تێکەڵاوی هزری ئاپۆ لە پرسی “ژن، سێکس و ئازادی”دا ـ 5

ئۆجەلان بە ژنان دەڵێ: “پیاو زۆر لە خۆشەویستی دورە، دڵڕەقە و بێڕەوشتە، وەک ئەوە وایە لەناو قەفەسدا لەهێزی عەشق بێبەشە.” هاوکات بە پیاوانیش دەڵێ: “بوون لەگەڵ ژندا سوکایەتیە”.
لە کتێبی “ژنۆفۆبیای ئۆجەلان” لە نووسینی “ئاسۆ کمال”
بەشی پێنجەم
ژیانی سێکسی و عەشق
لەبەشی یەکەم و دوەمدا باسی نازانستی بونی تێزەکانی “ژنۆلۆژی”مان کرد سەبارەت بە ڕەگەزی ژن و پیاو و پەیدابونی خێزان و مافی دایکایەتی و باوکسالاری. لەم بەشەدا دەچینە سەر تێزەکانی ئۆجەلان لەسەر سێکس و عەشق. بەڕای من ناوەرۆکی “ژنۆلۆژی” یەکەی ئۆجەلان بۆ پاساوی قەدەغەکردنی سێکس لە ناو ڕیزەکانی پەکەکە دایە، لەم پێناوەدا تێزی جۆراوجۆری بەناوی زانستی ژنناسیەوە دروستکردوە کە لەڕاستیدا وەک خۆی دەڵێ بۆ ڕزگاربون بو لەو “بەڵایە کە لە ڕێگای ژنەوە بەسەر من و بزوتنەوەکەماندا کەڵەکە ببوو..زیادبونی ژمارەی کچە لاوەکان لە ڕیزەکانی بزوتنەوەکەمان دۆزینەوەی ڕێگە چارەیەکی ڕیشەیی بۆ کێشەی ئازادی ژن دەبوو بە ناچاریەک”.
“پیاو زۆر لە خۆشەویستی دورە، دڵڕەقە و بێڕەوشتە، وەک ئەوە وایە لەناو قەفەسدا لەهێزی عەشق بێبەشە.”
ئۆجەلان بە پیاویش دەڵێ: “بوون لەگەڵ ژندا سوکایەتیە”.
ئۆجەلان سەرەتا دەیەوێ بە دڕندەبونی پیاو بەهۆی ڕەگەزیانەوە ژن بەوە ڕازی بکا کە بونی لەگەڵ پیاو بە زیانی گیانی و ئازادیەتی”پیاو زۆر لە خۆشەویستی دورە، وە”وەک ئەوە وایە لەناو قەفەسدا دڵڕەقە و بێڕەوشتە، لەهێزی عەشق بێبەشە.” لەگەڵ پڵنگ بخەویت بەتایبەتیش دۆخی برسێتی و دیلی پڵنگەکەی ناو قەفەس لەوانەیە ڕێگا خۆشکەربێت کە پیاو بە شێوەیەکی کوشندە چڕنوکەکانی بەکاربێنێت.”
کۆمیدیای روانگەی ئۆجەلان لێرە زیاتر دەردەکەوێت کە هاوکات بە پیاویش دەڵێ: “بوون لەگەڵ ژندا سوکایەتیە.”من خۆم لە ژێر ئەم ستاتۆیەی لە ئارادایە ژیان لەگەڵ ژن، زۆر قێزەون، خراپ و هەڵەی دەبینم”.
دواتر، بەبێ هێنانەوەی هیچ بەڵگە و زانستێک، ژن دەکاتە خاوەنی ڕابردویەکی هەموو شۆڕش و داهێنانەکان و دروستکەری خیزان لە مێژووی مرۆڤایەتیدا، کە بەهۆی پیاوی چاوچنۆکەوە ئەم دەستکەوتانەی لێی دزراوە و هەربۆیە پێویستە ژن شۆڕش بکا و لە ئیستاشدا پەکەکە ئەو شۆڕشەیە و دەبێ بەشداری تێدا بکا. سەیر بکەن ئۆجەلان جارێک ژن بڵیند دەکات و دەیباتە ئاستی خوداوەندەکان و جارێکیش ژیان کردن لەگەڵ ژن بە قێزەون و پیس دەزانێت. ئەرێ بەڕاست ئەوە زانستە؟ یان تەخدیر کردنیە؟!
لە روانگەی ئۆجەلانەوە کاتێک ژن بڵێت: “من حەزم لە گرێدانی پەیوەندی لەگەڵ پیاوان هەیە، ئەوە دەبێتە هۆی سەرنەکەوتنی ئەرکە شۆڕشگێڕانەکانی”.
چارەسەری ئۆجەلان ئەوەیە کە ژن ؛ە ڕیزەکانی شۆڕشی پەکەکەدا دەبێ نەک بەتەنها بە جیا لە پیاو کاربکا، بەڵکوو”پێویستە ئەمە وەکو ڕاوەستەیەکی ئەخلاقی پەسند بکات کە بەبێ ڕزگاری و ئازادی ژن ناتوانن تەماشای یەکتریش بکەن.” بۆیە دەبێ تا ئەو شۆڕشە بە ئەنجام دەگا ژنان ببن بە ڕاهیب و لە پەرستگاکانی پەکەکەدا سێکس و پەیوەندی لەگەڵ پیاوان قەدەغەیەو “تەنانەت کاتێک ژن”دەڵێ ئارەزوم دروست کردنی پەیوەندیە لەگەڵ پیاوان ئەوە خیانەتکردن لە ئەرکە شۆڕشگێڕییەکان، چونکە لەو پەیوەندی بەستنە! ئاشکرایە کە ئەمە هەڵوێستێکی بێ شەرمانەیە و دەبێتە مایەی سەرنەکەوتن لە ئەرکە شۆڕشگێڕییەکاندا.!
