گیرانی ئۆجەلان؛ پیلانێکی نیودەوڵەتی یان شانۆگەریەکی ناوچەیی؟ بەشی یەکەم

“لەو کاتەش کە مەترسیی لەسەر بوو، ئۆجەلان ئامادە نەبوو ڕوو بکاتە شاخەکانی کوردستان و لەگەڵ گریلا بکەوێت.”

عەبدوڵلا ئۆجەلان بۆ ماوەی 19 ساڵ رێکخراوی پەکەکەی لە سوریا بەڕیوە برد، وەدەرکەوتنی ئۆجەلان لە سوریا، چارەنووسی پەکەکەشی گۆڕی. بەتایبەتی دەستگیرکرانی ئاپۆ کاریگەرییەکی بەرچاوی لەسەر گەلی کورد لە باکوور دانا.

ئایا بەڕاستی چی روویدا؟ وەکوو پەکەکە دەڵێت: “ئاپۆ بەرخۆدانێکی گەورەی کردبوو.” گیرانی ئۆجەلان پیلانگێڕییەکی نێودەوڵەتی بوو یان بەهۆی کەمتەرخەمی خۆیەوە روویدا؟ چۆن بوو دەستگیر کرابوو لەکاتیکدا لەناو فڕۆکەکەدا بە دروستی گوتی دایکم تورکە و من ئامادەم ببمە خزمەتکاری دەوڵەتی تورکیا؟ لە دادگا چیی گوتبوو؟ لە زنجیرە وتارێکدا ئێمە بەدوای وەڵامی ئەم پرسیارانەدا دەگەڕین.

پێوەندییەکانی نێوان ئاپۆ و دەوڵەتی تورکیا (1993)، گومانی لای سوریا دروست کردبوو

دەوڵەتی سوریا بە هۆی عەبدوڵڵا ئۆجەلانەوە ماوەیەکی درێژ لەژێر هەڕەشەی دەوڵەتی تورکیادا بوو. دەوڵەتی سوریا دەیزانی کە ئەگەر شەڕیک لەنێوان ئەوان و دەوڵەتی تورکیادا روو بدات، دەوڵەتەکانی ڕۆژهەڵاتی نێوەڕاست قبووڵی ناکەن. بەڵام دەوڵەتی سوریا  لە پێوەندییەکانی نێوان ئاپۆ و دەوڵەتی تورکیا لە ساڵی 1993دا گومانی هەبوو. هەر ئەو کاتە بۆی دەرکەوت کە ئاپۆ وەکوو ساڵانی هەشتاکان لە ژێر کۆنترۆڵی ئەواندا نیە. حیزبەکەی لەگەڵ دەوڵەتی تورکیادا ئاگربەستی راگەیاندبوو. دەوڵەتی سوریا هەڵسەنگاندنی بۆ سەرجەم جم و جوولەکانی ئاپۆ کرد و بەو بڕوایە گەیشت کە بۆ ئەوە نابێت لەسەر ئاپۆ وڵاتەکەی تووشی مەترسییەکی گەورە بکات. شەڕ لەگەڵ دەوڵەتی تورکیا زیانێکی گەورەی بە سوریا دەگەیاند.

ئۆجەلان بۆ ماوەیەکی درێژ لە مەیدانی رۆژهەڵاتی نێوەڕاستدا مابوو. دەوڵەتەکانی ئێران و سوریاش کە ئاپۆ پشتی پێ بەستبوون، داواکاریی زۆرتریان لە ئۆجەلان هەبوو. لە هەمان کاتدا پرۆسەی ئەندامەتی تورکیا لە یەکیەتیی ئەورووپا دەستی پێکردبوو پێوەندییەکانی نێوان تورکیا و یۆنانستان گرژی و ئالۆزیی زۆریان تێکەوتبوو. ئۆجەلان دەیەویست کەڵک لە گرژی نێوان یۆنان و تورکیا وەربگرێت. ئەو پێی وابوو یۆنان و یەکیەتی ئەورووپا دەیانەوێ پەکەکە لە بەرانبەر تورکیادا بەکاربێنن، لەسەر بنەمای ئەو تێگەیشتنە پەیمانیکی لەگەڵ یۆنان بەست.

