ژنراڵ مەزڵووم و رۆژئاوا ئەزموونێکی دیکەی PKK – بەشی یەکەم

ژنراڵ مەزڵووم و رۆژئاوا ئەزموونێکی دیکەی PKK

بەشی یەکەم: لەژیر ساباتی “عەبدوڵڵا ئۆجەلان”دا قەندیل دێتە رۆژئاوا

بەو جۆرەی کە لە گۆڕانکاریەکاندا دەردەکەوێت، زلهێزەکان کار بۆ ئەوە دەکەن کە پرۆسە و قۆناخێکی نوێ لە رۆژهەڵاتی نێوەڕاستدا دەست پێ بکەن.بۆ ئەم مەبەستەش کارە سەرەتاییەکانی دروستکردنی هێزەکانیش دەستیان پێکردووەو دەکرێ بگوترێ سەنگەرە سەرەتاییەکان بنیاد نراون.  کەمێک جیاوازی و لێکترازانیش هەیە و بۆ چارەسەرکردنی پێویستیان بە کەمێکی دیکە ئارامبوونەوەی سووریا هەیە. هەربۆیە لە گۆرەپانی رۆژهەڵاتی نێوەڕاستدا، قەوارەی سیاسی کوردەکان و دامەزراوە سیاسیەکانی کورد پێویستی بە هاوئاهەنگی و هاوسەنگی هەیە. لە ساڵی 2013دا دوو هەوڵی جیددی بێ ئەنجام مانەوە. رێکەوتنی هەولێر و دهۆک لەبەر چەند هۆکارێک سەریان نەگرت. بەڵام لە ئیستادا بۆ دانیشتنی سێهەم، چاوپێکەوتن و هاتوچۆکان دەستیان پێکردووە.

پەیەدە و ئەنەکەسە؛ ئەکتەرە دیارەکان

هاوکاری کردنی هەر دوو ئەکتەری دیاری رۆژئاوای کوردستان واتە پەیەدە و ئەنەکەسە، کاریگەرییەکی بنەڕەتی لە سەر رۆژئاوای کوردستان دادەنێت و دەکرێ بناخەی دامەزراندنی کیانێکی نوێی لەو بەشەی کوردستان، لەسەر دابنرێت. هەروەک چۆناوچۆن پرۆسەی رێکەوتنی نێوان پارتی دیموکراتی کوردستان و یەکێتی نیشتمانی کوردستان کە لەساڵی 1998 و لە واشینگتۆن واژۆ کرا، لە رۆژئاواش ئەو پرۆسەیە دەستیپێکردووەو بەڕێوە دەچێت. لە پەیمانی واشینگتۆندا بۆ یەکەمجار بوو لە سەدەی بیستەمدا کە لە ئاستی نێودەوڵەتیدا قەوارەیەکی سیاسی بۆ کوردەکان قبووڵ دەکرا و لە ئەنجامی ئەو پەیمانەش بوو کە قۆناخی دامەزراندنی هەرێمی باشووری کوردستان دەستی پێکرد. پەیمانی نێوان پەیەدە و ئەنەکەسەش، دەتوانێت دەسکەوتی گەورەتر لە هاوپەیمانی نێوان پارتی و یەکێتی بۆ کورد دروست بکات، چونکە دۆخی ئێستای کورد لە ساڵی 1998 باشترە، کورد ئێستا لەباری سیاسی، ئابووری و دیبلۆماسیدا ئەزموونی زیاتری بەدەستهێناوەو لە کۆدی پەیوەندی و هاوکێشە نێودەوڵەتیەکان باشتر تێدەگات. ئەگەرچی هێندێ لایەن هەوڵ دەدەن کە حکوومەتی هەرێم وەکوو حیزب و کۆمەڵەیەک پیشان بدەن و چووکی بکەنەوە، بەڵام ئەوانەی کە لە ئەدەبیاتی سیاسی تیدەگەن دەزانن کە دۆخەکە بەوشێوەیە نیە و هەرێمی باشووری کوردستان قەوارەیەکی سیاسیی گرنگە کە شەرعییەتی ناوخۆیی و ناوچەیی و نێودەوڵەتیی هەیە.