ئۆجەلان دەڵێت: “پێویستە ژن ئارەزووی سێکسی بکاتە دیلی بلیمەتی سەردەم”.
واتە بەپێی خەیاڵ و ئەفسانەی ئۆجەلان “ئەگەر ژن لەسەر ئازادی سوور بێت، ئەوکات پێویستە بەرگەی ژیانێکی تەنیایی مەزن بگرێت”. بە وتەی ئۆجەلان ئەم ژیانەش “پێویستی بە ژیانی مێخوداوەند هەیە کەلەگەڵ کلتوری کۆنی مێخوداوەند هاوتابێت. یەکێک لە تایبەتمەندیەکانی مێخوداوەندێتی هاوسەرگیری نەکردنە کەواتە کاتێک ژن ئازاد دەبێت کە ببێت بە خودا کە بووش بە خودا ئیتر نابێت لەگەڵ پیاودا بێت”.
“ژن پێویستە سێکس لە ژیانی خۆیاندا قەدەخە بکەن، ئەگینا ناگەنە ئازادی”
بەم چەشنە قەدەغەکردنی سێکس لە ژنان لەناو پەکەکەدا پیرۆز دەکرێ و بۆ ئەو دنیایە هەڵدەگیرێ کە ژن دەبێ بە خواوەند. ئەم بۆچونە دینیە لەسەر گوناحی و پیسی سێکس لە “ژنۆلۆژیدا جەختی لەسەر دەکرێتەوە و ئۆجەلان دەڵێ؛” هەڵوێستی بەگومانی زۆربەی ئاینەکان بەرامبەر بەو پەیوەندیە (سێکسیە) مانادارە، پەیوەندی بەڕێخۆشکردن بۆ کەوتن، چەپەڵی و دەرکەوتن لە حەقیقەتەوە هەیە.”
بەکورتی ئۆجەلان پێی وایە “سێکس ئەو عەیبداریەیە کە ژن دەبێ لە خۆیانی قەدەغەبکەن ئەگینا بە ئازادی ناگەن”.!
پرسیار ئەوەیە لە روانگەی ئۆجەلانەوە کەی سێکس وەک مافێکی سر وشتی بۆ ژن و پیاو دەسەلمێنێ؟ ئایا کەی دەتوانێ ئەم ئازادیەی سێکس کردن دابین بکا؟
بێگومان وەڵامەکەی ئۆجەلان ڕۆشنە، ئەویش ئەوەیە دوای ئەوەی ژن گەیشتە پلەی مێخوداوەندی، ئیتر ئەوکاتیش خۆی ئامادە نابێت لەگەڵ پیاوێک کە پلەیەک لە خوار ئەوەوەیە هاوسەرگیری بکا.
چارەسەر چیە؟
لە روانگەی ئۆجەلانەوە پیاوی سەڵت بۆخۆی کۆیلەیەو بۆ ئەوەی لەو دۆخە دەربازی بێت پێویستە پایەی عاریفی بەدەست بێنێت.”
چارەسەر ئەوەیە کە ژن لەگەڵ پیاودا “هاوژیانی ئازاد” دروست دەکات بەڵام لێرەدا کێشەیەک هەیە ئەویش ئەوەیە کە لە روانگەی ئۆجەلانەوە پیاوی سەڵت بۆخۆی کۆیلەیەو بۆ ئەوەی لەو دۆخە دەربازی بێت پێویستە پایەی عاریفی بەدەست بێنێت.”
باش سەرنج بدەن بزانین بۆچی ئۆجەلان دەستەواژەی “عارف”ی بەکارهێناوە؟ عارف واتە کەسێک کە مەعریفەی ئیلاهی بەدەست بێنێت نەک زانست یان تەنانەت “ژنۆلۆژی”، کە بۆخۆی نووسیویەتی. ئەو داخوازە رەنگە بۆ ئێوە سەیر بێت، بەڵام بۆ ئەوەیە کە پیاویش وەکوو ژن دەبێت بە پرۆسەی خواوەندێتیدا تێپەڕێت کە پلەی پیاو پلەیەک لە خوارترە. لە روانگەی ئۆجەلانەوە کە مرۆڤ بوو بە خوداوەند ئیدی لە هەموو عەیبداری سێکسی ڕزگاری بوە و ئیتر پێویستی بە سێکسی 24 سەعاتە نیە و ساڵی جارێک وەک سروشتی ئاژەڵەکان لەوانەیە پێویست بکا سێکس بکا ئەویش بێگومان دوای دەرچون لە پەیمانگای ڕاهیبی و عاریفی و ڕێگرتن لە هاوسەرگیری لەگەڵ پیاودا. ئەم خێزانە پیرۆزەی مێخوداوەند و نیمچە خوداوەندی نێر بەبی سێکس دەچێتە پێشەوە”.
ئەمە زانستەکەی ئۆجەلانە کە لە سەدەی 21دا بۆ چارەسەر کردنی پرسی عەشق و سێکس دەیهەوێت مرۆڤەکان بکاتە خوداوەند.! بۆ دەبێ ” لەکوردستانی ئەمڕۆماندا” عەشق لە هەموو دنیای کۆمەڵگەی مرۆڤایەتی جیابێت؟!
بۆ بینینی بەشی چوارەم لێرە کرتە بکە