لە 6/10/1988دا وەزیری گواستنەوەو گەیاندنی یۆنان، ڕۆیشتە سوریا و لەگەڵ عەبدوڵڵا ئۆجەلان دیداری کرد

دیارە پێوەندییەکانی نیوان یۆنان و پەکەکە مێژوویەکی درێژیان هەبوو. زۆربەی تێکەڵاوییەکانی پەکەکە لە ریگای یۆنانەوە دروست دەبوون، تەنانەت یۆنان لە کەمپی “لاڤرۆڤ”ی تایبەت بە پەنابەران دەرفەتی پەروەردەکردنی بۆ پەکەکە رەخساندبوو. لە ساڵی 1997دا ئەو پێوەندییانە گەیشتنە ئاستێکی بەرزتر، یۆنان دەرفەتی پەروەردەی سەربازیشی لە کەمپی “کینەسا دیلەیسی” بۆ شەرڤانە نوێیەکان رەخساندبوو. ئۆجەلان دەیەویست وەکوو چۆن سوریای بەکارهێناوە، یۆنانیش بکاتە مەیدانێک بۆ پەروەردە کردن و سەرکردایەتی کردن. لە 6/10/1988دا وەزیری گواستنەوەو گەیاندنی یۆنان، پەرلەمانتاری پاسۆک “کۆستاس بادۆڤاس” لە سوریا لەگەڵ عەبدوڵڵا ئۆجەلان دیداری کرد.

ئاپۆ بە پاساپۆرتێکی ساختەی تورکی بەناوی (Serikurt) لە دیمەشقەوە دەچێتە ئەسینا

لەپاش ئەو دیدارە، لە 9/10/1998دا ئۆجەلان لە رێگای فڕۆکەیەکی سوریاوە لە ڕیگای فڕۆکەخانەی نێودەوڵەتی دیمەشقەوە دەچێتە فڕۆکەخانەی هەللیکۆن لە ئەسینا. لەو گەشتەدا ئاپۆ بە پاساپۆرتێکی ساختەی تورکی بەناوی “عەبدوڵڵا سەریکورت” (Serikurt) وەکوو گەشتیار دەردەکەوێت. لە فڕۆکەکەدا کەسێک بە ناوی “ئایفەر کایا” بە کۆدی رێکخراوەیی “رۆزەرین” و هەروەها دوو ئەندامی دەزگای ئیستیخباراتی سوریا کە یەکێکیان فەرماندەیەکی نزیک لە بنەماڵەی ئەسەد بوو، ئۆجەلانیان یاوەری دەکرد.

