ئایا ئاپۆ کۆنتراتچی کۆماری تورکیایە؟ بەشی سێهەم

ئۆجەلان – بەشی سێهەم

لەئەنجامی گیران و دادگایی کردنی ئۆجەلان، هەم لە پەکەکە و هەمیش لە باکووری کوردستاندا گۆڕانکاری گەورە روویاندا، بەتایبەتی بە راگرتنی بڕیاری لەسێدارەدان ئەو گۆڕانکاریانە بەرچاوتریش بوون. لە دەسپێکدا گریلا لە چیاکانی باکووری کوردستان کشانەوە.

لە باکووری کوردستان لە ساڵی 1999 هەتا 2017، بە بەردەوامی گۆڕانکاری و نوێ کردنەوەی سیستەم نیقاشی لەسەر دەکرا.

کوردەکان شۆڕشی “عەقڵانی” خۆیان دەست پێکرد

لە نۆهەتەکان، دەوڵەتی تورکیا زۆر بە سەختی دژ بە کوردەکان راوەستا و بە دەیان هەزار رووداوی کوشتن روویان دا کە بکوژەکەیان دیار نەبوو، بەڵام کورد وەک هەمیشە توانیان خۆ لەسەرپێ رابگرن. حیزبێکی وەکوو هەدەپە دادەمەزرێت، ئەو کەسانەی کە سەردەمێکی دژواریان تێپەڕاندبوو بە تۆمەتی ئەوەی لە پارادایم (ئولگوو)ی نوێ تێنەگەیشتوون، بە بیانووی جۆراوجۆر لە کاری سیاسی پەراوێز خران. نەک هەر تەنها هەدەپە بەڵکوو زۆربەی دامەزراوە کلتووری، هونەری و بواری ژنان بەو دەردەوە چوون. ئەو رێکخراوانە بە ناوی کوردایەتی و بەرخۆدانەوە کەوتنە ناو قۆناخێکی هابیلیتاسیون.

ئەگەر گۆڕانکاری بنەڕەتی ئەنجام دەدران، کوردستانی بوون و نەتەوەیی بوون بە نیشانەی دواکەوتوویی دادەنران. زیهنییەتێکی وەها دروست دەکرا و بەپێی ئەو زیهنییەتە زۆر دەستەواژە دەگۆڕدران، تێرمینۆلوژی پێشووتری پەکەکە رەفز کرایەوە. لەباتی کوردستان کۆماری تورکیا، لەباتی نەتەوەی کورد نەتەوەی دیموکراتیک و لە باتی خەباتی رزگاریخوازانەش برایەتی گەلان بەکار دەبرێن.

عەبدوڵڵا ئۆجەلان کە مافی کوردانی بە پێی دەستووری نەتەووەیەکگرتووەکان (مافی چارەی خۆ نووسین) و ناوی کوردانی بەکار دەهێنا. مافی کوردەکانی بۆ خۆبەڕێوەبردن و دامەزراندنی دەوڵەت، تەسلیمی کۆماری تورکیا کرد. لەبەر چی؟

ئۆجەلان کەسێکی مقاولە؟

یەکێک لە تایبەتمەندییە هەرە گەورەکانی پەکەکە ئەوەیە کە دەتوانێت سیستمەکەی و تایبەتمەندیەکانی خۆی بشارێتەوە، کاتێک کەسێک لە دەرەوە سەیری دەکات هەموو شتێک نۆرماڵە، بەڵام کاتێک مرۆڤ بە چاوێکی زانستیەوە لێی دەڕوانێت بۆی دەردەکەوێت کە کەموکووڕی جیددیی تێدایە.

بۆ نموونە، زیاتر لە 40 هەزار مرۆڤی کورد لەپێناو رزگاریی کوردستاندا گیانی خۆیان بەخت کرد، بەڵام دەبینین لەو بەشەی کوردستاندا زمانی کوردی زۆر لاواز بووە و لە لێواری لەناوچوونە. لە جێگایەکی وەکوو ئامەد کە بە پایتەختی کوردستان دادەنرێت و 60٪ی دەنگەکانی بۆ هەدەپە بووە، زۆر کەم خەڵک بە کوردی قسە دەکەن. دوورکەوتنەوە لە زمانی کوردی و ئەنتەگرە (ادغام) بوونیان لەگەڵ کۆمەڵگای تورکی، بەزۆری لە سالی 2000 بەملاوەو بەهۆی سیاسەتی کۆماری دیموکراتی دروست بوو. لە 2000ـەکاندا کوردەکانی باکوور ملیان بۆ ئاسمیلاسیۆن (توانەوە) راکێشا و دەکرێ بڵێین ئوتوئاسمیلاسیۆن لەو کاتەوە قبووڵ کراوە.

