کە سەرکردایەتی کۆمەڵگەی کوردیان لە ئەوروپا دەکرد بە تیرۆرکردنی حوسێن عەلی کۆتایی نەهات و لە 8ی نیسانی 1987دا حوسێن ئادیگوزەلیش لە شاری هانۆڤەری ئەڵمانیا تیرۆر کرا.

تیرۆرکردنی حوسێن عەلی ئاکاگوندووز نموونەیەکی گرنگی پراکتیکی پەکەکە بۆ تیرۆرکردنی سەرکردە کاریزما و سەرکەوتوو و کاریگەرەکانی کورد لە ساڵانی حەفتاکانە. حوسێن عەلی نیشتمانپەروەرێکی کورد بوو؛ هیچ پەیوەندییەکی بە هیچ دەوڵەتێکەوە نەبوو. هەروەها هیچ دوژمنایەتییەکی بەرامبەر هیچ بزووتنەوەیەکی کوردی نەبوو. پەکەکە بۆچی حوسێن عەلی ئاکاگوندووزی کوشت؟

پەکەکە لە ماوەی 47 ساڵی ڕابردوودا سەدان گەنجی کاریزما و پێشەنگی کوردی کوشتووە.

پەکەکە لە ساڵی 1978 دامەزرا و لە ساڵی 2025دا خۆی هەڵوەشاندەوە. بە درێژایی مێژووی 47 ساڵەی پەکەکە، چەندین کەسی کاریزمای چ لەناو ڕیزەکانی خۆیدا و چ لە ناو ڕێکخراوە کوردیەکانی تردا کوشتووە کە دەیانتوانی سەرکردایەتی بزووتنەوەکە بکەن. لە ساڵانی 1970دا بزووتنەوە کوردییەکانی باکووری کوردستانیان بە “ڕێکخراوی ڕیفۆرمخواز و سیخوڕ” ناساند و لە زۆر شوێن پەلاماری ڕێکخراوە کوردییەکانیان دا. لە ساڵانی 1980دا تیرۆر و هەوڵەکانی پەکەکە بۆ لەناوبردنی کەسایەتییە کاریزماتیکەکانی کورد لە ئەورووپادا پەرەی سەند. ئەم تیرۆرانە ئامانجیان ئەوە بوو کە ڕێگا بۆ عەبدوڵڵا ئۆجەلان و پەکەکە خۆش بکەن و بەهۆیانەوە کەسانی زۆر دیار و کاریزماتیک کرانە ئامانج. لە “فەرید ئۆزوون” سەرۆکی “دەنگی کاوە” هەتا “سەمیر چەتین گونگۆر” کادیری گرنگی پەکەکە و دواتر حیکمەت فیدان و ناسر (فاروق بۆزکورت)، بە دەیان کەسایەتیی پێشەنگ تیرۆر کران.

تیرۆرکردنی ئەو کەسایەتییە کاریزماتیکانەی کە وەکوو بەدیل دەردەکەوتن لەلایەن پەکەکەوە، تەنیا بە باکووری کوردستان سنووردار نەبوو؛ هەروەها لە ڕۆژئاڤاش ڕوویدا. تیرۆرکردنی “مەشعەل تەمۆ، سەرۆکی پارتی پێشڤەرۆی کوردانی سووریا و سیاسەتمەدارێکی کوردی ئوپۆزیسیۆن و بەهزات دورسون، ئەندامی پەدەکە-سە، چەند نموونەیەکی هەوڵەکانی پەکەکەن بۆ لەناوبردنی ئاڵترناتیڤەکان لە ڕۆژئاڤای کوردستاندا.

ئەم زنجیرە تیرۆرە ڕەنگدانەوەی سیاسەتێکی فاشیستییە بۆ چەسپاندنی دەسەڵات و خستنەڕووی ئۆجەلان وەک تاکە سەرکردەی کورد و بۆ ئەوەی کە هەموو ئوپۆزیسیۆن لە مەیدان وەدەر بنێت. پەکەکە چەک و دەسەڵاتی زۆرەملێی خۆی زیاتر لە دژی کۆمەڵگەی کوردی بەکارهێناوە نەک لە دژی دوژمنەکانی. هەرچەندە ژمارەی بەرێوەبەری قەزا و سەرکردەی پارتە تورکەکان و فەرماندە باڵاکانی تورکیا کە لەلایەن پەکەکەوە کوژراون زۆر کەمن، بەڵام ژمارەی ئەو کوردانەی کە پەکەکە کوشتوونی بە سەدان کەس دەبن.

شکستی ئەمڕۆی پەکەکە نە ئەم زنجیرە کوشتنە لەبیر دەباتەوە و نە ڕێگاش فەراهەم دەکات کە ڕاستییەکانی ئەو تاوانانە بۆ ڕای گشتی ئاشکرا بکرێت. بەپێچەوانەوە دەبێ ئەو بابەتە کە چۆن پەکەکە کاریگەریی خۆی لەسەر کۆمەڵگەی کوردی دروست کرد و کاریگەرییەکانی سیاسەتی خۆی بۆ ژێردەستەکردنی خەڵک لە ڕێگای توندوتیژی و لەناو بردنی ئەو کەسانەی کە نەیتوانی ملکەچیان بکات، بە بەرفراوانی شرۆڤە بکرێت.

لە یادی 39 ساڵەی تیرۆرکردنی حوسێن عەلی ئاکاگوندوزدا، بە ڕێزەوە یادی دەکەینەوە و دەڵێین کە یادی ئەو وەک کەسایەتییەکی گرنگی گەلی کورد بەرز ڕادەگیرێت.

Share