ژنراڵ مەزڵووم و ئەزموونی PKK لەگەڵ رۆژئاوا ـ بەشی دووەم

ژنراڵ مەزڵووم و رۆژئاوا ئەزموونێکی دیکەی PKK

ئایا گەلی رۆژئاوا بۆخۆیان ناتوانن بە ناسنامەی جەوهەری و هەرێمی خۆیانەوە لەسەر پێی خۆیان راوەستن؟

بەشی دوەم: میدیای پارتی کرێکارانی کوردستان بەتەمای چیە؟

رۆژئاوای کوردستان قوربانی زۆر گەورەی داوە بەڵام ئێستاشی لەگەڵدا بێت پاشەڕۆژیان ناڕوونە و لە دۆخێکی مەترسیداردان.

ئێرە رۆژهەڵاتی ناوەڕاستە، لیدەرێکی وەکوو قەزافی لە بن پێیاندا کوژرا و حکوومەتەکەی رووخا. ئەگەر ئێمە واقێعی ئەم ناوچەیە نەبینین و هەر بڵێین خەبات دەکەین و سەردەکەوین، ئێمە لە هەڵەداین. خەبات و بەرخۆدان زۆر پیرۆزو گرنگن بەڵام بەرخۆدان بە تەنها بەس نیە بۆ مسۆگەر کردنی سەرکەوتن. بۆ ئەوەی مرۆڤ بتوانێت سەرکەوتن بەدەست بێنێت و قازانج بکات، پێویستی بە شتی زیاتر هەیە.

پێویستە مرۆڤ راستگۆ بێت کە ئایا دەتوانێ سەرکەوتن بەدەست بێنێت بەسەر دوژمندا یان لە مەرحەلەیەکدا توانای سەرکەوتنی بەسەر دوژمندا نیە، ئەم مەسەلەیە پێویستە جێ بکەوێت. کاتێک دەزانرێ کە توانای سەرکەوتنت بەسەر دوژمندا نیە، ئەگەر دوژمن شەڕیشی پێ فرۆشتی پێویستە تۆ خۆت لەو شەڕە لا بدەیت. پێویستی بە سیاسەتێکی وا هەیە. بە پێچەوانە ئەگەر وەکوو پەکەکە هەموو ساڵ وەکوو ساڵی سەرکەوتنی ئیعلان بکات و بانگەوازی بەرخۆدانی بۆ دەکات و بەو تێگەیشتنەی خۆی رێگا پیشانی گەل دەدات و هانیان دەدات بێنە مەیدان، دەرئەنجامەکەی ئەبێتە ئەوەی کە ببێتە حیزبێک کە بەردەوام لە چیاکاندا تەنگەتاو دەکرێت و لە چالاکی سیاسیی سەردەمیانە و نێودەوڵەتی بێبەری دەبێت.

سیاسەت و ئیدارە کردن لەسەر شێوازی پەکەکە لە رۆژئاوا شکستی خواردووە

هەروەک دەبینرێت ساڵانێکە رۆژئاوای کوردستان بەپێی میتۆدی بەڕێوەبەریی پەکەکە ئیدارە دەکرێت، بەلام ئەوە بەتەواوی روونە کە سیاسەت و ئیدارە کردن لەسەر شێوازی کادیرەکانی پارتی کرێکارانی کوردستان و بەتایبەت کادیرەکانی گرووپی دامەزرێنەری پەکەکە “گرووپی ئەنقەرە” نجاحەتی نەهێناوە. دەرکەوتووە کە نە بە شرۆڤەکانی ئەوان لە بواری سیاسی و نە شیوازی بەڕێوەبەرییەکەیان لە بواری پراکتیکەوە، ناکرێ رۆژئاوا بەڕێوە بچێت. ئەوان بە باشی تێگەیشتوون کە بە ئەدەبیاتی حیماسی و زریق و بریقەدار وڵات بەڕێوە ناچێت. دەیانهەوێ سیاسەتێکی بنەڕەتی و راست و دروست بەکار بهێنن. گرووپی وا هەیە کە تەنها بە دروشمی حەماسی و بەرخودانی رواڵەتی رازی نابن بەڵکوو دەیانهەوێ سەرکەوتن مسۆگەر بکەن. لەو بارەوە کەسێک کە زیاتر لە هەمووان لە میدیا دەردەکەوێت، کەسێک وەکوو ژنراڵ مەزڵووم کۆبانێ “مەزڵووم عەبدی”یە کە ئێستا ناسراوەو ناوبانگی هەیە.

