ئایا ئۆجەلان ئەسپی “ترۆڤایە” تراودە؟ – بەشی پێنجەم

“راستی خاوەن سروشتێکن کە رۆژێک ئاشکرا دەبن”، پەیوەندیەکانی نێوان دەوڵەتی تورکیا و ئۆجەلانیش رۆژێک دادێت ئاشکرا بکرێن.

بەشی پێنجەم

هێندێک کەس میتۆلۆجی، ئەفسانە و چیرۆکەکان، بە  پێکناکۆک و بەدوور لە راستی دەبینن. دەکرێ سەرجەم ئەو رووداوانەی باس دەکرێن راست نەبن، بەڵام لەبەرئەوەی لە رابرددوی خۆمان تێبگەین، پێویستە لە میتۆلۆجی و ئەفسانە تێبگەین، بۆ نموونە چیرۆکی تراودە “ترۆڤا” کە تێیدا باسی عەشقی “پاریس و هێلێن” دەکا. هۆمێرۆس لە کتێبە بەناوبانگەکەی خۆیدا “ئیلیادە”، باسی حیماسەی ترۆڤا دەکات کە چۆناوچۆن، عەشق، خیانەت، دۆستایەتی، شەڕی دەسەڵات و… وادەکات قەڵاکە داگیر بکرێت.

“ئۆدیسە” فەرماندەی ژیری “ئاکاهییان”، لەبەر ئەوەی بتوانێت “ترۆڤا” داگیر بکات، ساڵانێک هەوڵیدا بەڵام سەرکەوتوو نەبوو. تێگەیشت کە ئەو لەدەرەوە ناتوانێت بورجەکان تێکبدات و دەست بەسەر قەڵاکەدا بگرێت. تێگەیشت کە کۆنترۆڵی قەڵاکە تەنها رێگایەکی هەیە و ئەویش لە ناوەوەیە. بۆ سەرخستنی پیلانەکەی ئەسپیکی گەورە بە دار دروست دەکات. خۆی و ژمارەیەک لە سەربازە ژیرەکانی خۆیان لەناو ئەسپەکەدا حەشار دەدەن. سوپا شکستخواردووەکەی بە تەکتیک دەکشێنەوە، سواری بەلەم دەبن و دەڕۆن. لەشکرێکی خۆی لەگەڵ ئەسپەکەدا دەهێڵێتەوە. ئەو لەشکرە بە خەڵکی “ترۆڤا” دەڵێن ئەو ئەسپە پیرۆزە. خەڵکی ترۆڤا وادەزانن شتێکی پیرۆزیان دەست کەوتووە و بە حیماسەتەوە ئەسپەکە دەبەنە ناو قەڵاکەوە. شەو پیرۆزبایی خۆیان جێژن دەگرن. لەکاتی خەودا، “ئۆدیسە” و سەربازەکانی لە ئەسپەکە وەدەر دەکەون و قەڵاکە داگیر دەکەن. لە سوننەتی سیاسەت و جەنگدا ئەو تەکتیکە زۆرجاران بەکار هاتووە. بەتایبەت لەسەر ئیمەی کورد ئەو تەکتیکە زۆر بەکارهاتووە.

عەبدوڵڵا ئۆجەلان ئەسپی ترۆڤای دەوڵەتی تورکە لە سەدەی 21دا

پەیوەندییە ستراتجیەکانی نێوان عەبدوڵڵا ئۆجەلان و دەوڵەتی تورکیا هەتا رۆژی ئەمڕۆش بەردەوامن. ئەگەر ئێمە چالاکی و لێدوانەکانی ئۆجەلان لە پاش 1999، لێکۆڵینەوە بکەین، بەم ئەنجامە روونە دەگەین: ئۆجەلان لەبەر ئەوەی گەلی کورد کیانی نەتەوەیی خۆی دانەمەرزێنێت، خەباتێکی بەرفراوانی دەستپێکردووە.

لەهەمووی گرنگتر ئەوەیە کە لەسەر فیکر و سیستەمی رامانی کورد کاری کردووە. گوتن، چەکێکی هەرە گەورەیە. ئۆجەلان و دەوڵەتی تورک، وەکوو ئەندازیاری کۆمەڵایەتی هێندێک پەیڤی نوێیان بۆ کوردەکان داتاشی. هیچکات نابێ گوتار و فیکر بە کەم سەیر بکرێت. سۆز تێیدا واتای باوەڕمەندیە. ئۆجەلان بە هەزاران لاپەڕە کتێبی نووسیوەو تێدا باسی ناپێویست نەبوونی نەتەوەگەرایی کردووە. بەحسی مافەکانی مرۆڤ، ئەکۆلۆجی، مافی ژن، مافی ژینگە و مافی هاوڕەگەزبازەکانی کردووە. رامانێکی تیکەڵی بنیات ناوە. فیمینیسم، ئەکۆلۆژ، ئانارشیزم و پەیڤی کۆمەڵناسانەی دیکەی لە تێگەیشتنی کورداندا جێخست. لەرێگای ئەو پەیڤانەشەوە مافی سەبەخۆیی و چارەی خۆنووسینی کوردەکانی ون کرد.