لە باکووری کوردستاندا توانەوەی ناسنامەی کوردی پێوەندییەکی راستەوخۆی بە رێکەوتنەکانی ئۆجەلان و دەوڵەتەوە هەیە، لە نیوان ئۆجەلان و تورکیا دا، رێکەوتن کراوە. مرۆڤ بە باشی کاریگەری ئەو پەیمانانەی 20 ساڵی رابردوو لەسەر سۆسیال پایسۆلۆجی (دەروونناسی کۆمەڵایەتی) و رەوشی سیاسی باکووری کوردستان هەست پێ دەکات، هاوکات بە روونی دەرئەنجامی نۆتی کۆبوونەوەکان و کتێبەکانی ئۆجەلان دەردەکەون. بەڵگەکان کاریگەریی رێکەوتنی ئۆجەلان و دەوڵەت لەسەر باکوور بە روونی وێنا دەکەن.

قۆناخی لێپرسینەوە لە ئۆجەلان، قۆناخی دروستکردنی رێکەوتنی تورکیا و ئاپۆیە

ساڵی 1999، کاتێک کە ئۆجەلان دەگەڕێتەوە تورکیا، وا نیشان دەدرا کە لێپێچینەوەی لەگەڵدا دەکرێت، دوورگەی ئیمرالی شوێنی لێپێچینەوە بوو. سەیر ئەوەیە پاش ئەوەی دادگایی کراو سزای لەسێدارەدانی بەسەردا سەپا، دیسانیش لێپرسینەوە بەردەوام بوو. لە راستیدا ئەو لێپرسینەوانە قۆناخەکانی دانوستانێکی درێژ بوون و ئامانجیش لێیان دروستکردنی هاوپەیمانی بوو.

زیندانی ئیمرالی لە رەوشێکی ئەمنی تونددا بەڕێوە دەبرێت و سەرجەم قوژبنەکانی لەژێر چاوێریدان. ئەو ژوورەی لێپرسینەوەی ئۆجەلانی تێدا بەڕێوە دەچوو دوو کامێرای لە خوارەوە دوو کامێراشی لە سەرەوە تێدا بوو. سەرجەم لێپرسینەوەکان و نیقاشەکان تۆمار دەکران. لێپرسینەوەکانی ئۆجەلان زیاتر لە کەسانی یاسایی، لەلایەن ئەندامانی میت و سوپاوە بەڕیوە دەچوون. ئەو کەسەی لێپرسینەوەکانی بەڕیوە دەبرد ژنراڵ “حەسەن ئاتیلا ئۆغر” بوو. گەلی کورد هەتا ساڵی 2011ـەش نەیدەزانی ئەو کەسەی لێپرسینەوەی لە ئۆجەلان کردووە حەسەن ئاتێلایە. دەوڵەت ناوو نیشانی ئەو کەسانەی دەشاردنەوە کە لێپرسینەوەیان لە ئۆجەلان دەکرد. پاش ئەوەی کە سیستەمی کۆماری گۆڕانی بەسەردا هات، ناوی حەسەن ئاتێلا ئۆغریش ئاشکرا بوو.

