تێکەڵاوی هزری ئاپۆ لە پرسی “ژن، سێکس و ئازادی”دا

لە روانگەی ئۆجەلانەوە پیاو لە ئەزەلەوە"چاوچنۆک و دڵڕەق و فێڵبازە و تاڵانکارە"! ئەم تیۆرە لە ئەفسانەی ئاینی دەچێ وەک لەوەی شیکردنەوەی زانستی بدات بەدەستەوە.

لە روانگەی ئۆجەلانەوە پیاو لە ئەزەلەوە “چاوچنۆک و دڵڕەق و فێڵبازە و تاڵانکارە”، ئەم تیۆرە لە ئەفسانەی ئاینی دەچێ وەک لەوەی شیکردنەوەی زانستی بدات بەدەستەوە.

لە کتێبی “ژنۆفۆبیای ئۆجەلان” لە نووسینی “ئاسۆ کمال”

بەشی سێهەم

تێزی “ژنی فریشتە و پیاوی دڕندە”ی ئۆجەلان لە کتێبی “ژنۆلۆژیدا” دابەشکردنی ژن و پیاوە بەدوو جۆر لەسەر پشکی خێرو شەڕ. بێگومان لەو دابەشکاریەشدا خێر دەداتە پال ژنان و شەڕێش دەداتە پال پیاوان. بەڵام بۆ ئەوەی باشتر روون ببێتەوە کە بە چ شێوەیەک ئەم کارە دەکات، فەرموون تا تێزەکانی ئۆجەلان زیاتر شی بکەینەوە:

ئۆجەلان دەڵێت: “کلتوری ژن – دایک ، لەم کلتورە سەرەتا شێوازی کۆکردنەوەی بەرهەم، دواتریش بەرهەمهێنانی دانەوێڵە پەیڕەو دەکرێت، ئەمانەش چالاکی ئاشتیانەن و پێویستیان بەشەڕ نییە. هەرچی چالاکی نێچیروانی پیاوانە پێویستی بە کلتوری شەڕە و پشت بە دەسەڵاتێکی توند دەبەستێ. لەئەنجامدا “پیاوسالاری” دروست بووە. بەڵام ئەم بۆچونە تەواو پێچەوانەی زانستە. چونکە بەپێی لێکۆڵینەوە زانستیەکان لەسەر پەیدابونی مرۆڤ و پەیوەندی کۆمەلایەتی نێوان ژن و پیاو، ئەم دوبەشە لەسەرەتاکانی کۆمەڵگەی مرۆڤایەتیدا پێکەوە و یەکسان دەژیان. یەکسانی ژن و پیاو دەوری گرنگی بوە لە ” گۆڕانکاری گرنگ لە ڕێکخستنی کۆمەڵایەتی ،لەوانە پەیوەندی – جوت بوون، گەورەیی ئێمە، مێشکی کۆمەڵایەتی وزمان، کە مرۆڤەکان دەناسێنێ”.

ئەم یەکسانیە، وەک هۆبێرت بانکرۆفت دەڵێ؛ بەهۆی ئەوەوە بوە کە “ئابوری ماڵ لەسەر بنەمایەکی کۆمۆنیستی بەڕێوە دەچوو..ئەوەی پێکەوە دروست دەکرا و بەکاردەهات موڵکی هەموان بوو: خانوو،بێستان، قایاغی درێژ.” بۆنمونە؛ “لەلای هایدیەکان ماڵی ئەوتۆ هەبون ، کە نزیکەی لە 700 کەس پێکهاتبون و یەک سەربانیان بەسەرەوە بوە. لەلای نوتکاکاندا چەندین هۆز لە ماڵێکدا دەژیان.”

