تێکەڵاوی هزری ئاپۆ لە پرسی “ژن، سێکس و ئازادی”دا ـ 4

تێکەڵاوی هزری ئاپۆ لە پرسی"ژن، سێکس و ئازادی"دا ـ 4

تەفسیری ڕەگەزگەرایی ئۆجەلان بۆ هۆکارەکانی باڵادەستی پیاو، نیشانەی نازانستی بونی “ژنۆلۆژی”یەکەیەتی.

لە کتێبی “ژنۆفۆبیای ئۆجەلان” لە نووسینی “ئاسۆ کمال”

بەشی چوارەم

تێزی دوو ئابووری، ئابووری ژنی بەرهەم هێن و پیاوی تاڵانکەر!

ئۆجەلان دەڵێ: “هێزی دەستپێکردنی شۆڕشی کشتوکاڵی نیۆلیتیک و”شۆڕشی کشتوکاڵ و ئاژەڵداری لەچواردەوری ژن بووە”.

هەروەها ئۆجەلان دەڵێ: “خاوەنە ڕاستەقینەکەی ئابووری ژنە”.

“چالاکی نێچیروانی پیاوانە پێویستی بە کلتوری شەڕە و پشت بە دەسەڵاتێکی توند دەبەستێت.

دەشڵێت: “تایبەتمەندیە جەستەییەکانی پیاو زیاتر ناچاری ئەوەی دەکات لە شوێنە دوورەکان بەدوای نێچیردا بگەڕێت.”

سەرەتا نازانین ئۆجەلان ئەم مێژوەی لە چ سەرچاوەیەکەوە هێناوە کە دوو ئابووری هەبووە، یەکێکیان کشتوکاڵی ژنان و ئەوی تریان نێچیرەوانی پیاوان.

دەوری ژنان بەرهەم هێنانی دانەوێڵە بووە و دەوری پیاوان ڕاوکردن؟

ئەوەی زانست نیشانمان دەدات، سەرەتا کۆمەڵگە لە ڕاوچێیەتیەوە دەستی پێکردوە و دواتر کاری ئاژەڵداری وکشتوکاڵی هاتۆتە ئاراوە. لەکاتێکدا ئاژەڵداری و کشتوکاڵی بوەتە شێوازی سەرەکی ئابووری و بەرهەمهێنان ئیتر ژنان نەک سالار نەماون بەڵکو ژێر دەستە و پلەدوو بوون. با کەمێک ئەم دەورانە ئابووری و گۆڕانکاریانەی دەوری ژن و پیاو بەپێی زانستی بەردەست ڕوون بکەینەوە تا بیسەلمێنین کە تێزی “دوو ئابووری، کشتوکاڵی و ئاژەڵداری ژنان و نێچیرەوانی پیاوان”ی ئۆجەلان لەسەردەمی دایکسالاریدا هیچ بنەمایەکی زانستی نیە.

لای مۆرگان، کۆمەڵگەی مرۆڤایەتی بە سێ قۆناغدا تێپەڕیوە کە “دڕندایەتی ، بەربەری و شارستانیە”.

“دڕندایەتی- ئەو قۆناغەیە تێدا خاوەندارێتی بەرهەمە ئامادەکانی سروشت بەسەریدا زاڵە. ئەو بەرهەمانەی ئینسان دروستی دەکا بریتیە لەو کەرەستانەی کە یارمەتی دەدا بتوانێ بەرهەمە سروشتیەکانی دەستکەوێ” و “لە قۆناغی باڵای دڕندایەتیدا؛ ڕاوشکار بوو بە لقێکی ئاسایی کارکردن”، “بەربەریزم- دەستپێکی قۆناغی ئاژەڵداری و جووتیاری بوو، قۆناغی وەگیرهێنانی ڕێبازەکانی زیادکردنی بەرهەمە سروشتیەکان بوو بەهۆی چالاکی مرۆڤەوە”. ژیاریی(شارستانی)- ئەو قۆناغەیە تێیدا مرۆڤ فێری چارەسەرکردنی بەرهەمە سروشتیەکان بوو، یاخود کتومت قۆناغی هونەری پیشەسازی بوو.”

