راستییەکانی کەمپی مەخموورو پیلانە قێزەونەکانی پەکەکە ـ بەشی سێهەم

راستییەکانی کەمپی مەخموورو پیلانە قێزەونەکانی پەکەکە ـ بەشی سێهەم

بە کوشتنی جێگری کونسولی تورکیا لە هەولێر، لە راستیدا دەیانەویست حکوومەتی کوردستان بکەنە ئامانج

هەرچەند کە کەمپی مەخموور بە فەرمی سەر بە حکوومەتی عێراقە، بەڵام حکوومەتی هەرێمی کوردستان وەکوو ناوچەیەکەی گرێدراوی خۆی لەباری ئیدارییەوە، هەڵسوکەوتی لەگەڵ دەکات، هێندێک رووداوی سەیر روویاندا کە هەرێمی کوردستانیان ناچار کرد لەبەر پاراستنی خۆی، بە پەکەکە بڵێ ئیدی راوەستە.

زۆر بە کورتی باسی ئەوە دەکەین کە روویدابوو:

لەسالی 2019 ستراتجی پەکەکە لە باشوور جارێکی دیکا گۆڕانکاریی تێدا پێکهات، دیارە مرۆڤ دتوانێت بڵیت شتێک لە گۆڕانکاریی زیاتریش روویدا. ئەو پیلانەی کە پەکەکە لە سالی 2013دا بۆ “لەناوبردنی حکوومەتی هەرێم” دایڕشتبوو، گەیشتە قۆناخێکی نوێ و پێویست بوو بەشێوازێکی نوێ بەڕێوە بچێت. لە راستیدا بەو ئەنجامە گەیشتبوون کە ئەگەر نەتوانن حکوومەت بەتەواوی لەناو ببەن، لانیکەم کارێک بکەن کە بەتەواوی لاوازی بکەن و برسکی لێ ببڕن، وەکوو لە کوردەواریدا دەڵێن “چۆکی بشکێنن”.

پارتی کرێکارانی کوردستان بەرە بەرە خۆی لەگەڵ گۆڕانکارییەکانی “بەهاری عەرەبی”دا دەگونجاند. سەرکردایەتی پەکەکە لەو بڕوایەدا بوو کە ئەوان لە بواری سیاسی و دیبلۆماسیەوە پێشکەوتنی بەرچاویان بەخۆیانەوە بینیوە. ئەوان لە ئێران و عێراق و چەند باڵێکی ناو یەکێتی نیشتمانی کوردستانەوە یارمەتییان وەردەگرت و هەموو ئامادەکارییەکیان کردبوو بۆ ئەوەی لە ساڵی 2019دا کودیتایەک دژ بە رێبەرانی هەرێمی باشووری کوردستان ئەنجام بدەن.

دەرئەنجامی شەڕی خەندەقەکان؛ شکستی تەکتیکی و ستراتجی بۆ پەکەکە

ئەو هۆکارانەی کە وای لە پەکەکە کرد ئەو بڕیارە بدات، زۆر بوون، ئێمە دەتوانین شرۆڤەی هێندێکیان بکەین. بەشێک لەو هۆکارانە نوێ و کاتی بوون. یەکێک لەو هۆکارە گرنگانە کە دەکرێ ئاماژەی پێ بدەین ئەو بارودۆخە بوو کە پاش شەڕی  خەندەقەکان لە باکووری کوردستان و ئەو شکستانە دروست ببوون کە پەکەکە تووشیان ببوو. گریلا ئیدی نەیدەتوانی لە چیاکانی باکووری کوردستان جموجووڵی هەبێت، بمێنێتەوەو چالاکی ئەنجام بدات. ئەمەش بۆ پارتی کرێکارانی کوردستان هەم لە رووی ستراتجی و هەمیش لە رووی تەکتیکیەوە شکستێکی گەورە بوو. پەکەکە خاوەن پێگەیەکی سیاسی ـ کۆمەڵایەتی ناو جەماوەری کۆمەڵگا نیە و پێویستیی بە شەڕ هەیە بۆ ئەوەی هێژموونی و پێگەی خۆی بپاریزێت و راوەستانی شەڕ پروپاگەندەی ئەم حیزبەشی وەستاندبوو.

