پەکەکەی بەکرێگیراو، کلیلی هەموو هێرشە داگیرکارییەکانی تورکیایە لە بادینان و سەرانسەری باشووری کوردستاندا.
موراد قەرەیەڵان، سەرکردەی پەکەکە لە نوێترین لێدوانیدا زۆر بە ئاشکرا دەڵێ کە لە شەڕی ساختەی خۆیاندا لەگەڵ دەوڵەتی تورک بەردەوام دەبن و سوپای تورکیا زیاتر پەلکێشی “ناوچەی بادینان” دەکەن.
موراد قەرەیەڵان لە بەشی دووەمی چاوپێکەوتنەکەی لەگەڵ ڕۆژنامەی “یەنی ئۆزگور پۆلیتیکا”دا هەڵسەنگاندنێکی سیاسی بۆ ڕەوشی ئێستا کردووە و لە بەشێکی ئاخاوتنەکەیدا گوتوویەتی: “بادینان دەکەین بە گۆڕستانی ئەرتەشی تورکیا”. ئەمەش بەو مانایەیە کە لە داهاتوودا، داگیرکارییەکی نوێ دێتە ئاراوە.
ئەو بەڵێنانەی کە ئۆجەلان لەچوارچێوەی “میساقی میللی”دا بە دەوڵەتی تورکی داون
ئەو بەڵێنانەی کە عەبدوڵڵا ئۆجەلان لە چوارچێوەی “میساقی میللی”دا بە دەوڵەتی تورکی داون، ڕۆژ لە دوای ڕۆژ زیاتر ئاشکرا دەبن و جێبەجێ دەکرێن. پیلانە هاوبەشەکانی “ئیمرالی-میت” لە دژی باشووری کوردستان کە لە ڕێگەی گرووپی ئەنقەرە و قەندیلەوە پراکتیزە دەکرێن، هەتا ڕۆژی ئەمڕۆ بەردەوامن. ڕێکخراوی پەکەکە لەسەر بنەمای خزمەتەکانی ئۆجەلان بۆ میت، بەتەواوی بووەتە جێی متمانەی دەوڵەتی تورک لە باشووری کوردستاندا.
لە 25ی تشرینی یەکەمی 2024دا، موراد قەرەیلان ڕایگەیاند: “گەریلا نەک تەنها لە گارە، بەڵکوو بڕیاریداوە کە لە هەموو بادینان ئەرتەشی تورک تیکبشکێنێت. بادینان کۆتایی ئەرتەشی تورک و ئاکەپە و مەهەپە و ڕژێمی ئەرگەنەکۆن دەبێت”.
ئەو لێدوانەی قەرەیلان بەو مانایەیە کە ئەو شەڕە ساختەیەی پەکەکە ئیدیعای دەکات کە لە گارە بەڕێوە دەچێت، دەیگوازێتەوە بۆ ناوچەی بادینان و بەمشێوەیە بادینان دەکاتە گۆڕستانێک بۆ داگیرکەران. بە واتایەکی دیکە سوپای تورکیا زیاتر دەچێتە ناو قووڵایی خاکی باشووری کوردستان و ناوچەی بادینانەوە و پانتاییەکی زۆرتری خاکی ئەم دەڤەرەش دەکرێن بە گۆڕەپانی شەڕ و ناوچەی سەربازی.
سیاسەتی پەکەکە بۆ ڕادەستکردنی خاکی باشووری کوردستان لە چوارچێوەی “میساقی میللی”دا بە تورکیا، لە ڕێگای هاوئاهەنگیی دەوڵەتی تورک و گرووپی ئەنقەرەی پەکەکەوە بەڕێوەدەچێت. هەوڵەکان بۆ جێبەجێکردنی ئەم پیلانە، زیاتر لە ساڵی 2020 و لەگەڵ دەستپێکردنی ئەو هێرشانەدا دەستیانپێکرد کە تورکەکانی بۆخۆیان ناوی “ئۆپەراسیۆنی پەنجە ـ پڵینگ”یان لەسەر داناوە و لەو کاتەوە پەکەکە بە دەیان ناوچەی بادینانی بێ شەڕ و بەرگری بۆ سوپای تورکیا بەجێهێشتووە و ڕادەستی دەوڵەتی تورکی کردوون.