کەواتە مرۆڤەکان لەقۆناغی دڕندەییدا، یەک ئابووریان هەبوە کە لەسەری ژیاون ئەویش ڕاوەشکاری و ڕاوەماسی بوە و بەرهەمەکان خۆیان دروستیان نەکردوە بەڵکوو خۆیان تەنیا کەرەستەی ڕاوکردنیان دروستکردوە. “دابەشکردنی کار بە شیوەکی پەتی خۆڕسک و سروشتی بوو. پیاوان لەدارستان و ژنان لەماڵەوە. هەریەکەیان خاوەنی ئەو ئامڕازانەبون کە بەکاریان دەهێنا و دروستیان دەکرد. پیاو خاوەنی چەک و پێداویستیەکانی ڕاوشکاری و ڕاوەماسی بوو، ژنیش خاوەن کەرەستەکانی نێوماڵ بوو.”

بەپێی ئەو یەکەمین کاردابەشکردنە سروشتیەی نێوان ژنان و پیاوان ، ژنان خاوەنی کەرەستەی نێوماڵ بوون. بەڵام بەرهەمی ئەم ڕاوەشکاریە لە نێو هۆز و خێڵەکاندا بە شی خۆراکی خۆیان و مانەوەیانی دەکرد ، بەرهەمێکی زیاد لە پێداویستی خۆیان کەڵەکە نەدەبوو تاکو بۆ گۆڕینەوە بەکاری بهێنن، هەربۆیە هەموو لە سەر بەرهەمی ڕاوەشکاری بەیەکسان دەژیان و یەکسانی لەنێوان ژن و پیاودا هەبوە.

ئەگەر ئەم تێزەی ئۆجەلان ڕاست بێت دەڵێ: ” لەبەرئەوەی پێگەیاندنی دانەوێڵە و دەستەمۆ کردنی ئاژەڵەکان بەگرانی گرێدراوی هزر و پراکتیکی ژن بووە. ئەمە ڕێگای وای کردەوە ببێتە خوداوەندە دایکی تەواوی ئەو بەرهەمانە”.

واتە ئەگەر بەپێی ئەم تێزەی ئۆجەلان بێت کاتێک یەکسانی نێوان مرۆڤەکان و یەکسانی نێوان ژن و پیاو نەماوە لە ئابووری ڕاوەشکاریدا، ئەوا ژنان لە ئابووری ئاژەڵداری و کشتوکاڵیدا باڵا دەست بوون و پیاو ژێر دەست بووە.! ئۆجەلان بۆ ئەم ئابووریە فێمێنستیە هیچ سەرچاوەیەکی زانستی ئاماژە پێنەداوە.

ئێمە سەرچاوەیەک شک نابەین کە بڵێ ژنان کاری کشتوکاڵ و بەرهەمهێنانی دانەوێڵەیان کردوە و پیاوان تەنیا نێچیرەوان بون. چونکە ئەگەر کاردابەشکردنێکی لەم چەشنە هەبوایە ئەوا ژنانی دەکردە خاوەن دەسەڵاتی ئابووری و داهاتی زیاتر لە بەرهەمی کاری نێچیرەوانی پیاوان و بەم پێیە پیاوان نەیان دەتوانی ژنان بکەنە ژێردەستە. بەپێچەوانەوە سەرچاوەکان پێمان دەڵێن سەرەتا مرۆڤ دەستی بەڕاوەشکاری کردوە و پاشان بە بەخێوکردنی مەڕوماڵات کردوە و دواتر کشتوکاڵی دۆزیوەتەوە. کاتێکیش مرۆڤ ئاژەڵداری و کشتوکاڵی کردوە ئابووری کۆمۆنیستی ،کە یەکسانی لە نێوان ژن و پیاودا هەبوە، هەڵوەشاوەتەوە و پیاوان بونە باڵادەست و ژنان بونەتە ژێر دەستە. واتە لە قۆناغی ئاژەڵداری و کشتوکاڵیدا پیاوان خاوەنی تەواوی ئەو بەرهەمانە بوون. لەدوای ئابووری کۆمۆنیستیەوە ئابووریەکی نایەکسان و پیاوسالاریمان هەیە نەک ئابووری فێمینیستی و ژنسالاری. لەگەڵ سەرهەڵدانی ئاژەڵداری و کشتوکاڵی باوکسالاری و موڵکایەتی تایبەتی جێگای دایکسالاری و موڵکایەتی گشتی دەگرێتەوە و ژنان نەک نابن بە خاوەنی تەواوی ئەو بەرهەمانە بەڵکو پیاوانن کە دەبنە خاوەنی تەواوی ئەو بەرهەمانە و هاوکات خاوەنی ژن و مناڵ و کۆ یلەی ماڵیش.

