هەڕەشەی بێ ئەخلاقانەی فەرماندەکەی هەسەدە ـ 2

هەڕەشەی بێ ئەخلاقانەی فەرماندەکەی هەسەدە ـ

ئەوەی کە ڕۆژئاوای کردە ڕۆژئاوا، هێزی دیپلۆماتیک و هەوڵەکانی هەرێمی باشووری کوردستان و شەخسی بارزانی بوون.

بەشی: 2

مەحموود بەرخوەدان فەرماندەی هەسەدە کە لە ناو پەکەکە بە مەحموودە ڕەش ناسراوە، گوتوویەتی: “ئەگەر پێشمەرگە هێرش بکاتە سەر ناوچەکانی گریلا، ئێمە بێ لایەن نابین، دیارە کە ئێمە کێ دەپارێزین”. هەوجە نیە کە ئێمە شرۆڤەی جۆراوجۆر بۆ ئەو قسەیە بکەین، قسەکەی مەحموودە ڕەش تەنیا یەک شرۆڤەی هەیە ئەویش ئەوەیە: ئەوە هەڕەشەیە و هەڕەشەیەکی زۆر بێ ئەخلاقانەشە.

ڕاگەیەندراوەکەی 31ی تەمووزی کەجەکە

پەکەکە پیلان دادەنێت کە تا هەڵبژاردنی عێراق دۆخەکە زیاتر ئاڵۆز بکات، لەبەر ئەوەی دەزانێت لە هەر هەڵبژاردنێکی عێراقدا، حکوومەت زۆر درەنگ پێک دەهێندرێت و بۆشاییەک لەو نێوانەدا دروست دەبێت، بۆ ئەو مەبەستە لە کاتی هەلبژاردن و دوای هەڵبژاردن پیلان بۆ شەڕ لە دژی پێشمەرگە دادەنێت. لە راستیدا لە ئەگەری روودانی شەڕێکی لەو شێوەیەدا پاڵپشتی سەرەکی پەکەکە گرووپی لاهوور جەنگی لەناو یەنەکەدا بوو.

بە پشتگیری لاهوور پەکەکە دەیویست ئەو شەڕەی کە لە دژی هەرێمی کوردستان دەستی پێدەکەن وەک شەڕ لە دژی پەدەکە و دەوڵەتی تورک پیشانی بدەن. ڕووداوەکانی ئەم دواییە لە ناوەندی سلێمانی کە لە بەرامبەر لاهووردا ڕوویان دا، ئەو پیلانەی کەمێک تێکدا، بەڵام لەبەر ئەوەی شەڕ لە دژی هەرێمی کوردستان و پێشمەرگە بۆ پەکەکە ستراتژیکە، ئەوان تەنیا هەندێک گۆڕانکاری بچووکیان لە پیلانەکەیاندا کردووە و ئەو پیلانەیان هەڵنەوەشاندۆتەوە. لەبەر ئەوە لە 31ی تەمووزدا ڕاگەیەندراوێک بەناوی بەڕێوەبەریی کەجەکەوە بڵاو کرایەوە و تێیدا داوای چالاکی لە “ڕۆشنبیر، نووسەر، هونەرمەند و هەر کەسێک کە لە دژی پەدەکەیە” کرا.

بێگومان لەو دۆخەدا ڕۆڵێکی بەرچاو بۆ ڕۆژئاوا دانراوە. پەکەکە لە ئێستادا هەوڵی گەورە دەدات کە ئاماژەیەکی  وەها دروست بکات، کە شەڕ لەنێوان هەموو کوردان و گەلانی ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست دژ بە پەدەکەدا ئەنجام دەدرێت.