حکوومەتی یۆنان لە رۆشتنی ئۆجەلان بێ خەبەر بوو

بەڵام بەرنامەکە بۆوجۆرەی ئۆجەلان دەیەویست بەڕێوە نەچوو. ئۆجەلان لە کۆمەڵگای نێودەوڵەتیدا وەکوو سەرۆکی رێکخراوێکی تیرۆریستی و وەکوو کەسێک کە بازرگانی بە ماددەی هۆشبەرەوە دەکات، دەناسرێت. وڵاتانی ئەورووپایی زەحمەتە کەسێکی وەها قبووڵ بکەن. لە فڕۆکەخانەی ئەسینا، ئۆجەلان چاوی بە “ستافریس کالەندەریس” (Stavris Kalenderis) سەرۆکی دەزگای هەواڵگریی هارالامبۆس (EYP) دەکەوێت. کالەندەریس دەڵێت: “ئۆجەلان ئێمە تۆ وەکوو دۆستی خۆمان دەبینین، بەڵام حکوومەتی یۆنان لە هاتنی تۆ بێ خەبەرە، ئێمەو تورکیا هاوسنوورین، لەم ماوەیەدا ئیوە کۆمەڵیک چالاکیتان دژ بە تورکیادا ئەنجام داوە. قبووڵکردنی تۆ لەلایەن ئیمەوە وەکوو قبووڵکردنی شەڕ لە گەڵ تورکیا دێتە ئەژمار. لە ئێستادا ئیمە نامانهەوێ لەگەڵ تورکیادا بکەوینە شەڕەوە، پێشنیار دەکەین تۆ بڕۆیتە سوید، ئەوێ بۆ تۆ باشتر دەبێت.” ئۆجەلان لە وەڵامدا دەڵێت: “من بڕوام بە وڵاتی سوید نیە، ئەوان هێشتا پەکەکە بە بەرپرسیاری کوشتنی رێبەرەکەیان “ئۆلاف پالمە” (Olof Palme) دەزانن. ئەوە بۆ من کێشە ساز دەکات. مادام ئێوە وای دەبینن ئەمن داوای مافی پەنابەریی سیاسی دەکەم.” سەرۆکی هەواڵگریی یۆنانیش لە وەڵامدا دەڵێت: “ئەگەر تۆ داوای مافی پەنابەریی سیاسی بکەیت، پێویستە ئەو خەباتە چەکدارییەی کە ئیستا بەڕیوە دەبەیت رابگریت.” ئۆجەلان پێی وابوو یەک یان دوو وەزیر و چەند پەرلەمانتارێک دەتوانن بڕیارەکەی دەولەتی یۆنان بگۆڕن. ئەوانەی ئۆجەلانیان دەعوەت کردبوو دەوڵەتی یۆنان نەبوون بەڵکوو کۆمەڵیک پەرلەمانتار بوون. ئەوەش ئەو راستیە دەسەلمێنیت کە ئۆجەلان هیچ تێگەیشتنێکی لەسەر سیستەمی سیاسەتی نیودەوڵەتی نەبووە.

جێگری سەرۆکی پەرلەمانی رووسیا لە فڕۆکەخانەی مۆسکۆ، ئۆجەلان لە ئامێز دەگرێت

بەم پێیە ئۆجەلان دەیەویت بچێتە رووسیا. پەرلەمانی روسیا بانگهێشتنامەیەکی بۆ دەنێرێت و بە فڕۆکەیەکی تایبەتی یۆنان دەڕواتە مۆسکۆ. لە فڕۆکەخانەی مۆسکۆدا لەلایەن ” Vladimir Jernovski” جێگری سەرۆکی پەرلەمانی روسیا و هەروەها “Alex Metrovanov”، ئەو پەرلەمانتارەی داوەەتنامەکەی بۆ ناردبوو، پێشوازیی لێدەکرێت. جێگری سەرۆکی پەرلەمانی رووسیا ” Jernovski”، ئۆجەلان لە ئامێز دەگرێت چەپکە گوڵێک و شاڵێکی پێشکەش دەکات. هەر لە 9/10/1988، کە ئۆجەلان لە فڕۆکەخانەی مۆسکۆ دادەبەزێت، یەکسەر داوای مافی پەنابەرێتی سیاسی لە پەرلەمانی رووسیا و باڵەکانی خوارەوەی دۆما دەکات. داواکارییەکەی قبووڵ دەکرێت و ئیدی ئۆجەلان وەکوو پەنابەرێکی فەرمی بۆ ماوەی 33 رۆژان لە رووسیا دەمێنێتەوە.

پاش 33 رۆژان مانەوە لە رووسیا، ئۆجەلان خۆی دەگەیەنێتە رۆمای پایتەختی ئیتاڵیا

کاتێک کە راگەیاندنەکانی تورکیا بڵاوی دەکەنەوە کە ئۆجەلان لە رووسیایە، ناوبراو بەو ئەنجامە دەگات کە ئەوێ بۆ ئەو نائارامە و بیر لە رۆیشتن دەکاتەوە. وادەردەکەوێت کە ئۆجەلان هەر لەسەرەتاوە بەنیازی ئەوە بووە خۆی بگەیەنێتە وڵاتێکی رۆژئاوای ئەورووپا. پاش 33 رۆژان مانەوە لە رووسیا، ئۆجەلان خۆی دەگەیەنێتە رۆمای پایتەختی ئیتاڵیا. ماسیمۆ دالیما، سەرۆک وەزیرانی ئیتاڵیا لە رۆیشتنی ئۆجەلان بۆ وڵاتەکەی ئاگادار بوو. لە 2/11/1998دا ئۆجەلان لە فڕۆکەخانەی لیۆناردۆ داڤینچی دادەبەزێت. لەو پێوەندیەدا ئۆجەلان دەڵێت: “کاتێک کە من گەیشتمە ئیتاڵیا، من چاوەڕوانی دۆستایەتی بووم بەڵام من کەوتمە ژێر لێپێچینەوە. دادگا پاش ماوەیەک لێپێچینەوەکانی منی راگرت بەڵام لەژێر چاودێری تونددا مامەوە. پڕ بوو لە بێڕێزی، وەکوو تاوانبارێک هەڵسوکەوتیان لەگەڵ دەکردم. پەنجەمۆریان لێوەرگرتم و وێنەیان کێشام.”