ئاتێلا ئۆغر فەرمانبەرێکی گرنگی دەوڵەتی تورکیا و لە بژاردەکانی ناو پلەدارانی دەوڵەت بوو. لە ساڵانی 1971 تا 2007، لەبواری سەربازیدا خزمەتی بە دەوڵەتی تورکیا کردووە. پاش ساڵی 1981، لە کوردستان وەکوو فەرماندەی هەواڵگری جەندەرمە کاری کردووە. واتە ئەو کەسێکی هەواڵگری بوو. لە بێسەروشوێن کردنی زۆرێک لە گریلاکاندا رۆڵێکی گرنگی هەبووە، زۆر ئۆپەراسیۆنیشی بەڕێوە بردوون. ئەو کەسێک بووە کە خۆبەخشانە خزمەتی کەمالیزم و دەوڵەتی کەمالیستیی تورکیای کردووە. پاش ئەوەی ئاکەپە لە تورکیا دەسەڵاتی گرتە دەست و دەوڵەت لە هێڵی کەماڵیزم دوور کەوتەوە، ئاتیلا ئۆغر وازی لە کارکردن لە سوپا هێنا و دواتر لە 5/8/2013 لەسەر پرسی ئەرگەنەکۆن دەستگیر کرا. یاڵچین کوچوک کە ساڵانی 1990 تا 1998 وەکوو دۆست و راوێژکاری ئاپۆ کاری دەکرد، لەگەڵ ئاتێلا ئۆغردا لەیەک کاتدا دەستگیر دەکرێن. ئەو دوو کەسە بە باشی یەکتریان دەناسی، هەردووکیان هاوڕێ و ئەندامی سیستەمی ئەرگەنەکۆن بوون.

جیا لەوە حەسەن ئاتیلا ئۆغر، هاوڕێی دۆستێکی دیکەی ئۆجەلان بەناوی دۆغۆ پەرینچەک بوو، لە ساڵی 2015دا تیکەڵی حیزبەکەی “دۆغۆ پەرینچەک” دەبێت.

ئایا ئاپۆ لەگەڵ کام باڵی دەوڵەت رێکەوتنی ساز کرد

پاش ئەوەی ئاکەپە هاتە سەر حوکم، بەرە بەرە مەبدەئی کۆماری تورکیا گۆڕانی بەسەردا هات، پارادایمەکانی دەوڵەت گۆڕانیان بەسەردا هات. کەمالیزم ئیدی سەرەکیترین ئەرزش نەبوو، لەناو سوپا و لە ناو “میت”دا هەزاران کەمالیست لەناوبران.

سەرەتا ئەو باڵەی کە ئۆجەلان پێوەندیی لەگەڵدا هەبوو، ئەرگەنەکۆن بوو، یەعنی باڵی کەمالیست بوو. دەوڵەتی نوێی ئاکەپە دەکەوێتە نێوان پێوەندییەکانی ئۆجەلان و کەمالیستەکان، ئۆجەلانیش ئیدی لە هەر قۆناخێکی هەڵبژاردندا ئاگربەستی رادەگەیاند. ئەوەش سوودی بە ئاکەپە و شەریکەکەی ئەوکاتی “فەتحوڵڵا گویلەن” دەگەیاند بۆ ئەوەی بەراورد بە باڵە سەربازیکە، بەهێزتر بن. ئەم هەڵوێستەی ئۆجەلان، کەمالیستەکانی تووڕە کرد. ئیدی هێدی هێدی پێوەندیەکانی خۆیانیان لەگەل ئۆجەلان کەمتر و کەمتر کردەوە و بەشێک لە پێوەندیەکانی پێشووشیان ئاشکرا کرد و بەبەڵگەوە بۆ ڕای گشتی بڵاویان کردنەوە.

حەسەن ئاتێلا ئۆغر، سەرەتا کتێبێک لەژێر ناوی “من بە چ شێوەیەک لێپرسینەوەم لە ئاپۆ” کرد، دەنووسێت. ئاتێلا دەڵێت: “ئۆجەلان چۆناوچۆن لە ساڵی 1999دا هەڤاڵەکانی خۆی فرۆشت و چەندەی کەیف بە مستەفا کەماڵ ئاتاتۆرک دێت و بۆ ئەوەی لەسێدارە نەدرێت چی کردووە، من هەمووم نووسیوە.”