بەبێ باشوور و بارزانی، ڕۆژئاوا نەیدەتوانی هەناسەش بدات

پێویستە بە موحموودە ڕەش یانیش “جەبلخانچی” کە لە هەموو ژیانیدا تەنها لە رۆژئاوا پارە و دەسەڵاتداریی بەخۆیەوە بینیوە، بگوترێ: “ئەگەر بارزانی لە 2011 پشتگیریی لە ڕۆژئاوا نەکردبا، مەحموود تۆ تا ئێستاش لە تیمێکی جەبلخانەدا دەبوویتە کۆیلە و هێشتا بەرپرسی 5 هێستر و 3 جەبلخانەچی دەبووی”.

کاتێک ئەل نووسرە هێرشی کردە سەر سەرێکانی، ئێوە یەک گولـلەتان نەبوو بیتەقێنن و بارزانی هەموو تەقەمەنی و پێداویستیەکانی شەڕی بۆ ئێوە بەڕێ کرد و ئاڵدار خەلیل هەموو ڕۆژێک لە هەولێر لە دەرگای پەدەکەی دەدا و لیستی پێداویستییەکانی ڕۆژئاوا لە گولـلە و بۆمب و پێداویستیەکانی شەڕی داوا دەکرد.

بە بیری خۆتانی بێننەوە مەحموودە ڕەش، تۆ فەرماندەی پلە یەک بووی لە کۆبانێ، ئێوە لە شەوێکدا بە دەیان گوندتان چۆڵ کرد، تەنیا 2 ـ 3 کیلۆمەتر لە خاکی کۆبانێ بە دەستی ئێوەوە مابوو. ئێوە لە پرسووس لەبەر دەروازەی سنووری تورکیە بوون و تۆ جلوبەرگی شەخسیت لەبەر کردبوو، ها ئێستا ها کەمێکی دیکە تاوەکوو کۆبانێ بەردەیت و بەرەو تورکیە هەڵبیت، لەو کاتە هێزەکانی پێشمەرگەی کوردستان بە هاواری براکانیانەوە هاتن و تۆ جلوبەرگە شەخسییەکەت داکەند و دووبارە جلوبەرگی سەربازیت لەبەر کرد، بە بیرت دێتەوە؟!

پێویستە ئێوە بە بیری خۆتانی بێننەوە، لەبەر ئەوەی ئێمە بە بیرتانی دێنینەوە، بارزانی بوو کە پرسی ڕۆژئاوای بردە ئاستی نێونەتەوەیی و ڕێگای لەبەردەم داگیرکردنی ڕۆژئاوادا گرت. هاتنی پێشمەرگە بۆ کۆبانێ ناسنامەیەکی نێونەتەوەیی بۆ ڕۆژئاوا دروست کرد، لەبەر ئەوەی دیپلۆماسی ڕۆژئاوا لە هەولێر بەڕێوە دەچوو. هەتا ئەو کات هیچ هێزێکی نێونەتەوەیی یەپەگە و پەیەدەی نەدەناسی، ئەو کەسەی کە دەرگای ڕۆژئاوای بەڕووی هێزە نێونەتەوەییەکاندا کردەوە بارزانی بۆخۆی بوو. تا ئەو کات شاهین جیلۆ نەببووە گەنەرال مازڵووم، هێشتا ئاڵداری تەکنیکچیش نەببووە ئاڵدار خەلیل و هێشتاش تۆ مەحموودی جەبلخانەچی بووی.

ئەگەر بارزانی و پەیمانی دهۆک نەبووبان، ئەگەر پێشمەرگە نەهاتبان، ئێوە وەک دەیان هەڤاڵی خۆتان لە پرسووس لەناو خەڵکدا وون دەبوون.

پێویستە هەموو کورد ئەو ڕاستییە بزانن، ئەوەی کە ڕۆژئاوای کردە ڕۆژئاوا، هێزی دیپلۆماتیک و هەوڵەکانی هەرێمی باشووری کوردستان و شەخسی بارزانی بوون. پێویستە کورد ئەو راستییەش بزانن: ئەوەی کە مەحموودە رەش کردی ئەوەیە: “ئەو کانییەی کە ئاوی لێخواردۆتەوە لێڵی کردووە و خیانەتی لە کوردستان کردووە”.

پوستێن ھەمان بەش