پاش 66 رۆژ مانەوە لە ئیتاڵیا، لە 16/1/1999دا ئۆجەلان رۆما بەجێ دەهێڵێت

ئۆجەلان لە هەڵسوکەوتی ئیتاڵیا تووڕە ببوو. بەڵام لە هەمان کاتدا و لە 19/11/1998دا ماسیمۆ دالێما، سەرۆک وەزیرانی ئیتالیا لە کۆنگرەیەکی رۆژنامەوانیدا رایگەیاندبوو: “ئێمە ئۆجەلان رادەستی تورکیا ناکەینەوە.” دواتریش بە هیچ شێوەیەک زەخت لە ئۆجەلان نەکرا کە ئیتاڵیا بەجێ بهێڵێت. لە بەرانبەر ئەو هەڵوێستەی رۆمادا، تورکیا بایکۆتی کەل و پەلی ئیتالیی کرد، زۆر چالاکی دیکەی دژ بە ئیتاڵیا ئەنجام دا بەڵام دیسانیش رۆما هیچ زەختێکی بۆ سەر ئۆجەلان دروست نەکرد. بەڵام سەرەڕای ئەم هەڵسوکەوتە باشەی ئیتاڵیا، ئۆجەلان لە ئیتاڵیاش نامێنێت. پاش 66 رۆژ مانەوە لە ئیتاڵیا، لە 16/1/1999دا ئۆجەلان رۆما بەجێ دەهێڵێت.

ئۆجەلان بۆ جاری دووەم روو لە پایتەختی رووسیا دەکاتەوە

ئۆجەلان بۆ جاری دووەم روو لە پایتەختی رووسیا دەکاتەوە. بەڵام ئۆجەلان و رووسیا لەسەر چۆنیەتی مانەوەی ناوبراو لەو وڵاتە رێک ناکەون. رووسەکان دەیانەوێ ئۆجەلان رازی بکەن کە جارێکی دیکە بگەڕێتەوە سووریا، ئۆجەلان ئەوە قبووڵ ناکات و لە 29/1/1999دا جارێکی دیکە دەگەڕێتەوە یۆنانستان و هەر لە فڕۆکەخانە بە ئۆجەلان دەگوترێت: “ئێمە نامانەوێ تۆ لەم وڵاتەدا بیت و پێویستە لێرە بڕۆی.” ئاپۆیش دەڕواتە مێنسکی، پایتەختی بیلاڕووس، ئەندامێکی دەزگای هەواڵگری یۆنان بەناوی “کەلەندەریس” هاوڕێتیی دەکرد. بڕیار بوو لە مێنسکیەوە بڕۆنە هۆڵەندا بەڵام ئەو فڕۆکەیەی بڕیار بوو بیانبات، نەهات. بۆیە جارێکی دیکە دەگەڕێنەوە یۆنان. هەواڵگریی نەتەوەیی یۆنان “EYP” دەڵێت: “ئێمە لە تەنگەژەداین راوەستە با کەمێک رەوشەکە ئارام ببێتەوە ئێمە دەتگەیەنینە یەکێک لە وڵاتانی ئەفریقیا، مانەوەی تۆ لەوێ باشترە.”