هەر شرۆڤەکردنێک کە رۆڵێکی لەڕادەبەدەر بداتە مەزڵووم کۆبانێ و پێی وابێت بەتەواوی خۆی لە پەکەکە جیا کردۆتەوە، شرۆڤەیەکی هەڵە دەبێت. لەبەر ئەوەی کە مەزڵووم کۆبانێ ساڵانێک لە سەرکردایەتی پەکەکەدا جێگەی خۆی هەبووە و لە ناو پەکەکە لەرووی پراکتیکی و سیاسیەوە پێگەیشتووە. لە ساڵانی سەرەتای دەستپێکردنی قۆناخی نوێی رۆژئاوا لە ساڵەکانی 2011 تا 2014دا، مەزڵووم کۆبانێ رۆڵیکی سەرکی و بنەڕەتیی لە پەراوێز خستنی ئەنەکەسە و حیزبەکانی دیکە کە سەربە پەکەکە نەبوون، گێڕاوە. واتە مەزڵووم عەبدی “شاهین جیلۆ” فریشتە نیە و ئەویش لەسەر خوانی پەکەکە گەورە بووە و ئەوە هەموو کەس دەیزانێت. سەرەڕای ئەو کارانە، هەموویان لەسەر هێڵی ئایدیۆلۆجیای پەکەکە و سیاسەتی جەمیل بایک و دەوروبەریەکانی دەجووڵێنەوە، کە ئەویش کوردەکان مەحکووم بە سیاسەت کردن لەچوارچێوەی پرۆژەکانی ئێران لە رۆژهەڵاتی ناوەڕاستدا دەکات. بەڵام مەزڵووم کۆبانێ و کەسانی دەوروبەری دەتوانن لەو خەتە خۆیان رزگار بکەن و بەمەش پشتیوانی زۆرێک لە هێز و لایەنەکان بەدەست دێنن کە دەتوانێ جەسارەت و توانایان پێ ببەخشێت.

مەزڵووم کۆبانێ لەناو کەسایەتی و لایەنەکانی سەرکردایەتی  باشووری کوردستانیشدا مەقبووڵە

بەر لە هەموو شت، ئەو هێزانەی کۆوالیسیۆن کە ئەمەریکا پێشەنگایەتیان دەکات، ئەگەرچی ناڵێین کە بەتەواوی بڕوای پێ بکرێت بەڵام زۆر کارو چالاکییان لەدەست دێت کە ئەنجامی بدەن. ئەوان دەیانهەوێ مەزڵووم عەبدی لە دەرەوەی سیاسەت و ئایدیۆلۆجیای پەکەکە بەرەوپێش ببەن. لە ناو هێزە کوردیەکانیشدا چ وەک حیزب و چ وەکوو کەسایەتی زۆرێک هەن کە باوەڕیان بە مەزڵووم کۆبانێ هەیە و ئامادەن هاوکاریشی بکەن. لە بەرانبەر ئەم دەستەواژە وشکەی کە پەکەکە پێوەی نووساوەو دەڵێ: “من نەبم ئێوە ناتوانن هیچ شتێک پێک بێنن”، مەزڵووم کۆبانێ هێندێک راوەستەی نەتەوەیی و هێندێک روانگەی تا رادەیەک واقیعبینانەی هەیە. لە ناو کوردەکانیش دا سەمپاتی و حەزلێکردنێکیشی دەستخستووە. وادەردەکەوێ کە لەناو کەسایەتی و لایەنەکانی سەرکردایەتی  باشووری کوردستانیشدا مەقبووڵە و جێ دەگرێت. لەنێوان مەزڵووم عەبدی و سەرکردایەتی باشوور، جگە لە سیاسەت، پەیوەندییەکی برایەتی و وەفاداریش هەیە، ئەگەرچی رەنگە جیاوازیان لەنیواندا هەبیت بەڵام لەبواری هەستەوە یەکێکن و هەست وحەزی نەتەوەیی هاوبەشیان هەیە. شتێک کە لەناو پەکەکەدا نیەو نەبوو لە راستیدا ئەو هەستی هاوبەشی نەتەوەییەیە. لەناو پەکەکە و لایەنەکانی سەر بە پەکەکە هیچ هەست و سۆزێک بۆ بەرژەوەندیی کورد نەمابوو، هەربۆیە حکوومەتی هەرێمی باشووری کوردستان و مەزڵووم کۆبانێ پێوەندییەکانی نێوانیان پەرە پێ دەدەن.