سیستەمی پەکەکە لەسەر پێشکەشکردنی خزمەتگوزاری کۆمکەڵایەتی دانەمەزراوە و ئەو سیستەمە تەنها لەسەر بنەمای بەڕێوەبردن و بەکارهێنانی تواناکانی کۆمەڵگا دامەزراوەو ئەگەر تەنها بۆ ماوەی مانگێک دەست لە رێکخستنی کۆمەڵایەتی هەڵبگرێت، ئەوەندە کێشەی بۆ دروست دەبن کە جارێکی دیکە ناتوانێت کۆمەڵگاکە بە قازانجی خۆی کۆ بکاتەوە، هەر بۆیە هەمووکات چ لە پاییز و چ لە بەهاردا قورسایی خۆیان دەخەنە سەر چالاکی پروپاگاندایی و پێویستی بەوە هەیە و هەوڵ دەدات لەو رێگایەوە کۆمەڵگا بۆ لای خۆی رابکێشێت.

پەکەکە بۆ ئەوەی لاواز بوونی خۆی لەبواری سەربازیەوە لە تورکیا بشارێتەوەو شکستە سەربازیەکانی و بێهیوابوونی لەبواری سیاسیدا پەردەپۆش بکات، بڕیاریدا باشووری کوردستان بکاتە مەیدانی جەنگ و بۆ ئەو بڕیارەشی هێندێ هەنگاوی هەڵگرت و “باهۆز ئەرداڵ” لێدوانی سەرەتاکەی بڵاو کردەوە.

تەکتیکی پەکەکە لە 2019؛ “ئارامی لە تورکیا و شەڕ لە هەولێر”

ئەو خۆپیشاندانەی کە خەڵکی شیلادزێ بە ئارمانجی “نە دەوڵەتی تورکیا و نە پەکەکە، با ناوچەکانی ئیمە نەکەنە مەیدانی شەڕ”، بەڕێوەیان بردن، راستییەکەی ئەوە بوو کە ئەو خۆپیشاندانە لە لایەن پەکەکە و هاوبەشەکانی لە باشووری کوردستانەوە دروست ببوون. چوونکە کاتێک پەکەکە پیلانەکانی دژ بە حکوومەتی هەرێمی کوردستان داڕشتبوو، دەیەویست پیلانی لەشکرکێشیی تورکیا بۆ باشووری کوردستان هەنگاو بەهەنگاو جێبەجێ بکات.

“باهۆز ئەرداڵ” لە لێدوانی مانگی ئاداری خۆیدا گوتی: “ئێمە سەرەتا لەگەڵ حکوومەتی هەرێمی کوردستان پەیمانمان بەست بۆ ئەوەی ئەوان رێگا نەدەن کە تورکەکان بارەگای زیاتر لە باشووری کوردستان دروست بکەن و لەوێیەوە هێرش بکەنە سەر ئێمە و، لە بەرانبەردا ئێمەیش هێرشمان نەکردە سەر ئەو بارەگایانە، ئێمە ئێستا بەو پەیمانە پابەند نامینین و بەڕیوەی نابەین.”

پەکەکە: هێزی بەرگریی جەوهەریی باشووری کوردستان دامەزراوە

لە راستیدا پێشێل کردنی ئەو پەیمانە لەلایەن پەکەکەوە بە مەبەستی دروست کردنی ئاستەنگ بۆ حکوومەت و سوپای تورکیا نەبوو، بەڵکوو سەرکردەکانی پەکەکە دەیانەویست حکوومەتی هەرێمی کوردستان تووشی هەڵەیەکی گەورە بکەن و بیخەنە بۆشاییەکی گەورەوە. بەهاری 2019 بۆ باشووری کوردستان کاتێکی گرنگ و هەستیار بوو، هەڵبژاردن بەڕیوە چووبوو، لەژێر سەرۆکایەتی “مەسروور بارزانی”دا حکوومەتیکی نوێ پێکهاتبوو، لە بواری ئابووریدا جموجووڵێکی نوێ دەستی پێکردبوو. بە کورتی باشووری کوردستان لە هەموو بوارەکاندا بەرەو رەوشێکی نوێ دەڕۆیشت، لە بارودۆخیکی وەهادا گواستنەوەی شەڕ بۆ ناو شارەکان، سەرجەم ئەو دەسکەوتانەی لەناو دەبردن و سەرکردەکانی پەکەکەش لە هەموو کەس باشتر لەم راستیە تێگەیشتبوون. راگەیەندنەکانی پەکەکە بە بێ هەدادان، باسیان لە رزگار کردن و پاراستنی هەریمی کوردستان دەکرد و لە 27ی گوڵاندا رایانگەیاند: “هێزی بەرگریی جەوهەریی باشووری کوردستان دامەزراوە.”

لە بەشی داهاتووی ئەم زنجیرە وتارەدا باس لە چیای شەکیف و چۆنیەتی رادەست کردنی بە دەوڵەتی داگیرکەری تورکیاو پیلانە قێزەونەکانی دیکەی پەکەکە دژ بە قەوارەی سیاسیی هەرێمی باشووری کوردستان دەکەین.

پوستێن ھەمان بەش