ئۆجەلان ویستی لەسەر بنەمای ئەو پەیڤانەی، رێکخستن دروست بکات و تاکەکان پەرووەردە بکات. ئەوە 21 ساڵە ئەو گوتارە لەناو سیاسەتی کوردیدا هەوڵ بۆ بەهێزبوون دەدات. سەلمێنراوە کە ئاپۆ و دەوڵەتی تورک پێکەوە ئەو هەوڵانە دەدەن. بۆخۆی لە چاوپێکەوتنی لەگەڵ دەوڵەتدا دەڵێت: “ئەگەر ئێوە بە وردبینیەوە لێی بڕوانن من وەکوو مامۆستایەک ئەو شتانەی ئیوە گوتتان، سەپاندم و ئەوەش شەرم نیە. من دەتوانم سبەینێ هەموو ئەوانە بە حیزب بڵێم. دەڵێم من لە دەوڵەت تێگەیشتم و داوای دەوڵەت ئەوەیە. ئێستا لێرە هیچ بە من ناگات. من سودم هەبوو بۆتان، بۆ ئێوە و بۆ خۆشم. ئەوانەی ئیمە (پەکەکە) ناتوانن تێبگەن. ئەگەر رۆژێک هەلم بۆ بڕەخسێت دەزانم چۆن شەڕی پەکەکە بکەم. رۆژێک دێت کە دەبینن من لە ئێوە زیاتر شەڕی پەکەکە دەکەم، رۆژێک دەبێت خۆم بۆ ئێوە ئیسبات بکەم، ئینشائەڵڵا.”

لەراستیدا ئۆجەلان زۆر شت لە دەوڵەت فێر بوو. نەک هەر فێر ببوو بەڵکوو دەوڵەتیشی فێر کردبوو. میزانییەی ناو پەکەکە، بیۆگرافی سەرکردەکانی پەکەکە، ئەو دەوڵەمەندانەی کە باج بە پەکەکە دەدەن، پەیوەندییەکانی پەکەکە لەگەڵ دەزگا ئیستیخباراتیەکان و… هەموویانی لەژێر ناوی دادگاییکردندا دابوو بە دەوڵەتی تورکیا. دەوڵەت بەهۆی ئاپۆوە سەرجەم نهێنیەکانی پەکەکیان دەزانی. لەسەر پرسی کورد ببوو بە مامۆستاو و عاقڵمەندی دەوڵەت، بەتایبەت باشووری بە هەڕەشە دەزانی بۆ تورکەکان و دەیگوت: “لە باشوور ئیسرائیلێکی دووەم دادەمەرزێت، کوردستانێکی بچووک دادەمەرزێت” بەم هەڕەشانە دەیەویست دەوڵەتی تورک بەرەو دەسکەوتەکانی باشوور ئاراستە بکات. وەکوو راوێژکارێک کار بۆ دەوڵەتی تورکیا دەکات. لەکاتێکدا راوێژ بە دەوڵەت دەدات، هاوکات پەکەکەش بەڕێوە دەبات.

لایەنگرەکانی پەکەکە هەرساڵە لە 4ی نیساندا لەدایکبوونی ئاپۆ پیرۆز دەکەن، رۆژی 15ی شوباتیش دەڵێن ئێمە کۆمپلۆگەرمان شکستدا. ئاپۆپارێزیش وەکوو خەڵکی ساویلکەی ترۆڤا ئەسپی دارینی “ئۆدیسە”یان پاراست و بردیانە ناو قەڵاکەیانەوە. چۆناوچۆن “ترۆڤا” بە پیرۆز کردنی ئەو ئەسپە داگیر کرا، ئەگەر کوردیش خۆیان لەو فیکرانەی لەدەوروبەری ئۆجەلان دروستکراون، دوور نەگرن بەردەوام شکست دەخۆن.

ئۆجەلان بۆ ئەوەی ئەرکی ئەسپی “ترۆڤا” بەڕیوە ببات، پێویستی بە دامەرزاندنی بنکەیەک هەیە تا لەگەڵ یەکتر باوەڕ بخوڵقێنن و دەمدرێژی بکەن وپێکەوە هەوڵ بدەن، ئەوە پیویستە. هەر بۆیە هێندێک هەنگاو هەڵدەگیرێت.