هۆکاری ئەمەش ئەوەیە کە لە قۆناغی بەربەریزمدا بەهۆی ئاژەڵداری و کشتوکاڵەوە دەگەین بەوەی مرۆڤەکان تەنیا لەسەر بەرهەمی ئامادەی سروشت ناژین بەڵکوو خۆیان بەرهەمە سروشتیەکان زیاد دەکەن. پێویستە لێرەدا لە دەوری گرنگ و میحوەری ئەم زیادبونی بەرهەمەی چالاکی مرۆڤ وردبینەوە،وە بزانین چ ئاڵوگۆرێک لە کۆمەڵگە و پەیوەندی کۆمەڵایەتی و جێگای ژناندا دروست دەکا و بەهۆی ئەم زیادبونی بەرهەمەوە موڵکایەتی ژن و پیاو چی بەسەر دێت؟

“هەندێک لەوهۆزانەی زیاتر پێشکەوتوبون-ئاریەکان وسامیەکان،لەوانەیە تۆرانیرەکانیش- لەپێشدا ماڵیکردنی مەڕوماڵات وپاشان بەخێوکردن وڕاگرتنیان کردبێتە لقێکی سەرەکی کارەکانیان. ئەوەش بریتیە لە یەکەمین دابەشبونی گەورەی

کاری کۆمەڵایەتی. هۆزە شوانکارەکان نەک لە هۆزە بەربەریەکانی تر بەرهەمیان زیاتر بوو، بەڵکو بەرهەمهێنانی هۆیەکانی ژیانیشیان جیاواز بوو. بەم شیوەیە گۆڕینەوەی کاڵاوشتومەک بۆ یەکەمین جار ڕەخسا”. کەواتە زێدە بەرهەم، دابەشکردنی کار و گۆڕینەوە دێنێتە ئارا کە پێشتر نەبوە. لە کاتێکدا لە ئاژەڵداری و کشتوکاڵیەوە زێدە بەرهەم و پێویستی بە هێزی نوێی کارکردن سەرهەڵدەدا، ئابووری کۆمۆنیستی دەگۆڕێ بە ئابووری کۆیلایەتی و کۆیلە دەبێ بە هێزی زیادکردنی بەرهەم و پەیوەندی کۆیلایەتی جێگای یەکسانی نێوان ئینسانەکان دەگرێتەوە. لە ئەنجامدا پەیوەندی نێوان ژن و پیاویش دەچیتە چوارچێوەی ئەم پەیوەندیە کۆمەڵایەتیەی کۆیلایەتی نێو کۆمەڵگەوە و “خاوەندارێتی مەڕوماڵات و جەڵەب لەگەڵ سامانە نوێیەکان شۆڕشێکیان بەسەر خێزاندا بەرپاکرد”.

“بەپێی نەریتی دابەشبونی کار لە نیو خێزانی ئەو ڕۆژگارەدا، مێرد دەبوایە خۆراک و ئامڕازە پێداویستیەکانی ئەو کارە پەیدابکات، کەواتە مافی خاوەندارێتی ئامڕازەکانی ئەو کارەی لە چنگ دابوو، کاتێک گرێی ژن و مێردایەتی هەڵدەوەشایەوە، پیاو ئەو ئامڕازانەی لەگەڵ خۆدەبردن، بەڵام ژنەکە دەفر و کەرەستەکانی نێوماڵی بۆ دەمایەوە. بەپێی دابونەریتی باوی کۆمەڵگای ئەو سەردەمە، مێرد خاوەن سەرچاوە نوێیەکانی خۆراک بوو، واتە ئاژەڵەکانیش، هەروەها لەدواییدا بوو بە خاوەنی ئامڕازە نوێیەکانی کارکردن، واتە کۆیلەکانیش بۆ ئەو بوون”.