“دارکا مازی” لە ساڵی 2020دا باسی لە مەترسییەکانی پیلانی پەکەکە لەمەڕ گۆڕینی بادینان بۆ ناوچەی شەڕ کردبوو.
نەخشەرێگای پەکەکە و تورکیا بۆ باشووری کوردستان
پەکەکە لە 4 ساڵدا کامە دەڤەرانەی لە بادینان کردۆتە گۆڕەپانی شەڕ و بۆچی ئەمڕۆکە قەرەیەڵان باسی گارە دەکات؟
ئەرتەشی دەوڵەتی تورک لە 15ی حوزەیرانی 2020دا، هێرشەکانی لە ژێر ناوی “ئۆپەراسیۆنەکانی پەنجەی باز و پەنجەی پڵێنگ”دا دەستپێکرد و لەوکاتەوە پەکەکە بەشێوەیەکی سیستماتیک و پلانمەند، جموجووڵەکانی لە گوند و شارۆچکەکانی دەڤەری بادینان نزیک دەکاتەوە. ئەم دۆخە تا مانگی حوزەیرانی ئەمساڵ (2024) و دەستپێکردنی قۆناخیکی نوێی ئەو هێرشانەی کە تورکەکان بە “ئۆپەراسیۆنی پەنجە ـ کلیل” ناوی دەبەن، بەردەوام بوو و هەموومان بە چاوی خۆمان بینیمان کە چۆناوچۆن دەڤەری بەرواری باڵا هەتا دەگاتە چیای مەتینا بوون بە گۆرەپانی هێرش و شەڕ و پێکدادانەکان.
موراد قەرەیەڵان ئەمڕۆکە هاتووە و دەڵێ: “بادینان دەبێتە گۆڕستانی ئەرتەشی تورک” و باس لە ناوچەکانی ژێر سەروەریی چیای گارە دەکات و بە ناوچەی ستراتژیک ناویان دەبات. لە واقیعدا ئەم لێدوانەی قەرەیەڵان بە مانای دەستپێکی قۆناغێکی دیکەی داگیرکارییە کە زۆر ناوچەی زاخۆ و ئامێدی و تەنانەت هەتا دهۆکیش، دەگرێتەوە.
پەکەکە لە ساڵی 2020ـەوە بەپێی پلانێکی دوو قۆڵی لەگەڵ تورکیا، بە دەیان ناوچەی هەرێمی کوردستانی ڕادەستی ئەرتەشی تورک کردووە. پەکەکە ئەم پلانەی بە چوار قۆناغ جێبەجێ کرد. پەکەکە ئەمساڵیش دەیهەوێ درێژە بە جێبەجی کردانی ئەو پیلانەی بدات و جموجۆڵ و بەرخۆدانی ساختەی خۆی زیاتر لە گوند و شارۆچکەکانی دەڤەری بادینان نزیک بکاتەوە. هەروەک چۆن لە دوای ساڵی 2021دا بەرزاییەکانی خامتیری و دەوروبەری باتووفێ و زناری کێستە و گوندی هرۆرێ و چەند ناوچەیەکی دیکەی “زاپ” و “مەتینا”ی ڕادەستی تورکیا کرد، ئەمساڵیش هەندێک ناوچەی دیکە ڕادەستی دەولەتی تورک دەکات.
بەکورتی، پەکەکە وەکوو ڕێکخستنێکی جاش و بەکرێگیراو، کلیلی هەموو هێرشە داگیرکارییەکانی دەوڵەتی تورکە لە بادینان و سەرانسەری باشووری کوردستاندا.