هەنگاوی یەکەم: تەعلیمات و بڕیارەکانی 2ی تەباخی 1999 ـ 2ی تەباخی 2002

کاتێک مرۆڤ لەدوورەوە سەیری ئەو مێژووە دەکات، واتیدەگات کە هیچ پەیوەندییەکیان پێکەوە نیە بەڵام لە راستیدا ئەو 2 ڕێکەوتە پێکەوە پەیوەندیدارن. لەنێوان ئەو رێکەوتانەدا ژەست هەیە.

دەوڵەت بە بەردەوامی دەیهەوێ بزانێ کە بەڕاستی ئۆجەلان دەسەڵاتی بەسەر پەکەکەدا هەیە یان نە. ئۆجەلان لە چاوپێکەوتنێکی خۆیدا لەساڵی 1999، گوتی: “گوێتان لەمن بگرت و گوێتان لێم نەبوو، ئێوە جێبەجێ کردنی سزاکەم دیاری بکەن”.

لەوکاتەوە ئۆجەلان پێویستی بەوە دەبێت دەسەڵاتی خۆی لەسەر رێکخراوەکەی جێبەجێ بکات. لە هەنگاوی یەکەم بە بڕیاری 2ی تەباخی 1999، لە باکوور کشانەوە. لە پاییزی 1999 سەرەڕای ئەوە هیچ زەختێکی ئەمنی لەسەر گریلاکان نەبوو، لەسەر فەرمانی ئاپۆ بە هەزاران گریلا لە باکوورەوە بەرەو باشوور پاشەکشەیان کرد. بەپێی ئەو ئامارانەی کە لەبەردەستان لەو پاشەکشەیەدا زیاتر لە 1500 گریلا گیانیان لەدەستدا. چارەنووسی سەدان گریلا هێشتاش نادیارە. وەکوو مەڕی بڕبوو، بە فەرمانێکی نابەجێ هەموویان کۆڵەپشتیان لە کۆل ناو روویان لە رێگایەکی بێ کۆتایی کرد. چی رویدابوو، هیچکەس نەیدەزانی. ئەمرە و هەڕە. بەهەزاران کەس بە پیلانی دەوڵەت ون بوون، پەکەکە بە بێ ئەوەی ئاسایشی رێگاکە بزانێت بە داری زۆر رووی گریلای لەباشوور کرد. کاتێک پارێزەرەکان باسی ونبووەکان بۆ ئاپۆ دەکەن، پێیان دەڵێت: “کاتێک گریلا دەزانێ کە شەڕ کۆتایی دێت، با تەسلیمی قەرەقۆڵی دەوڵەتی دیموکراتی بن.” بەڵی وەڵامی ئاپۆ ئەوە بوو. پارێزەرەکان مات دەبن. بۆ ئاپۆ تەنها ئەوە گرنگ بوو کە دەسەڵاتی خۆی بەسەر رێکخراوەکەی پیشانی دەوڵەت بدات و بۆ ئەوەش بەهەزاران چەکداری بەرەو مردن پاڵ پێوەنا کە دەیانتوانی ئەو زستانە لە کەمپەکانی خۆیان بمێننەوە.

ئاپۆ بەرانبەر ئەو هەنگاوەی کە لە 2ی تەباخی 1999دا هەڵیگرت، لە دەوڵەت خەڵاتی وەرگرت. پاش ئەوەی شوێنگۆڕکێ کۆتایی هات ئیدی پەکەکە هاتبووە ئاستێک کە دەوڵەت بەکاری بێنێت. دەوڵەت لە بەرانبەر ئەو هەنگاوەی ئاپۆدا لە 2/8/2002دا بڕیاری لەسێدارەدانی لە دەستووری بنەڕەتیی خۆی لابرد. لەبەرابەر کوژرانی 1500 گریلادا، ژیانی ئاپۆ گەرەنتی کرا.

ئۆجەلان رۆژی 2ی تەباخی “1999 ـ 2002” وەکوو رۆژی جەژنی گوڵان ناوزەد کرد. گوتی پێویستە هەر کوردێک رۆژی 2ی تەباخ وەکوو جێژنی گوڵان پیرۆز بکات. پەکەکە لەبەر ئەو حەساسیەتەی پێکهاتبوو، بریارەکەی ئاپۆی جێبەجێ نەکرد.