لێرەدا ڕۆشن دەبێتەوە کە بەپێی هەمان دابەشکردنی کار لە نێو خێزان پیاوان دەبێتە خاوەنی تەواوی ئەو بەرهەمانە نەک ژنان. ئەم گۆڕانە لە موڵکدارێتی هۆزەوە بۆ موڵکدارێتی پیاوانی سەرۆکی خێزان دەبێتەهۆی گۆڕانی پەیوەندی کۆمەڵایەتی نێوان ژن و پیاو. بەم پێیەش”هەمان ئەو هۆکارەی پێشتر دەسەڵاتی ژنی لە نێوماڵ دەستەبەرکرد، واتە سنوربەندی لە بەڕێوەبردنی کاروباری نێوماڵ، ئێستاش هەمان هۆکار دەسەڵاتی پیاو لە نێوماڵدا دەسەپێنێت:کارەکانی نێوماڵ کە ژن دەیکەن، لەچاو کاری بەرهەمهێنەری پیاودا، کەم بایەخ بوون؛ کاری پیاوان لە هەموو شتێک بایەخدارتر بوو، بەڵام کاری ژنان تەنیا وەکو پاشکۆیەکی پوچەڵ ڕەچاوکرا”. کەواتە ژنان لە چاخی دڕندەیی مرۆڤایەتیدا، کە ئابووری بریتی بوە لە ڕاوەشکاری، کاری ناوماڵیان کردوە نەک کشتوکاڵ و ئاژەڵداری، وە کاتێک شوانکارەیی و کشتوکاڵ هاتۆتە ئارا ژن لەبەرئەوەی هەر کاری ناوماڵی کردوە کراوەتە پاشکۆی پیاو نەک خاوەنی هەموو داهاتی کشتوکاڵی و شوانکارەیی بوبێت. ئەمە نیشانی دەدا کە کاری ناوماڵی ژن لەم دوو قۆناغە جیاوازەدا دوو جێگای جیاوازی هەبوە بەهۆی گۆڕانی ئابووری کۆمەڵگەوە. لە قۆناغی دڕندایەتی تا ناوەڕاستی بەربەریزمدا، لە ژیانی هەرەوەزی هۆزە سەرەتاییەکاندا جێگا و ڕێگای بەرزی ژن و یەکسانی لەگەڵ پیاودا بەرهەمی گرنگی دەوری کاری ناوماڵ بوە، کە بونی پەیکەری خواوەندە ژنەکان لەپاڵ خوداوەندە پیاوەکاندا ئەم ڕاستیە دەسەلمێنێ.

جێگای ژن لە ئەنجامی زێدە بەرهەمی ئاژەڵداری و کشتوکاڵی لە پلەی خواوەندی یەکسانەوە دەبێتە کۆیلەی ژێردەستی پیاوی سەرۆکی خێزان. کەواتە بە پێچەوانەی تێزەکانی ئۆجەلان کە دەڵێ؛ “هێزی دەستپێکردنی”شۆڕشی کشتوکاڵ و ئاژەڵداری لەچواردەوری ژن شێوە کشتوکاڵی نیۆلیتیک ژنە”،  ڕاستیەکەی ئەوەیە کە “خاوەنە ڕاستەقینەکەی ئابووری ژنە”، لەمێژوودا شۆڕشی کشتوکاڵی و ئاژەڵداری لە دەوری موڵکدارێتی پیاو شکڵی گرتوە و پیاو بوەتە خاوەنە ڕاستەقینەکەی ئابووری. ئەم پێشکەوتنە ئابووریەی ئاژەڵداری و کشتوکاڵی “هەرەسهێنان بە دایکسالاری” بوو، کە “شکستێکی مێژوویی جیهانی بوو بۆ ڕەگەزی مێینە”.

