پەکەکە لە پشت سووتاندنی بازاڕەکانی دهۆک، هەولێر و کەرکووکەوەیە

لەو 3 کەسەی دەستگیر کراون، دوو کەسیان ئەندامی یەکەی 70 و یەکەی دژەتیرۆری سلێمانی سەر بە یەنەکەن.

وەزارەتی ناوخۆی عێراق ئەمڕۆ دەستبەسەر کردنی ژمارەیەک تاوانباری ڕاگەیاند کە دەستیان هەبووە لە سووتاندنی بازارەکانی هەرێمی کوردستاندا و دەڵێ: “ئەو بازاڕانە لەلایەن ئەندامانی پەکەکەوە ئاگریان تێبەردراوە”.   

میقداد میری، گوتەبێژی وەزارەتی ناوخۆ و شانەی ڕاگەیاندنی ئەمنیی عێراق، ئەمڕۆ دووشەممە 1/7/2024، لە کۆنفرانسیکی ڕۆژنامەوانیدا ڕایگەیاند: “ئەو کەسانەی کە بە تۆمەتی سووتاندنی بازارەکانی هەولێر، دهۆک و کەرکووک و ناوچەکانی دیکەی هەرێمی کوردستاندا دەستگیر کراون، ئەندامی پەکەکەن”.

ئاشکراشیکرد، سێ کەس دەستگیرکراون کە دوو کەسیان ئەندامی یەکەی 70 و یەکەی دژەتیرۆری سلێمانی سەر بە یەکێتی نیشتمانی کوردستان (یەنەکە)ن و گوتی: “ئەو کەسانە لە قەندیل و سلێمانی پەروەردە کراون و پەیوەندییان بە پەکەکەوە هەیە”.

میقداد میر، وتەبێژی وەزارەتی ناوخۆی عێراق ئاماژەی بەو ئاگرکەوتنانەوە کرد و ڕایگەیاند: “لە کۆتایی ساڵی 2023 و سەرەتای ساڵی 2024دا، بازاڕەکانی کەرکوک، دهۆک و هەولێر ئاگریان تێبەردران و دەرکەوت کە تۆڕێکی ترسناک لە پشت ئەم ڕوداوانەوەن”.

وەزارەتی ناوخۆی عێراق 3 تۆمەتباری چاوبەستراوی هێنایە بەردەم کامێراکان و میقداد میری گوتی: “ئەمانە ئەندامی گروپێکی ترسناکن کە پەیوەندییان بە پەکەکەوە هەیە و بەرپرسن لە ئاگرکەوتنەوەکاندا”.

ناوی دوو لەو کەسانە بریتین لە:

1ـ هونەر فەخرەدین ئەحمەد – بەرپرسی چالاکییە تیرۆریستییەکانی پەکەکە لە کوردستان، کە کارمەندی یەکەی 70یە.

2ـ محەممەد نەجات حەسەن – ئەفسەری دژە تیرۆری سولەیمانی سی تی جی، لەلایەن پەکەکەوە مەشقی پێکراوە.

تۆمەتباران لە کوێ دەستگیر کراون

گوتیشی: “ئۆپەراسیۆنی دەستگیرکردنەکە بە هەماهەنگییەکی بەرز ئەنجامدراوە، چونکە 2 لە تۆمەتبارەکان لە پارێزگای کەرکوک دەستگیرکران و تۆمەتبارێکی دیکەش لە پارێزگای دیالە دەستگیرکراوە”.

میری لە درێژەی لێدوانەکەیدا دەشڵێت: “دوای ئاگرکەوتنەوەکەی کەرکوک، دهۆک و هەولێر، تیمێک بە سەرپەرشتی محەمەد شەیاع سوودانی سەرۆک وەزیران و عەبدولئەمیر ئەل ـ شەممەری وەزیری ناوخۆ پێکهێنرا”.

تۆمەتبار بەمشێوەیە ئاگریان لە بازارەکان بەرداوە

گوتیشی: “ئەو ئاگرە بەشێوەیەکی وەها بەردراوەتە بازارەکان کە بە زەحمەت دەتوانرا سەرچاوەکەی بدۆزریتەوە کە ئەویش لە ڕێگەی دانانی جۆرێک لە هەویر لەناو پاکەتی شیریندا بووە کە یەکسەر ئاگر ناگرێت، بەڵکوو دوای چەند کاتژمێرێک هەویرەکە گڕ دەگرێت و ئاگرکەوتنەوەکە ڕوودەدات”.