ئاپۆ روو لە ئەفریقیا دەکات

ئەگەرچی ئۆجەلان دەسبەسەرکردنەکەی دەخاتە ئەستۆی یۆنان، بەڵام ئەوەی زیاتر لە هەموو لایەنە نێودەوڵەتییەکانی دیکە هاوکاریی کرد دەوڵەتی یۆنان بوو. بەردەوام بە پاساپۆرت و فڕۆکەی تایبەت بەملاو بەولا بەڕێ دەکرا، ئەمەش هەمووی یۆنان بۆی دابین دەکرد. بۆ نموونە کاتێک ئاپۆ رۆیشت بۆ کینیا، پاساپۆرتێکی ساختەی بە ناوی “لازارۆس ماڤرۆس”، رۆژنامەوانێکی ناسراوی قوبریس بۆ دروست کرابوو. ئامانجی رەوانەکردنی ئۆجەلان بۆ باشووری ئەفریقیا ئەوە بوو کە ئاپۆ بتوانێت لە نایرۆبی مافی پەنابەرێتی وەربگرێت و لەسەر ئەو پرسە دەوڵەتی یۆنان لەگەڵ حکوومەتی باشووری ئەفریقیا چاوپێکەوتنی کردبوو. بەڵام ناکۆکی لەنێوان ئۆجەلان و یۆناندا دروست بوو. لەو کاتەدا وڵاتی کینیا شوێنی گەشتە 130 رۆژەکەی ئۆجەلان بوو و کۆتا قۆناخیش بوو لەبەر ئەوەی ئیدی لەوێڕا رەوانەی تورکیا کرایەوە.

پاسەوانەکەی ئاپۆ: “ئۆجەلان دەیزانی کە دەستگیر دەکرێت، بەڵام چەکی وەرنەگرت و تەسلیم بوونی هەڵبژارد.”

یۆنان هەڵوێستی باشی خۆیان لەگەڵ کینیا دەگۆڕن، مژاری عەبدوڵڵا ئۆجەلان تەنگەتاویان دەکات. دەکرێ بوترێت کە هەڵوێستی ئەمەریکاش کارتێکەریی لەسەر یۆنان هەبووە. ئاپۆ لە قونسوڵخانەی یۆنان لە شاری نایرۆبی دەمێنێتەوەو دەیانهەوێ بەزۆر وەدەری بنێن. یەکێک لە کچە پاسەوانەکان کە گریلایەکی بەرابردوو بوو بەناوی “شەمسی کلچ” بە کۆدی رێکخراوەیی “دیلان”، کە هاووڵاتیی ئەڵمانیا بوو، لەگەڵ دوو پاسەوانی دیکەی لەگەڵ ئۆجەلان بوون. دیلان دەمانچەی پێبوو. کاتێک کە کارمەندانی قونسولخانە زەختیان لێدەکەن بۆ ئەوەی کونسوڵخانەکە بەجی بهێڵن، دیلان دەمانچەیان لێ رادەکێشێت. بەڵام ئۆجەلان دەکەوێتە نێوانیان و رێگا نادات شەڕ دروست ببێت. پاش ئەوەی کە لە بینای قونسوڵخانەکەش هاتنە دەرەوە شەمسی دەیهەوێ لەگەڵ ئۆجەلاندا لە یەک سەیارەدا سوار بن، بەڵام رێگای پێ نادەن. دیلان دەمانچەکەی خۆی دەداتە ئاپۆ بەڵام ئاپۆ دەمانچەکەی لێ وەرناگرێت. دواتر ئۆجەلان لەسەر ئەو رووداوە دەڵێت: “ئەوان دەیانەویست چەک بە من بدەن و هیوادار بوون کە من بەرگرییەکی کلاسیکی بکەم، بەڵام من قبووڵم نەکرد، من ئەو یاریەم بە برایەتی نێوان تورک و کورد لەناو برد.” لەسەر ئەو رووداوە “شەمسی”ش ئاوا دەڵێت: “ئۆجەلان دەیزانی کە دەستگیر دەکرێت، دەیتوانی چەک وەربگرێت بەڵام وەری نەگرت، ئەو لەباتی مردن تەسلیم بوونی هەڵبژارد. کاتێک کە ئۆجەلان لە قونسولخانەی یۆنان لە نایرۆبی وەدەرکەوت، ئەو دەیزانی کە دەیبەن تەحویلی تورکیای دەدەنەوە”.

