هەڕەشەی بێ ئەخلاقانەی فەرماندەکەی هەسەدە ـ 3

هەڕەشەی بێ ئەخلاقانەی فەرماندەکەی هەسەدە ـ

 هەڕەشەکەی مەحموودە ڕەش جگە لەوەی کە بێ ئەخلاقانەیە، هاوکات هەڕەشەیەکی بەتەواوی خائینانە و دوژمنکارانەشە.

بەشی: 3 و کۆتایی

مەحموود بەرخوەدان فەرماندەی هەسەدە کە لە ناو پەکەکە بە مەحموودە ڕەش ناسراوە، گوتوویەتی: “ئەگەر پێشمەرگە هێرش بکاتە سەر ناوچەکانی گریلا، ئێمە بێ لایەن نابین، دیارە کە ئێمە کێ دەپارێزین”. هەوجە نیە کە ئێمە شرۆڤەی جۆراوجۆر بۆ ئەو قسەیە بکەین، قسەکەی مەحموودە ڕەش تەنیا یەک شرۆڤەی هەیە ئەویش ئەوەیە: ئەوە هەڕەشەیە و هەڕەشەیەکی زۆر بێ ئەخلاقانەشە.

مەحموود ئەفەندی، ئایا شوێنێکی دیکە نیە تۆ شەڕی لێ بکەیت؟

مەحموودە ڕەش، گەر تۆ ئەوەندە ئامادەی شەڕ کردنیت، روو لە کۆنیا بکە کە چەند ڕۆژ پێش 7 کوردی تێدا کوژران، ئەگەر ئازایت بڕۆ لەوێ شەڕ بکە، حەیفە نەڕۆیت. ئەو شوێنەی کە ئێوە پێی دەڵێن “ناوچەی گریلا” هەمووی لە باکووری کوردستان لە دەستی تورکیا دایە، ئەو چیایانەی کە 10 ساڵ پێش گریلاکان تێیاندا بوون و ئاهەنگیان دەگێڕا، ئێستا یەک گریلاشی بۆ دەرمان تێدا نەماوە. پێشنیارت پێ دەکەین بڕۆ ئەو ناوچانە ڕزگار بکە.

ئێمە دەستمان لە هەموو ئەوانە بەردا، تۆ دەتوانی بچیت عەفرینی ڕەنگین ڕزگار بکەی کە بۆخۆتان ڕادەستی داگیرکەرانتان کرد. ئەگەر ئەو کارە بکەیت هەموو کورد شانازیت پێوە دەکەن. ئەگەر ئازایت ئەو عەفرینە رزگار بکە کە هێشتا کەس نازانێت چۆن و بۆچی لەناکاو چۆڵتان کرد و بەدەیان ژنی کورد ڕفێندران و هێشتاش لە زیندانەکانی تورکیە دان. بڕۆ ئەوان ڕزگار بکە. ئەرکی لەپێشینەی تۆ ڕزگار کردنی عەفرینە، لەبەر ئەوەی تۆ عەفرینت بەردا و هەڵاتی.

مەحموودە ڕەش یەکێک لە فەرماندەکانی عەفرینە

مەحموودە ڕەش لەسەر موبلەکەی راکشاوە و دیارە کە چەندە بڕیاردەر و دڵخوازە کە کوردان بکوژێت و دەڵێت: “ئێمە هێرش دەکەینە سەر پێشمەرگە”. مەحموودی جەبلخانەچی لە عەفرینیش لەو قسە گەورانەی دەکرد، دەیگوت کە عەفرین بۆ تورکیە دەبێتە دۆزەخ. بەڵام لەکاتێکدا کوردیناسیۆنی شەڕ فەرمانی پێدابوو کە بچێتە چیای “هاوارا”، ئەو فەرمانەکەی جێبەجێ نەکرد و منداڵانی بچووک و خەڵکی ناردە چیای هاوارا و بۆخۆی لە ناوەندی شار دەرنەچوو.

مەحموودە ڕەش خەڵکی عەفرینی بۆ خۆی کردە قەڵغانی زیندوو، بڕیارگەی خۆی لە ناو شار و لە تەنیشت نەخۆشخانەی عەفرین دانا و لەوێوە شەڕی بەڕێوە دەبرد.! پێیوابوو دوژمن لە نەخۆشخانە نادات بۆیە خۆی دایە بەر سێبەری نەخۆشخانەی عەفرین و بەو کارەشی بریندار و کەسانی ناو نەخۆشخانەکەی کردە ئامانجی هێرشەکانی سوپای تورکی فاشیست و داگیرکەر.

بۆ یارمەتیدانی محموودە ڕەش 2 هێز کە هەر یەک لەوان لە 250 شەڕڤان پێک دەهات لە هەرێمی جزیرەوە بەڕێ کران، بەڵام بە داخەوە لەو دوو هێزە تەنیا 50 شەڕڤان بە سڵامەتی ڕزگار بوون. لە هەمان کاتدا 1500 کادری ناوچەی عەفرین لە ژێر فەرمانی ئەودا بوون و لەوانەش زیاتر هێزی خەڵکی لەگەڵ بوو، بەلام نزیکی 3000 شەهیدی لە دوای خۆی بەجێ هێشت و هەڵات و چووە شەهبا.