وتیشی: “تیمەکە زانیارییان لەسەر تاوانەکە دەستخست و ئەو کەسانەی دەستیان لە ئاگرکەوتنەوەکەدا هەبوو، دەستگیرکران و دانپێدانانەکانیان تۆمارکراوە”.

سەرنجی خستە سەر ئەوەش کە: “لە کاتی دەستگیرکردنی تۆمەتبارەکان، دەستیان بەسەر ژمارەیەک ماددەی کیمیاییدا گرتووە کە پلانیان هەبووە هەندێ بازاڕ و شوێنی دیکەش بسووتێنن”.

پەکەکە پلانی دانابوو هێڵەکانی گواستنەوەی کارەبای هەولێر و هێڵی گواستنەوەی نەوتی جەیهانیش بکاتە ئامانج

بەگوێرەی دانپێدانانەکانی ئەو کەسانە، “پلانیان دانابوو کە دوو وڵاتی دراوسێی عێراقیش بکەنە ئامانج و هەروەها بۆری گواستنەوەی نەوتی “جەیهان”یش بکەنە ئامانج”.

میقداد میری، گوتەبێژی وەزارەتی ناوخۆ و شانەی ڕاگەیاندنی ئەمنیی عێراق ئاشکراشی کرد: “ئەوان پلانیان هەبووە کە بازاڕەکانی سەدر، و شۆرجە و ناوچەکانی دیکە و هەروەها هێڵەکانی گواستنەوەی کارەبای هەولێریش بکەنە ئامانج”.

ئامانج زیانگەیاندن بە نان قووتی خەڵک بووە

لە کۆنگرە ڕۆژنامەوانیەکەدا هێمن میرانی، بەڕێوبەری گشتی دیوانی وەزارەتی ناوخۆی هەرێمی کوردستانیش ڕایگەیاند: “مەبەست لەم ئاگرکەوتنەوانە، تێکدانی ئابووری خەڵک و هەروەها زیانگەیاندن بە نان و قووتی خەڵکە و دەیانهەوێ بەمشێوەیە پەیوەندییەکانی نێوان خەڵک و حکوومەت تێکبدەن و خەڵک لە حکوومەت تووڕە بکەن”.

پەکەکە دەیهەویست گورزێکی کوشندە لە ئابووری کوردستان بدات

هێمن میرانی وتیشی: “ئەم تۆمەتبارانە لەلایەن پەکەکە تەجنید کراون و ڕاهێنەرانی چەکداریی پەکەکە لە تورکیا، سووریا و قەندیلەوە هاتوون و لە کفری، لە سلێمانی، لە سەنگەسەر ڕاهێنانیان پێیان کردوون بۆ ئەوەی ئارامیی کوردستان تێکبدەن. ئەوان زۆر پلانی مەترسیداریان هەبووە بۆ ئەوەی گورزێکی کوشندە لە ئابووریی کوردستان بدەن”.

لە ڕێکەوتی 10ی تیشرینى یەکەمی 2023دا سووتاندنی بازاڕەکان لە هەرێمی کوردستاندا دەستیپێکرد. یەکەمجار بازاڕی تورکمانەکان لە کەرکووک سووتا. دواتر لە شوباتی 2024دا بازاڕی لەنگەی هەولێر کە بە بازاڕی دەستە دووەم دەناسرێت، ئاگری تێبەربوو. دواتر بازاڕی “چەلێ”ی دهۆک کە بازاڕێکی هەرە بەناوبانگ و قەرەبالغە، سووتێندرا.

ئەو ڕیزە ئاگرکەوتنەوانە لە بازاڕە جیاجیاکانی کوردستان، گومانیکی گەورەی دروستکرد. سەرەتا بەرپرسایەتی ئەو ئاگرکەوتنەوانە خرایە ئەستۆی ڕێکخستنی “عەهدی مللی”، بەڵام دواتر دەرکەوت کە پەکەکە ئەنجامدەری سەرەکی ئەو ڕووداوانە بووە.

شایانی باسە دوای چەند ڕۆژێک لە ئاگرکەوتنەوەکەی بازاڕی “چەلی” دهۆک، پێگەی “دارکا مازی” لە ڕێگای سەرچاوە تایبەتەکانیەوە بۆی دەرکەوتبوو کە پەکەکە لە پشت ئەم ئاگرکەوتنەوەیە و ئاگرکەوتنەوەکانی دیکەی بازاڕەکانی هەولێر و کەرکوکەوەیە:

ئایا ڕێکخراوەی “عەهد ـ ی میللی” بازاڕی چەلێی دهۆکی سووتاند؟

پوستێن ھەمان بەش