ئۆجەلان چاوەڕوانی ئەوەی نەدەکرد وەکوو دەستگیر کراو بگەڕێتەوە تورکیا

 ئۆجەلان لە 15/2/1999دا بەو بیانوویەوە کە رەوانەی هۆڵەندات دەکەین، دەیبەنە فڕۆکەخانەی نایرۆبی، لەوێ فڕۆکەیەک چاوەڕوانی ئۆجەلانە. ئاڵای مالیزیا لەسەر فڕۆکەکە بوو، بەڵام لەناو فڕۆکەکەکەدا تیمی تایبەتی تورکیا هەبوون. لەوێڕا ئۆجەلان دەستگیر دەکرێت و رەوانەی تورکیا دەکرێتەوە. ئۆجەلان هەر لەسەرەتاوە هەتا ئەوکات لەرێگەی باڵێکی دەوڵەتەوە لەگەڵ تورکیا لە پێوەندیدا بوو. ئەو پێوەندییانە لە ساڵانی نۆهەتەکان و لەسەر دەستی “دۆغۆ پەرینچەک” و “یاڵچین کوچوک” دروست ببوون. بەڵام ئۆجەلان چاوەڕوانی ئەوەی نەدەکرد وەکوو دەستگیر کراو بگەڕێتەوە تورکیا. هەر ئەوکاتەی کە لە رووسیاش بوو ئۆجەلان پێشبینی ئەوەی کردبوو کە ناتوانێت خۆی لە دەست تورکیا رزگار بکات. بەڵام سەرەڕای ئەمانە ئەو هەر ئامادە نابێت بگەڕیتەوە چیاکانی کوردستان و شاخ وەکوو رێگایەکی رزگاربوون نابینێت. لەلایەن زۆرێک لە رێبەرانی کوردەوە پێشنیار بە ئۆجەلان کرا کە روو لە شاخ بکات، بەڵام ئاپۆ ئەو پێشنیارانەی قبووڵ نەکرد و وەکوو پیلانگێڕی و مەترسییەک بۆ سەرخۆی سەیری دەکردن.

کردارە هەڵەکانی ئۆجەلان هۆکاری رەتکردنەوەی داواکاریی ناوبراو بۆ مانەوە لەلایەن ئەورووپیەکانەوە بوو

بابەتی گیرانی ئۆجەلان لە لایەن خۆی و رێکخراوی پەکەکەوە، وەکوو پیلانگێڕییەکی نێودەوڵەتی ناودەبرێت. گەشتی ناوبراو لەنیوان ئەو وڵاتانەشدا وەکوو بەشێک لە پیلانسازیی نیودەوڵەتی لە قەڵەم دەدرێت. بەڵام لە راستیدا رەتکردنەوەی داواکاریی ئاپۆ بۆ مانەوە لەلایەن ئەو وڵاتانەوە بۆ کردارە نەباشەکانی رابردووی ئۆجەلان دەگەڕێتەوە. کوشتنی سەرۆک وەزیرانی سوید، ئۆلاف پاڵمە، لە ئەڵمانیا لەژێر ناوی چالاکیی شەقام کرداری دیکەیان ئەنجام دەدا بوونە هۆی ئەوە کە لە ئەلمانیا قدەخە بکرێت. لە هەمانکاتدا بازرگانی کردن بە ماددەی هۆشبەر لە ئاستی نێودەوڵەتیدا لەسەر پەکەکە ئیسبات ببوو، ئەمانە هەموویان وایان کردبوو کە ئۆجەلان وەکوو کەسێکی نەخوازراو سەیر بکرێت. ئەوانەی کە لە ئەورووپا باجیان بە پەکەکە نەدابایەت دەکوژران، کۆمپانیا و کارگەکانیان دەسووتێندران. کوردانی رەخنەگری پەکەکە، لەگەڵ زەخت و دژوارییەکانی ئەو رێکخراوەدا بەرەوڕوو دەبوون. بازرگانیکردن بە پارەی رەش و زۆر کاری نەشیاوی دیکە، هیچ دەرەتانێکیان بۆ مانەوەی ئۆجەلان لە ئەورووپا نەهێشتبۆوە.