هەبوونی حکوومەت و سەرۆکایەتی هەرێمی باشووری کوردستان، ئەو سیستەمەی لەناو برد و پووچەڵی کردەوە کە مافەکانی کورد ئینکار و حاشا لە کوردستان دەکرد. بە دروستبوونی قەوارەی سیاسی لە رۆژئاوای کوردستان، کورد دەبێتە خاوەن پێگەیەکی گرنگ و وەکوو پەرگاڵێکی نێودەوڵەتی خۆی دەچەسپێنێت. کورد دەرفەتێکی ئاوەهای لەبەردەمدایە، هەر بۆیە پێویستی بە پەیمانێکی هاوبەش هەیە. بەربەستی بەردەم هاوپەیمانەتیەکی وا و گرفتەکانی سەر رێی کەڵک وەرگرتن لەو دەرفەتە زۆرن، جگە لە داگیرکەران گرفتە نێوخۆییەکانیش رێگرن.

پەکەکە سیستەمێکی تۆتالیتارە

گرفتی هەرە گەورە لە بەردەم رۆژئاوا، سەرکردایەتی پارتی کرێکارانی کوردستانە. سیستەمی بەڕیوەبەریی پەکەکە لەبواری ریکخراوەییەوە، زۆر توندەو هیچ مەجالێکی بۆ چالاکی دیکە نەهێشتۆتەوە. سیماو کەڤەری رێبەرایەتی پەکەکەش هەموو گرووپی ئەنقەرەن، وەکوو “جەمیل بایک”، “دوران کاڵکان”، “مستەفا قەرەسوو” و “عەلی حەیدەر قەیتان”، ئەو گرووپە پیگەیەکی زۆر کاریگەر و تۆکمەیان هەیە. بە هاوکاری و زەختی عەبدوڵڵا ئۆجەلان، هەریەک لە موراد کارایالان و “رەزا ئاڵتوون”ـیش بوون بە بەشێک لەو گرووپە.

ئەگەرچی پەکەکە باس لە دیموکراسی، بەڕێوەبەرایەتی جەوهەری، خۆیی بوون، ئازادیی ناوچەکان و زۆر شتی دیکەش دەکات بەڵام بەرنامە و پێڕەوی نێوخۆیی پەکەکە و دامەزراوەکانی سەر بەم حیزبە، جیاوازیی بنەڕەتییان لەگەل ئەم چەمکانەدا هەیە. سەرجەم بڕیارەکان ئەو 5 کەسە دەریدەکەن کە ئاماژەمان پێکردن. لە دەرەوەی ئەو گرووپە هەموو رۆڵی جێبەجێکاری فەرمانەکانیان هەیە.

ئەگەر پەکەکە وەبیری مابێت، لە سەدەی 21دا هێندێک چەمک و دەستەواژەی دروست کردن وەکوو رێبەرایەتی جەوهەری، خۆجێی و … هاوکات بە رەخنە گرتن و هێرش کردن بۆ سەر پرۆسەی بەدەوڵەت کردنی کوردستان و پرسی سەربەخۆیی کوردەکان، هەموو هەڵی خۆیان دەدەن تاوەکوو رێگا نەدەن کورد دەوڵەتی سەربەخۆی هەبێت. بە رواڵەت رەخنەی توند لە سانترالیزم و ناوەندگەرایی و مەرکەزیەت دەگرن، بەڵام لە واقیعدا پەکەکە لە سیستەمی بەڕێوەبەرایەتی خۆیدا بە توندی رەچاویان دەکات. سیستەمی بەڕێوەبەرایەتیەکەی وەکوو هی راهیبەکان بەڕیوە دەچێت. راستە کە پەکەکە دەوڵەت نیە بەڵام سیستەمەکەی بەتەواوی تۆتالیتاریستیە و بەداخەوە ئەوە واقعی پەکەکەیەو سەلمێندراوە.

پەکەکە بەردەوام و لە هەموو جێگایەک باس لە بەڕێوەبەریی ناوچەیی دەکات بەڵام لە کرداردا بۆخۆی حیزب و رێکخراوی پاشکۆی خۆی بۆ سەرجەم پارچەکانی دیکەی کوردستان دامەزراندووەو سەرجەمیشیان لە قەندیلەوە ئیدارە دەکرێن و بەڕیوەدەبرێن. پەکەکە بە پێی بەرژەوەندیی خۆی تەعامول لەگەڵ ئەو ریکخراوانە دەکات و بەکاریان دێنێت، هەرکات بە پیویستی بزانێت دەیانهینێتە پێش و هەرکاتیش کەیفی لێبێت دەیانکێشێتە دواوە. بۆ نموونە لە ساڵی 2010 لەبەر بەرژەوەندی خۆی ناوی لقی رۆژهەڵاتەکەی لە “پارتی ژیانی ئازادی کوردستان”، (پژاک) ـەوە بۆ “کۆمەڵگای دیموکراتی و ئازادی کوردستان” (کۆدار) گۆڕی.