بەڵێ لەسەر کورسی پاڵ دانەوە هەڕەشە کردن زۆر ئاسانە. ئەو مەحموودە ڕەشەی وەکوو فەرماندەیەکی سەرفراز قسە دەکات و لەسەر مۆبلەکەیەوە هەڕەشە دەکات، کاتێک فیشەکێک دەتەقێت خۆی لە پشتی منداڵانی ئەو گەلەدا دەشارێتەوە.

مەحموودی جەبلخانەجی دەیهەوێت خۆی بۆ پەکەکە ئیسبات بکات؟

هەڵاتنی مەحموودە رەش لە شەڕی عەفرین بووە هۆکاری کاردانەوە لەلایەن شەڕڤانانی یەپەگە و ڕای گشتییەوە کە پەکەکە مەجبوور بوو لێپرسینەوە لە مەحموودە ڕەش بکات.

ئەویان لە ڕۆژئاواوە بردە چیای گارە و خولێکی پەروەردەیی لە ناوەندی ئیدۆلۆژی بینی. مەحموودە ڕەش بۆ ئەوەی دووبارە بگەڕێتەوە ڕۆژئاوا بە دەیان  لاپەڕە ڕاپۆرتی نووسی. سەرئەنجام دوای چەند مانگێک سەرلە نوێ گەڕایەوە ڕۆژئاوا.

کاتێک کە مەحموودە ڕەش گەڕایەوە ڕۆژئاوا سەبارەت بەو ئەشکەوتی پەروەردەییەی کە لێی دەمایەوە دەیگوت: “مرۆڤ لە ئەشکەوتی پەروەردە لە لەدایکبوونی خۆی پەشیمان دەبێتەوە، ئەگەر دووبارە بانگم بکەن هەڵدێم و ئامادە نیم جارێکی دیکە بچمەوە ئەو ئەشکەوتە”.

ئەمجار بۆ ئەوەی نەگەڕێتەوە بۆ ئەو ئەشکەوتە، چی پێ بڵین وا دەکات. ئێستا ئەو وەکوو پەکەکەییەکی عاقڵ جووڵە دەکات، ئەو وەکوو فەرماندەیەکی گەورەی شەڕ هەرەشە لە پێشمەرگە دەکات، بەلام ئێمە باش دەزانین کە مەحموود کێیە، ئەو بۆ خۆی ئەو بوێریەی نیە کە بێت فیشەکێک بتەقێنێت، بەڵام، دەیهەوێت بۆخۆی لە حەشارگەی جزیرێ پاڵی لێ بداتەوە و منداڵی خەڵک بەکوشتن بدات، وەکوو ئەوەی کە لە عەفرین کردی.

ئایا پەکەکە دەیهەوێت بە عەرەب، شیعە و چەپەکانی تورکەوە هێرش بکاتە سەر پێشمەرگە؟

مەحموودە ڕەش بە هێزەکانی هەسەدەوە کە 70٪ی ئەو هێزە لە عەرەب ـ سریانییەکان پێک دێت، هەڕەشەی هێرش کردنە سەر پێشمەرگەکانی کوردستان دەکات. واتە دەیهەوێت عەرەبەکان بەربداتە گیانی کوردستان. ئەو دەیهەوێت بە هێزە عەرەبەکان شەڕی پێشمەرگەکانی کوردستان بکات. وەکوو سەددام، ئەویش ئەو سوپایەی کە لە فەلەستینەوە هێنابوونی ناردنیە سەر کوردستان. وەکوو داعش، ئەوانیش لە ڕیگەی تیرۆریستان لە وڵاتە جۆربەجۆرەکانەوە، هێرشیان دەکردە سەر کوردستان.

لە ژێر ئەو قسانەی مەحموودە رەشدا راستییەکی پەکەکە شاردراوەتەوە، پەکەکە بزووتنەوەیەکی کوردستانی نیە، پەکەکە بزووتنەوەیەکی وڵاتپارێز نیە، ئەوانەی کە لەسەر پیلان و داخوازی کەسانی دیکە هێرش بکەنە سەر کوردستان هیچکات نابنە بەشێک لە بزووتنەوەی نەتەوەیی کورد.

پەکەکە تا ئەو رادەیە خیانەتکارە کە دەیهەوێت بە هاوکاری ئەو حیزبە چەپە تورکانەی کە لەگەڵیدان، بە هاوکاری ئەو عەرەبانەی کە لەناو هەسەدەدان و بە پاڵپشتی ئەو شیعانەی کە لەناو حەشدی بەناو شەعبیدان، پەلاماری باشووری کوردستان بدات.

بۆ پەکەکە ئاسانە کە خیانەت لە کوردستان بکات، ئەگەرچی ئێمە لە دەستپێکدا هەڕەشەکەی مەحموودە ڕەشمان وەک هەڕەشەیەکی بێ ئەخلاقانە ناو برد، بەڵام کاتێک کە لەم زاویەوە لێی دەڕوانین، ئەوە جگە لەوەی کە بێ ئەخلاقانەیە، هاوکات هەڕەشەیەکی بەتەواوی خائینانە و دوژمنکارانەشە.

پوستێن ھەمان بەش