ئۆجەلان ئەم تێزەی تەنها بۆ ڕاکێشانی سەرنجی ژنان دروست کردووە

ئەم مێژووە دەیسەلمێنێ کە ئەفسانەی ڕەگەزگەرایی “فریشتەیی” ژن و “دڕندەیی” پیاو نەک هیچ بنەمایەکی زانستی نیە، بەڵکو “بە پێچەوانەوە “پیاوی “دڕندەی” جەنگاوەرو نێچیرەوان قایل بوو بەوەی، کە ژنەکەی لە پلەوپایەی یەکەم دایە و خۆی لە پلەوپایەی دووەم دایە، بەڵام پیاوی شوانکارەی “نەرمونیان”، پشت ئەستوور بە سامانەکەی، خۆی خستە پلەی یەکەمەوە و ژنەکەی وەلانا بۆ پلەی دووەم”. کەواتە شەڕەنگێزی و ستەمکاری پیاو خەسڵەتی ئەزەلی و سەرەتایی پیاو نەبوە و لە ئەنجامی گۆڕانکاری ئابوری و کۆمەڵایەتی لە کۆمەڵگەی مرۆڤایەتیدا هاتۆتە ئاراوە.

نێچیرەوانی پیاوانە ناتوانێ وەڵامی ئەو پرسیارە بداتەوە کە، بۆچی کاتێک پیشەی پیاوان بوە بە کاری شوانکارەیی و جوتیاری و کرێکاری،کەچی ئەم کلتورە توندوتیژە وەک خۆی ماوەتەوە، لەکاتێکدا ئەم پیشانە هیچیان وەک نێچیرەوانی توندوتیژی تیابەکارنایەت؟

هەربۆیە ئۆجەلان دواتر پەنا دەباتە بەر تێزێکی تر کە دەڵی؛” پیاوی بەهێز لەڕوی فسیولۆجیەوە فێڵ و درۆ و تاڵانی کردوە بۆیە توانیویەتی باوکسالاری بسەپێنێ”. هەروەها ئۆجەلان دەڵێ؛ “یەکەمین ڕێکخستنی توندوتیژی “پیاوی بەهێز” بووە، “کەتەنیا ئاژەڵەکانی نەخستە تەڵەزگەوە، ئەوەی دەستی بەسەردا گیرا خودی ژن، مناڵەکانی و خزمەکانی دیکەی خوێنی بوون. ئەو شەرمەزار کردنەی بەردەوامی پیاوان لەلایەن ئۆجەلانەوە لەڕووی دەروونناسیەوە نیشانەی ئەوەیە کە ئۆجەلان گرێ و نەخۆشیی دەرونیی هەیە. بە کورتی ئەوکەسەی بیهەوێت لەسەر شەرمەزار کردنی رەگەزی خۆی بژیت، جگە لە کەمایەسی دەروونی هیچ هۆکاریکی دیکەی نیە.

لە روانگەی ئۆجەلانەوە پیاو لە ئەزەلەوە “چاوچنۆک و دڵڕەق و فێڵبازە و تاڵانکارە”!

ئەم تیۆرە لە ئەفسانەی ئاینی دەچێ وەک لەوەی شیکردنەوەی زانستی بدات بەدەستەوە. لای ئەو پیاو بەوەی لەناچاری و بۆ پێویستی مانەوە بو بە نێچیرەوان، ئیتر لەوکاتەوە کلتور و ئەخلاقی توندوتیژ بوە بە پەڵەیەکی نەنگی و لێی نابێتەوە. بێگومان زانست دەمێکە وەڵامی ئەم لیکدانەوە خورافیانەی داوەتەوە، کە “چاوچنۆکی و دڵڕەقی و فێڵبازی و تاڵانکاری”! سیفاتی هیچ ڕەگەزێکی ئینسان نیە. بەڵکو هەر تێروانینێکی ئەخلاقی و کلتوری مرۆڤەکان “هاوتایە لەگەڵ ڕادەی گەشەی ئابوری” و”ئەو پەیوەندیە عەمەلیانەی کە جێگای چینایەتیانی لێوە پێک دێت. ئەو تێزانەی ئۆجەلانیش جگە لە نوکتەو شتی بێ مانا هیچی دیکە نیە.!

بۆ بینینی بەشی دووەم لێرە کرتە بکە

پوستێن ھەمان بەش