لە ئابووری کشتوکاڵی و ئاژەڵداریدا چ دەورێکی ئابووری بۆ ژنان دەمێنێتەوە؟

ئۆجەلان دەڵێ: “ڕۆڵ بینینی ژن لە سەنتەری ئابووریدا خاسیەتێکە دەرکی پێدەکرێت”.

ئەمەش پێچەوانەی ڕاستیە چونکە منداڵی دەبێت و بەخێوی دەکات. ئۆجەلان کە ئیدعای ئەوە دەکا کە “ئابووری پیشە و چالاکی کۆمەڵایەتی خودی ژنە”. ئابووری کورت دەبێتەوە بە ئابووری دروستکردنی مناڵ و بەخێوکردنی و ئەم ڕۆڵە بە سەنتەری ئابووری دادەنێ. ئایا ئەگەر ئەم دەوری دروستکردنی مناڵە ژن بە پەراوێزخستنی ژن دابنێین چی لەو تێزەی “ئابووری پیشە و چالاکی کۆمەڵایەتی خودی ژنە” ی ئۆجەلان دەمێنێتەوە؟ بۆچی ئەگەر ئابووری بەپێی دابەشکردنی ڕەگەزی لە ئەزەلەوە بە ژن بەخشراوە ئەم دەورەی ژن لە ئابووری ئاژەڵداری و کشتوکاڵی دەورانی کۆیلایەتی و دەرەبەگایەتیدا لە کوێ دایە؟ ئایا وایە ئەگەر پیاو، بەپێی تێزەکانی ژنۆلۆژی بەهۆی ڕەگەزەکەیەوە “هیچ ڕایەڵەیەکی سروشتی لەگەڵ ئابووریدا نییە” ئەی ئابووری و بەرهەمهێنان لە دەورانی کۆیلایەتی و دەرەبەگایەتی و سەرمایەداریدا چۆن لەلایەن پیاوەوە بەڕێوەبراوە و کۆنترۆڵ کراوە؟

ئاشکرایە ئۆجەلان ناتوانێ تێبگات کە لە ئابووری ئاژەڵداری و کشتوکاڵیدا ژن پەراوێز دەخرێت چونکە پێی وایە ئەم تەنیا ئەم جۆرە ئابووریانە سروشتین، هەربۆیە دەبێ ژن تیایدا باڵادەست بێت چونکە ژن ڕایەڵەیەکی سروشتی لەگەڵ ئابووریدا هەیە. بەڵام ئاشکرایە بە پێچەوانەی ئەم تێزەی ئۆجەلان لەم کتێبە ئەستوورەی ژنولۆژیدا کە دەڵێت: “خاوەنە ڕاستەقینەکەی ئابووری ژنە”، ژن لە ئابووری ئاژەڵداری و کشتوکاڵی دەورانی کۆیلایەتی و دەرەبەگایەتیدا ڕایەڵەیەی سروشتی لەگەڵ ئابووریدا نامێنێ و پیاو دەبێتە خاوەنەی تایبەت دەوڵەت بەم پێیە تێزی ژن بەرهەمهێنەرە و پیاو تاڵانکارە، تێزێکی ڕەگەزگەرایی سەراپا نازانستیە و هیچ بنەمایەکی مەعریفی و زانستیی نیە.

گۆڕینی موڵکایەتی لە موڵکایەتی هۆزەوە بۆ سەرۆکی خێزان بوە نەک لە موڵکایەتی ژنەوە بۆ پیاو، نەک وەک ئەوەی ئۆجەلان دەڵێ: “تەواوی ئەو بەرهەمانە” هی ژن بوە و پیاو دزیویەتی”.

تەفسیری ڕەگەزگەرایی ئۆجەلان بەوەی ئەم هۆکارانەی باڵادەستی پیاو، بەتایبەتمەندی فسیۆلۆجی و پێکهاتەی ماسولکەکانی پیاو، یاخود بە ئەخلاقی تاڵانکاری و درۆ و تەڵەکەبازی ئەم ڕەگەزە دابنێ، نیشانەی نازانستی بونی “ژنۆلۆژی”یەکەیەتی.

درێژەی هەیە…

بۆ بینینی بەشی سێهەم لێرە کرتە بکە

پوستێن ھەمان بەش