راستییەکانی کەمپی مەخموورو پیلانە قێزەونەکانی پەکەکە ـ بەشی یەکەم

راستییەکانی کەمپی مەخموورو پیلانە قێزەونەکانی پەکەکە ـ بەشی یەکەم

لەبەرچی کەمپی مەخموور بۆتە جیگای کودیتا بە دژی حکوومەتی هەرێمی باشووری کوردستان؟

ئەوە ماوەیەکە لە سۆشیال میدیا، باس لە گەمارۆدانی کەمپی پەنابەران لە مەخموور دەکرێت و لەو پێوەندییەدا دژ بە حکوومەتی هەرێمی باشووری کوردستان  شرۆڤەی ناڕاست بڵاو دەکرێنەوەو سیناریۆی هەڵەی دەدرێتەپاڵ. سەرچاوەی ئەو شرۆڤە ناڕاستانە، بێگومان راگەیاندنی پەکەکە و پارتیزانەکانی ئەو رێکخراوە لە سۆشیال میدیان.

بەبێ ئەوەی شتێک لە گۆڕێدا هەبێت، سیناریۆی درۆیین دروست دەکەن و بانگەشەو هاتوهاوار وەڕێ دەخەن کە گۆیا مەخموور گەمارۆ دراوە. بەڵام راستی و واقیعی مەسەلەکە شتێکی جودایە و هیچ جۆرە گەمارۆیەک لەسەر کەمپی مەخموور لە ئارادا نیە. کەمپی مەخموور سەر بە بەغدایەو هێشتاش پێوەندیەکانیان لەگەڵ بەغداد بەردەوامە و هیچ شتێکی نایاسایی و بەدەر لە یاساکانی حکوومەتی هەرێمی باشووری کوردستان تێدا روونادات. بەڵام لە راستیدا پەکەکە دەیهەوێت کەمپی مەخموور وەکوو بنکەیەک بۆ بەڕیوەبردنی کودیتا دژ بە حکوومەتی هەریمی باشووری کوردستان بەکار بێنێت. لێرەدا هەوڵ دەدرێت ئەم بابەتە نیقاش بکرێت کە بە چ شێوەیەک ئەم کارە دەکرێت؟

هەرێمی کوردستان لە دەرەوەی رێنماییە دەستووریەکان، لێبووردەیی بەرانبەر بە کەمپی مەخموور نیشان دەدات

کەمپی مەخموور لەسالی 1998، دامەزراوە. 65 کم لە هەولێری پایتەختی هەرێمی باشووری کوردستانەوە دوورە و بە فەرمی مەخموور لەدەرەوەی دەسەڵاتی هەرێمی کوردستانەو لەو ناوچە کوردستانیانەیە کە هێشتاش لەلایەن حکوومەتی بەغدادەوە بەڕێوە دەچێت. لەبواری کارگێڕی و ئیداریدا سەر بە پارێزگای مووسڵە، بە کورتی حکوومەتی هەرێمی باشووری کوردستان هیچ دەسەڵاتیکی قانونی و یاسایی بەسەر مەخمووردا نیە.

هەتا سالی 2003، رێگای هەولێر مەخموور لەژێر کۆنترۆڵی سوپای عێراقدا بوو. هیچ پێوەندییەک لەنێوان هەولێر و مەخمووردا نەبوو. پاش ساڵی 2003 و رووخانی ریژیمی سەددام حوسێن، ئەو سنوورە دەستکردە هەڵوەشایەوە و ئەگەرچی هێشتا مەخموور هەر لە رووی یاساییەوە سەر بە حکوومەتی ناوەندیی بەغداد بوو، بەڵام حکوومەتی هەرێمی باشووری کوردستان وەکوو پارچەیەک لە خاکی کوردستان تەعامولی لەگەڵ مەخموور کردووە و دەرگای بۆ دانیشتووانی کەمپەکە کردەوە.

سەرەڕای ئەوەی نادەستووریش بوو، بەڵام رێگای بە گەنجەکانی کەمپی مەخموور دا بۆ ئەوەی بتوانن لە زانکۆکانی هەرێمی باشووری کوردستاندا درێژە بە خوێندن بدەن. وەزارەتی پەروەردە مووچەی مامۆستاکانی کەمپەکە دابین دەکات. هەروەها بە فەرمی رێگای پێدان تاوەکوو لەگەڵ وەزارەتی تەندروستیدا لەپێوەندیدا بن و پێداویستییە پزیشکی و تەندروستیەکانی کەمپەکە لە زۆر بواردا دابین بکەن. بەپێی یاسای عیراق، ئەو کارتی پێناسانەی کە بە دانیشتووانی کەمپەکە دراوە تەنها بۆ ئەوە دەبێت کە لە چوارچێوەی پارێزگای مووسڵدا هاتووچۆی پێ بکەن، بەڵام حکوومەتی هەرێمی کوردستان رێگای پیدان بەو پێناسەوە سەرجەم ناوچەکانی هەولێر و دهۆک و زاخۆ بگەڕێن. بە هەزاران کەسیان لەناو شارەکاندا بوونەتە خاوەن کاری خۆیان، کارگەیان کردۆتەوەو لە رووی ئابووریەوە گەشەی بەرچاویان کردووە. بۆ نموونە ئەگەرچی پێوەندییەکانی نێوان پەکەکە و یەکێتی نیشتمانی لەوپەڕی باشیدایە بەڵام یەکێتی هیچکات ئیزنی ئەوەی نەداوە کە کەسانێک بە پێناسی کەمپی مەخموورەوە بتوانن لە ناوچەکانی ژێر کۆنترۆڵی ئەودا بحەسێنەوە.