میدیای پەکەکە هەڕەشە لە ئەنەکەسە دەکات یان لەراستیدا هەڕەشەی لە رۆژئاوای کوردستان کردووە؟

کەسایەتی کاریزماتیکی مەزڵووم عەبدی، پاش ئەوەی کە رۆژئاوای وەکوو ناسنامەی رەسەنی خۆی دەبینێت، هیندیک لە دەوروبەریەانی بەتەواوی نیگەران کردووەو ئارامی لێ بڕیون. بەرپرسی میدیای پەکەکە “فەردا چەتین” لە رێکەوتی 9ی نیسان لەسەر پێگەی تایبەتی خۆی لە توویتەر، شتێکی بۆ رۆژئاوا نووسیوە کە ناوەڕۆکی تویتەکەی گرنگییەکی بەرچاوی هەیە. هەموو کەس وایدەزانی کە نووسینەکەی فەردا چەتین تەنها ئەنەکەسەی کردۆتە ئامانج، بەڵام نەخیر وەها نیە. ئەو روانگەیەی فەردا چەتین وەکوو هەڕەشە بۆسەر رۆژئاوا بە گشتی خۆیان دەنوێنن. ئەوانەی لەگەڵ ئەنەکەسە چاوپێکەوتن دەکەن هەردووکیان لە کادیرەکانی رۆژئاوای پەکەکەن. ئەو تویتە نەک هەر بۆ سیاسەت و دامەزراوە و دامودەزگاکانی رۆژئاوای کوردستان بەڵکوو بۆ شەخسی مەزڵووم کۆبانێ خۆیشی بە هەڕيشە دێتە ئەژمار.

فەردا چەتین دەڵێت فەرەنسا و ئەمەریکا دەیانهەوێ کوردەکان یەکگرتوو بن، ئەگەر سەمیمیەتیشان هەبێت بەڵام ئەوە بە گرووپێکی وەکوو ئەنەکەسە پێک نایەت. تەنها ئەنەکەسە و ئەمەریکا و فەرنسا بوونیان نیە، بەڵکوو پەیەدەش بوونی هەیە. ئەوانەش هەموویان کادیری قەدیمی ناو پارتی کرێکارانی کوردستان بوون. بۆچی ئەوان نابێ لە سەرەوەی باس و ریکەوتنەکاندا بن. ئەوەی کە فەردا چەتین زۆری لێ قەڵسە ئەوەیە کە لەبەرچی پەکەکە لە سەرەوەی ئەم هەوڵانەدا بەشدار نەبێت. پەکەکە بۆخۆشی ئەمەی پێ هەزم ناکرێت کە لەناو پرۆسەکەو هەروەها لە ئاستی سەرەوی ئەم پرۆسەیە نەبێت. ئامانجیان ئەوەیە کە ئەگەر چاوپێکەوتنێک هەبێت و رێکەوتنێک هەبێت پێویستە پەکەکە تێدا بەشدار بێت و لە ئاستی سەرەوەش بێت. وەکوو دانوستان و چاوپێکەوتنەکانی ئوسلۆ کە “مستەفا قەرەسوو” هەبێت یان کەسێکی دیکە لە گرووپی دامەزرینەرانی پەکەکە حزووری هەبێت یان کەسێک وەکوو “سەبری ئۆک”  کە بە مەئمووریەت رەوانەی رۆژئاوا کراوە، بەشدار بێت.

بەڵام ئەوان رەخنە لە هەموو کەس دەگرن و دەڵێن دوکان ئەگەر بچووکیش ببێتەوە کێشە نیە بەڵام بەو مەرجەی هی من بێت. یان لەوانە خراپتر فەردا چەتین دەڵێ ئەوە یان تۆ یان منی یان تۆ یان ئاخی ساردی. مادام هیچ حیزبێکی دیکە نیە کەواتە ئەم یەکیەتیەش سەرناگرێت، یەعنی راستەوخۆ دەڵێت ئەگەر پەکەکەی تێدا نەبێت هیچ هیواو بەرنامەیەک بە یەکیەتی نێوان کوردەکان نابێت.