پەکەکە هاوکات لە رۆژئاواشدا هەر بەو شێوەیە جووڵاوەتەوە. بۆ هەموو کەس و هەموو شوێنێک داوای بەڕیوەبەرایەتی جەوهەریی دەکرد بەڵام بۆخۆی لە قەندیلەوە رۆژئاوای بەڕیوە دەبرد. پارتی کرێکارانی کوردستان بۆ بەرژەوەندیی رۆژئاوا تێنەدەکۆشا و لە راستیدا پەیەدەی وەکوو ئەجیندایەکی سیاسی بۆ بەرژەوەندیی خۆی بەکار دەهێنێت.

پەکەکە رۆژئاوای کوردستان وەکوو کەرەستەیەکی بازرگانی بۆ مەعامەلە لەگەڵ داگیرکەراندا بەکار دێنێت

پەیوەندیەکانی پەکەکە لەگەڵ ئێران و سوریا لە سەرەتاوە هێندێک قازانجی رواڵەتییان بۆ پەکەکە تێدا بوو. بۆ رۆژئاواش دیسان ئەو حاڵەتە دووپات بۆوە. لە راستیدا پەکەکە رۆژئاوای وەکوو ئامێرێکی بازرگانی لەنێوان خۆی و ئیراندا بەکارهێنا. ئاپۆیش هەمان کاری کرد. بۆ نموونە کاتێک کە پرۆژەی چارەسەری لەگۆڕێدا بوو، عەبدوڵلا ئۆجەلان گوتی: “کۆبانێ من و هاکان فیدان، سەرۆکی “میت” رزگارمان کرد.” بەڵام هەموو کەس دەزانێت کە ئەوەی پشتیوانیی لە داعش کرد و پەلکێشی کۆبانێی کرد خودی دەوڵەتی داگیرکەری تورکیا بوو. لە واقێعدا سەرۆک ئاپۆ بۆخۆیشی رۆژئاوای کوردستانی وەکوو ئامێرێکی بازرگانی بۆ مامەڵە کردن لەگەڵ دەوڵەتی فاشیستی تورکیا بەکارهێنا.

پەکەکە بەڕیوەبەرییەکی چاودێریی بۆ رۆژئاوا پێکهێناوە. سەرکردە قەدیمیەکانی پەکەکە وەکوو سەرکردەی رێژیمیکی تۆتالیتارەکان لەبەرانبەر ئەندام و خەباتگێڕەکانی حیزبەکەیاندا لووت بەرز و خۆبەزلزانن. بەهێز بوونی تاکەکان بۆ خۆیان بە مەترسی دەزانن. هەربۆیە هیچکات بەهێز بوونی کەسانی دەرەوەی گروپی ئەنقەرە قبووڵ ناکرێت. ئەگەر کەسێک پێش بکەوێت و نزیک بێتەوە لەوەی کە هیز بگرێت، یەکسەر دەیشکێنن و لە پەراوێزی دەخەن. ئەمەش وایکردووە رێبەرایەتیەک بخوڵقێت کە رێبەرایەتییەکی ئایدیۆلۆجی سیاسییە. ئەوەش نەک لەسەر بنەمای دابەشکردنی ئەرک و کار، بەڵکوو ئەساسەکەی سنووردار کردنی تاکەکانە.

موفەتیشەکانی پەکەکە لە رۆژئاوا

لە رۆژئاوا سیستەمەکی چاودێری وەکووموفەتیش هەیە. پەکەکە ئەندامەکانی خۆی لەناو ئەو دامەزراوە بێ ناوانەی کە ئەرکی موفەتیشیان هەیە، جێخستووە. سەرجەم چالاکیی ماددی، دیبلۆماسی و پەروەردەییەکان، راستەوخۆ لەلایەن پەکەکەوە بەڕیوە دەچن.