پەکەکە نەدەبوو دەرفەتەکانی بەردەم دانیشتووانی کەمپی مەخموور لەکیس بدات

لەساڵی 2004 کە هێشتا حکوومەتی ناوەندی لە عێراق پێکنەهاتبوو، سەرکردەیەکی پایەبەرزی هەرێمی کوردستان، سەبارەت بە بابەتی کەمپی مەخموور، پێشنیازێکی ئاراستەی سەرکردایەتی کەجەکە کرد کە تێیدا هاتبوو: “هێشتا حکوومەتی ناوەندی پێک نەهاتووە، گەلی مەخموور گەلێکی ستەمدیدەن، وەرن با رەگەزنامەی عیراقییان بۆ دروست بکەین”. پەکەکە ئەو پێشنیارەی بە توندی رەت کردەوە لەبەر ئەوەی کە پەکەکە نەیدەویست کێشەکانی کەمپی مەخموور چارەسەر بکات بەڵکوو ئامانجی ئەوە بوو کە لەکاتی پێویستدا کەمپی مەخموور وەکوو کارتێکی فشار بەکار بینێت و بە قازانجی خۆی پروپاگاندای پێوە بکات.

لەگەڵ ئەمانەدا، لە تورکیە لەسەر پرۆسەی (ڤەگرا گوندان) کە لەگەڵ دادگای مافی مرۆڤی ئەورووپادا بەڕیوە دەبرا، مافێک بۆ دانیشتووانی کەمپی مەخموور پەسند کرا. بەڵام پەکەکە ئەوەشی رەت کردەوە و رێگایان نەدا ئەو کەسانە بە چاودێری یەکێتی ئەورووپا بگەڕینەوە تورکیا. بەڵام لە راستیدا نیوەی دانیشتووانی کەمپی مەخموور بە نهێنی گەڕانەوە تورکیا و رەگەزنامەیان وەرگرت و زۆریان بوونە سەربازی تورکیا و بەشێکیشیان چوونەوە گوندەکانی خۆیان، بەڵام پەکەکە بڕیاری دا کە ئەو مەسەلەیە بە شاراوەیی بمێنێتەوە.

لەبەرچی پەکەکە دەست لە کەمپی مەخموور بەر نادات؟

سەرەڕای هەموو نزیکبوونەوەو هاوکاری کردنێکی حکوومەتی هەرێمی باشووری کوردستان بۆ کەمپی مەخموور، بەڵام لەو پێوەندیەدا پەکەکە بەردەوام لە دوو بواردا هەوڵی دەدا کەڵک لە کەمپی مەخموور وەربگرێت. لە لایەکەوە پەکەکە لە رێگای پەوەردەو کۆبوونەوە کردنەوە هەوڵی ئەوە بوو دانیشتووانی کەمپی مەخموور لە دژی حکوومەتی هەرێمی باشوور هان بدات و لە لایەکی دیکەشەوە کەمپی مەخموور وەکوو کارتێکی فشار دژ بە حکوومەتی هەرێم بەکار بهێنێت.

پارتی کرێکارانی کوردستان هەوڵی زۆری دا بۆ ئەوەی بتوانێت لە باشووری کوردستاندا جەماوەرێک بۆخۆی پەیدا بکات بەڵام نەیتوانی سەربکەوێت، بۆیە دانیشتووانی کەمپی مەخمووری وەکوو جەماوەری خۆی لە باشووری کوردستان بەکارهێنا. پەچەدەکە (PÇDK) وەکوو لقی باشووری پارتی کرێکارانی کوردستان، زۆر کەمپین و کۆبوونەوەی بەناوی هەڵبژاردن و خۆپیشاندانەوە بە قازانجی ئامانجەکانی لە هەولێر و شوێنەکانی دیکە بەڕێوە برد. سەرەڕای هەموو هەوڵەکانی پەکەکە دژ بە حکوومەتی هەرێمی کوردستان و چالاکیەکانی وەکوو دژبەرێکی حکوومەت، بەڵام هەرێمی کوردستان کەمترین کەمتەرخەمیی بەرانبەر بە کەمپی مەخموور نیشان نەداو هەر وەکوو پارچەیەک لە باشووری کوردستان تەعاموڵی لەگەڵ کرد و هاوکاریی کردن.

لەگەڵ هێرشی تیروریستانی داعش بۆ سەر باشووری کوردستان، پەکەکەش ستراتجی خۆی لەو بەشەی کوردستان گۆڕی. بە فەرمانی ئۆجەلان لە ئیمرالیەوە لەسەر پێکهێنانی هەرێمێک کە ئۆجەلان بە “خەتا ناڤین” (هێڵی ناوەڕاست)، ناوی دەبات، پەکەکە پلانی جێگیرکردنی هێزی سەربازیی دانا. هێڵی ناوەڕاست لە شنگالەوە دەست پێ دەکات و لە خانەقین کۆتایی پێ دێت. کەمپی مەخموور لەو خەتەدا بە گرنگترین نوقتە دێتە ئەژمار، لەبەر ئەوەی مەخموور لەلایەک چیای “قەرەچۆخ” وەکوو شوێنێکی ستراتجی لەخۆی دەگرێت کە لەنێوان هەولێر و کەرکووکدایە و هەتا نزیکی بیرە نەوتەکانی کەرکووک دریژ بۆتەوەوهاوکات لە نێوان شارەکانی مووسل و کەرکووکیش هەڵکەوتووە.

پوستێن ھەمان بەش