فەردا چەتین بەناوی کەسێکی ئاساییەوە قسەی نەکردووە، ەو کەسێکی گرنگی ناو پارتی کرێکارانی کوردستانە، ئەو لەناو پەکەکەدا بەرپرسیارەتیەکی گرنگی هەیە. ئەو بەڕیوەبەر و کۆردیناتۆری سەرجەم دامو دەزگاکانی میدیایی پەکەکەیە. ئەگەرچی بەڕیوەبەرایەتی پەکەکە لە ئاستی بەرزتر بەڕیوەی دەبات بەڵام ئەویش بۆخۆی زۆر سەرکردەی دیکە ئیدارە دەکات. نووسین و لێدوانی فەردا چەتین مانای نووسین و لیدوانی مستەفا قەرەسوو دەگەیەنێت. پەکەکە وەکوو پێشتر و رێکەوتنی ساڵی 2011ی هەولێر و هەروەها رێکەوتنی ساڵی 2014ی دهۆک، دەیهەوی ئیدارەکەی لەدەستی خۆیدا بێت، بەقازانجی خۆی بجووڵیتەوەو بیکاتە پردێک بۆخۆی تاوەکوو هیندی بەرژەوەندیی حیزبیی خۆی دەستەبەر بکات. دەیهەوێ پرۆسەکە بخاتە ژێر کۆنترۆڵی خۆی و هەروەخت کاری پێی نەما و حەزی کرد، تێکی بداتەوە. ئەمجارە دۆخەکە جیاواز دەبێت و رۆژئاوا قوربانیی زیاتری لێدەکەوێتەوە.

ئۆجەلان: ئەوانەی بەچاوێکی خراپ لە من بڕوانن، خیانەتکارن

هۆشداریی لەلایەن عەبدوڵڵا ئۆجەلانیشەوە هات، ئەو هۆشداریە بۆ ئەوە بوو کە بەڕێوەبەرایەتی رۆژئاوا خۆی لە مەرکەزییەتی حیزبە چەقبەستووەکە جودا نەکاتەوەو هەوڵ نەدات گەلی رۆژئاوا ناسنامەیەکی جەوهەری تایبەت بەخۆیان هەبێت. هۆشدارییەکی لەوچەشنە لەلایەن عەبدوڵلا ئۆجەلانەوە هات.

عەبدوڵڵا ئۆجەلان لە رێکەوتی 27ی نیسانی ئەمساڵ، پاش 21 ساڵان رێگای پێدرا پەیوەندییەکی تەلەفۆنی لەگەڵ بنەمالڵەکەیدا ساز بکات. لەو پەیوەندیە تەلەفۆنیەدا هەم لە ناوەڕۆکی نووسینەکەی و هەمیش لە لێدوانێکی محەممەد ئۆجەلاندا، دەردەکەوێت کە ئەو قسانەی ئاپۆ لەسەر رۆژائاوا زۆر گرنگ و سەرنجڕاکێشن. گرنگترینیان ئەو هەڵسەنگاندنە بوو کە ئۆجەلان بۆ رۆژئاوا کردی. ئۆجەلان دەڵێت هێندێک کەس لە ناو هێزەکەی ئێمەدا بوونیان هەیە کە بە چاوێکی خراپ لە من دەڕوانن، دەتوانن بەو شێوەیە لە من بڕوانن بەڵام رۆژێک دێت کە هەموو کەس بزانێت ئەمە پەنجا ساڵە من چی دەکەم. هەرشتێک لە دەستی من و هەڤالەکانم بێت ئێمە درێخی ناکەین، ئەگەر کەسانێک هەبن کە بەچاوێکی خراپ لە من بڕوانن، ئەوە لە رێگایەکی هەڵەدان و لەناو خیانەتدان و ئەو رەوشە بەوشێوەیە قبووڵ ناکرێت.

داری بن عابا

ئەو قسانەی ئۆجەلان وەکوو ئەوەیە کە لە بن عەباوە دار نیشان بدەیت، ئەو قسەیەشی کە دەڵێت فورسەتێک دیتە پێش کە من بتوانم وەڵام بدەمەوە مانای ئەوەیە کە دەرفەتی  زۆری بۆ وەڵامدانەوە لە بەردەستدان.

بە کورتی رۆژئاوای کوردستان، پێکهاتنی پەیەدە و ئەنەکەسە، لە روانگەی میدیاکانی پەکەکەوە وەکوو مەترسی سەیری دەکرێت. نیەتی پەکەکە وا دەریدەخات کە نایهەوێ رۆژئاوا بۆ گەلی رۆژئاوا بمێنێت. ئێستا با ئەو بابەتە وەلا بنێنین بەڵام ئایا گەلی رۆژئاوا بۆخۆیان دەتوانن بە ناسنامەی جەوهەری و هەرێمی خۆیانەوە لەسەر پێی خۆیان راوەستن؟

پوستێن ھەمان بەش