هەنگاوی دووەم: پێکهاتەی رێکخراوەکە

پاش ئەوەی ئاپۆ دەستگیرکرا، لەسەرجەم بەشەکانی پەکەکە لە چیا، ئەورووپا و تورکیا ئەندامە رادیکاڵەکانی ئەو حیزبە کرانە ئامانج. هەموو ئەندامانی ناسراوی رێکخراوەکە یەک بە یەک کەوتنەبەرباس. لەو ئەندامە کۆنانەوە دەستیپێکرد کە پێکەوە ئەو رێکخراوەیان دامەرزاندبوو، ئاپۆ بە دەوڵەت دەڵیت: “ئەندامەکان هەموویان سفرن، ئەگەر من لە ناوەنددا نەوستابێتم، ناوی من بەکار دێنن. دەڵێن ئێمە برای ئاپۆین، ئێمە کەسەکانی پشتی سەری ئاپۆین لە ریزی یەکەم و دووەم و سێهەمدا. بە بڕوای من “جومعە” (جەمیل بایک) زۆر سیاسی نیە. دەتوانین ئەو لەسەر سەر بسووڕێنین بە بی ئەوەی هەستی پێ بکات. دەکرێ لە میراتی من 2 پشک یا 3 پشک بەوان بەکار بێن، لەم قسانەم مەبەستم “کانی” (فەیسەڵ دونالیج) و “فەرهاد” (عوسمان ئۆجەلان) بوو.”

ئاپۆ وەک ئەوەی بۆ هەڤاڵێکی خۆی باسی بکات، سەرجەم وردەکاریەکانی ئەندامان و ئەرکەکانیان بۆ دەوڵەت ئاشکرا دەکات. ئینجا دیزاینی رێکخراوەکە دەستپێدەکات. پەکەکە هەر لە ئاڵاکەیەوە هەتا رەنگ، ئارم، بەرنامە و ئارمانجەکانی لەلایەن ئاپۆو لەژێر چاوەدێری دەوڵەتدا، سەرلەنوێ دروست دەکرێتەوە. ئەوانەی دژایەتی بڕیارەکەی ئاپۆ بکەن یەک بە یەک بزر دەکرێن.

ئەوانەی کە بڕیاری پاشەکشەیان قبووڵ نەکرد و گوتیان دەمانەوێ شەڕ بە دژی دەوڵەتی تورک بەردەوام بێت، وەکوو فەرماندەرانی ویلایەتی دێرسیم “عیسا دێرسیم” (ئۆرهان ئیلبای) و “کەماڵ زاپ” (هایدار ئالپارسلان) لە پاییزی 1999 و بەهاری 200دا بەشێوەیەکی گوماناوی کوژران. ئاپۆ و پەکەکە لە راگەیەندراوێکدا گوتیان ئەو گرووپە سەر بە ئێمە نین. بەگیانی خۆیان باجی قبووڵ نەکردنی پاشەکشەیان دا.

ئۆجەلان بۆخۆی لەو نیقاشانەی لەگەڵ دەوڵەتدا دەیکردن دەیگوت من و دەوڵەت پێکەوە پەکەکە بەڕیوە دەبەین. ئەو دەڵێ: “من لەماوەیەکی نزیکدا بەرنامەیەک دادەنێم و رێکخراوەکە دەخەمە خزمەت دەوڵەتەوە، من لە هەمووکات ئامادەترم، لە ئێستادا پێویستە کەسێکی ژیری ناو دەوڵەت ئەمە ببینێت. ئێمە ئەوە دەکەین. بۆ رێکخراوێکی گرینگ دەڵێم پێویستە سەرەتا دەوڵەتەکی خۆی بناسێت. چونکە ئەگەر تۆ دەوڵەت نەناسی چۆن دەتوانی بە دژی رابوەستی.”

دەوڵەت: دەکرێ بڵێن ئەوە مرۆڤێکی دیکەیە

ئاپۆ: ئیمە جارێکی هەڵەیەکمان کرد دووپاتی ناکەینەوە

پاش ئەوەی ئاپۆ چەکی هەرە گرنگی خۆی واتە رێکخراوەکە و ئەندامەکانی دیزاین کرد، ئیدی هەنگاوەکانی رۆژانەی دەست پێدەکات.

ئەو مێژووە باسی لێوە دەکرێت، 15ی شوبات وەکوو گەلەکۆمەی ناودەوڵەتی ناوی دەبات بەڵام لە راستیدا ئاپۆ بە ویستی خۆی گەڕایەوە ماڵی خۆی. ئۆجەلان بەخۆیشی دەڵێت “ڤەگەڕ”. ئێمە لەم 5 بەشەی نووسینەکەماندا ویستمان جەوهەری ئەو مێژووە بنووسین. لە راستیدا ئاپۆ بە گەڕانەوەی بۆ تورکیا زەربەیەکی زۆری لەکورد داوە. لەم نووسینەدا باسی هەمووی نەکراوە. بەڵام هەروەک سیاسەتوانی تورک “ئەردال ئنۆنی” گوتوویەتی: “راستی خاوەن سروشتێکن کە رۆژێک ئاشکرا دەبن” پەیوەندیەکانی نێوان دەوڵەتی تورکیا و عەبدوڵڵا ئۆجەلانیش بوونیان هەیە و هەر رۆژ لەلایەن لاوانی نەتەوەخوازەوە زیاتر روون دەکرێنەوەو ئاشکرا دەکرێن.

کۆتایی

پوستێن ھەمان بەش