ئۆجەلان هیچ شناختێکی لەسەر سیستەمی نێودەوڵەتی نەبوو، ئەوەش تووشی کێشەی کرد

ئۆجەلان لەبواری ئایدیۆلۆجیاشەوە دژ بە سیستەمی ئەورووپا بوو. کاتیک لە رۆژهەڵاتی نێوەڕاست دەمایەوە لەگەڵ دژبەرانی ئەورووپا وەکوو ئێران و سووریا هاوپەیمان بوو. هاوشێوەی ئەوان دەوڵەتە ئەورووپییەکانی بە ئیمپەریالیست لەقەڵەم دەدا. ئێستاش چاوەڕوانیی ئەوەی هەبوو وەکوو هیچ رووی نەدابیت ئەو وڵاتانە پێشوازیی لێ بکەن. واتە لە راستیدا هیچ پیلانگێڕییەکی نێودەوڵەتی لە ئارادا نەبوو بەڵکوو ئۆجەلان هیچ شناختێکی لەسەر سیستەمی نێودەوڵەتی نەبوو. لایەنگر و ئەندامانی پەکەکە ئاپۆیان بە فەیلەسۆفێکی سیاسی دادەنا بەڵام ئۆجەلان سەرجەم پێوەندییە نیودەولەتیەکانی لە روانگەی دەزگای هەواڵگریی سووریاوە دەبینی. لە یاسای دەوڵەتەکان و لایەنە نێودەوڵەتییەکان و هەروەها جیاوازیی لە نیوان کەسەکان و سیستەمدا تێنەگەیشتبوو.

ئۆجەلان وایدەزانی کە هەموو کەس پێویستی بەو هەیە و ئارەزووی دەکرد هەموو کەس بخاتە خزمەتی خۆی

کاتێک کە لە نۆهەتەکاندا و ئەوکاتەی کە ئاپۆ لە سووریادا بوو زۆرێک لە رۆژنامەوانان، پەرلەمانتار و نووسەرانی ئەورووپی سەردانی ئۆجەلانیان کردبوو، ئاپۆ پێی وابوو کە هاتنی ئەوان و پەیمان و بەڵێنەکانیان، پەیمان و بەڵێنی وڵاتەکانیانە. جیا لەوەش لە کەسایەتیی ئاپۆدا نەخۆشیی پاتالۆژی سەرۆکایەتی و شتی وا هەیە، واتە ئاوات و ئارەزووی ئەویە کە هەموو کەس ئەو قبووڵ بکەن و پێیوایە ئەو شتانەی کە ئەو دەیڵێت سەداسەد راستن و پێویستە لەلایەن خەڵکی دیکەوە قبووڵ بکرێن. ئەمە وایکردبوو کە ئۆجەلان خۆی وەکوو دەسەڵاتداری هەموو شتێک ببینێت و پێی وابوو توانای زاڵبوونی بەسەر هەموو شتێکدا هەیە. ئۆجەلان پرینسیپێکی سیاسیی لەبیر کردبوو: “ئەوەی بیهەوێت کەسانی دیکە بەکار بێنێت، هاوکات کەسانی دیکەش خۆی بەکار دێنن.” ئۆجەلان لە سوریا لەگەڵ تورکیا، ئێران و عێراق و زۆر وڵاتی دیکە پێوەندییەکانی پێشخستبوو و دەیەویست ئەو پێوەندییانە بخاتە خزمەت خۆیەوە، بەڵام لە هەمانکاتدا خۆی کەوتبووە خزمەت ئەو دەوڵەتانە هەموویان. بابەتی 9/10/1989ش هەر ئەوە بوو، وایدەزانی کە هەموو کەس پێویستی بەو هەیە، ئارەزووی دەکرد هەموو کەس بخاتە خزمەتی خۆی، نەیتوانی راستیی ئەو رەوشە ببینێت کە تێیکەوتووەو توانای نەبوو بەشیوەیەکی واقعبینانە هەڵسەنگاندی بۆ بکات.

پوستێن ھەمان بەش