لە بواری سیاسی و سەربازیشدا، ئەندامەکانی خۆی بەپێی بەرژەوەندیەکانی رێکخستوون و زۆربەی زۆریان خەڵکی باکووری کوردستانن. پەکەکە “سەبری ئوک” و “عەلی حەیدەر قەیتان”ی تایبەت کردووە بۆ ئەوەی ئەو کارانە جیبەجێ بکەن. لە هەموو چالاکیەکدا دەیانهەوێ رەنگی پەکەکەی پیوە دیار بێت. ئەو وێنانەی ئاپۆش کە لە رۆژئاوای کوردستان هەڵدەواسرێین هەمووی کاری ئەو گرووپی موفەتیشەیە، یەعنی بە توندی پەکەکە فەرز دەکرێت. ئەگەر مەزڵووم کۆبانێ بۆخۆشی بیهەوێت لەژێر کاریگەریی قەندیل دەربازی بێت، ناتوانێت. لەبەر ئەوەی بە کادیرەکانی پەکەکە دەورە دراوە.

ئایا رۆژئاوا دەتوانێت قەوارە و ئەجێندایەک بۆ داهاتووی خۆی دابمەزرینێت؟

ئەو سیاسەتەی کە رۆژئاوا وەکوو رێگای سێهەم گرتیە پێش بە هەموو قازانج و کەمووکوڕیەکەوە گەیاندوویەتیە ئەمڕۆ. ئێستاش پەکەکە لە لایەکەوە لە رێگای “مەزڵووم کۆبانێ”یەوە لە بەرزترین ئاستدا پەیوەندیەکانی لەگەل ئەمەریکدا پێشدەخات. هاوکات لەلایەکی دیکەوە جەمیل بایک لەگەڵ بەرەی روسیا لە پەیوەندی و جموجوڵدایە. بەڵام ئەو شێوە سیاسەت کردنە ئیدی کاتی بەسەر چووە. پەکەکە ئیدی ناتوانێت لەگەڵ هەردوولا سیاسەت بکات و پیویستە لایەنی خۆی هەڵبژێرێت. ئەمەریکا سەر لەنوێ جێگیر کردنی هیزەکانی و مانەوەی لە سوریا دەستپێکردووە. پلانی هەیە کە بە فەرماندەیی مەزڵووم کۆبانێ سوپایەکی بەهێز ریک بخات و پڕ چەکی بکات و بە ملیاردەها دۆلار بۆ جیبەجی کردنی پلانە ستراتیجیەکانی لە ناوچەکە تەرخان کردووە. ئەمەریکا و هاوپەیمانەکانی ئەوەندە ساویلکە نین کە ئەو پلانە ستراتجیەی خۆیان بخەنە ژێر دەست پەکەکە یان بیخەنە ژێر دەست لایەنێک کە هەرکات کۆماری ئیسلامیی ئێران ئیرادەی کرد کۆنترۆڵی بکات. رۆژئاوا لە سەروبەندی جودابوونەوە نزیک بۆتەوە.

بەرێوەبەر و ئەندامانی ئەنجومەنی پەیەدە عەبدولکەریم سارۆخان رایگەیاند: “ئامادەکاریی زلهێزەکان بۆ 100 ساڵی داهاتوویەو ئێمە لەگەڵ ئەو واقێعە رووبەڕووین. ئەمەریکا و روسیا و وڵاتە ئەورووپیەکان، رۆژهەڵاتی ناوەڕاست دەربازی قۆناخێکی نوێ دەکەن. ئێمە وەکوو کوردەکانی رۆژئاوا ئەگەر نەتوانین خۆمان لەو پلانەدا جێ بخەین ئەوا ناتوانین لەو گۆڕانکارییە سیاسیاندا رۆڵمان هەبێت.” دیارە کە ئەم رەوشە لە رۆژئاوا بەشێوەیەکی جیددی تاوتوێ دەکرێت و گفتوگۆی دەربارەوە دەکرێت.

پەکەکە لە میدیاکانی خۆیەوە دەڵیت: “ئەنەکەسە ئەو هێزە نیە کە بتوانرێت پەیمانی لەگەڵ ببەسترێت و پەیان بەستن لەگەڵی، خیانەتە”. ئەو هەڵوێستەی پەکەکە دەریدەخات کە رۆژئاوا لە لێواری جودابوونەوەیە.

لە بەشی دووەمی ئەم زنجیرە وتارەدا هەوڵ دەدەین باس لە ئامانجەکانی راگەیاندنی پەکەکە لەم قۆناخەدا بکەین و روونی بکەینەوە کە دەزگاکانی راگەیاندنی پارتی کریکارانی کوردستان دەیانهەوێ چی بکەن.

پوستێن ھەمان بەش