ئەو قۆناخەی بەناوی ئاشتی لە 6/2/2014 لەنێوان ئاکەپە و پەکەکەدا دەستی پێکرد، هەروەها پێوەندییەکانی نێوان عەبدوڵڵا ئۆجەلان و هاکان فیدان(سەرۆکی میت)، کەماڵیستەکانی دەوڵەتی زۆر تووڕە کردبوو، ئەوانیش لە بەرانبەردا چەند دیمەنێکی لێپرسینەوەکانی ئاپۆیان لە قەناتی “Ulusal TV”  کە خاوەنەکەی کۆنە دۆستێکی ئۆجەلان بەناوی دۆغۆ پەرینچەک بوو، بڵاو کردەوە. پەرینچەک ساڵانێکی زۆر لەژێر ناوی “چەپگەرایی”دا خزمەتی زۆری بە دەوڵەتی تورکیا کرد و بەڵگەکان دەریدەخەن کە ئەندامێکی کۆنی “میت” و رەگەزپەرستێکی تورک بووە. بەڵام بەو رێکارەی کە دەسەڵاتداریی ئاکەپە لەو قۆناخەدا گرتبوویە بەر نیگەران بوو، ئەویش کارتی ئۆجەلانی بەکارهێنا. ئارمانجی دژایەتیکردنی باڵی دەوڵەتی ئیسلامی بوو. لەسەر ئەو بابەتە ئۆجەلان لە رێگای پارێزەرەکانیەوە سکاڵایەکی لە دادگای ئیستانبول دژی دۆغۆ پەرینچەک تۆمار کرد و لە سکاڵاکەیدا دەڵێت من کەسێکم کە وەستای ئاشتیم، ئەوان دەیانهەوێت لە سەنگی من کەم بکەنەوە، وەکوو چۆن یاریی ئەرمەنیەکانمان خراپ کرد دەمانەوێ ئەم یاریەش خراپ بکەین. لە سەر ئەو دیمەنانەی کە مۆنتاژ کراون لەسەر ئەو خالانە سکاڵا دژی غۆ پەرینچەک تۆمار دەکەم.

دیمەنەکان پارچە پارچە بڵاو کرانەوە، سەرکردایەتی پەکەکەش نەیدەویست ئەو دیمەنانە بڵاو بکرێنەوە. بەڵام دواتر پرسیار لەسەر ئەو دیمەنانە زۆر بوون بۆیە ناچار بوون هێندێک وەڵامیان هەبێت. مستەفا قەرەسۆ دەیگوت ئەم دیمەنانە مۆنتاژ کراون و دەیانەوێ سەرۆکەکەمان بشکێنن، بەڵام لەبەرانبەر ئەم هەوڵانەدا ئێمە پێویستە زیاتر بەرگری لە سەرۆکی خۆمان بکەین و هزر و پارادایمەکانی لە سەرجەم بوارەکاندا بڵاو بکەینەوە.

پەکەکە بە بێ ئەوەی ناو بهێنێت گوتی ئەو دیمەنانە مۆنتاژ کراون و دەیانهەوێ پرۆسەی ئاشتی لەبار ببەن. بەڵام دۆغۆ پەرینچەک و هەڤاڵەکانی، دیمەنی دانوستانەکانی ئۆجەلان و دەوڵەتیان پێشکەشی دادگا کرد و دەرکەوت کە ئەو دیمەنانە مۆنتاژ نەکراون. پەرینچەک بانگهێشتی پاریزەرەکانی ئۆجەلان و کۆمەڵێک سیاسەتوانیان کرد بۆ ئەوەی بێن و بۆخۆیان دیمەنەکان ببینن و ئۆجەلان بناسن. ئەو دیمەنانە پێوەندیی نیوان ئۆجەلان و دەوڵەت ئاشکرا دەکەن، بۆ ئەوەی مرۆڤ لە واقیعی مێژووی پەکەکە و خەبات لە باکووری کوردستان بە باشی تێبگات، زانیاریی زۆر گرنگیان تێدایە. ئەو فێڵبازیانەی کە لەنێوان دەوڵەت و ئۆجەلاندا روویان دەدا ئیدی ئاشکرا ببوون و نەیاندەتوانی بیشارنەوە. ئەگەر مرۆڤ ئەو دیمەنانە و نۆتەکانی ئۆجەلان لە دانوستانەکاندا لەپاڵ یەکتر دابنێت، بۆی دەردەکەوێت کە ئۆجەلان بەڵێنیەکی زۆری داوەتە دەوڵەت و لەلایەن دەوڵەتەوە ئەرکدار کراوە.

ئەرکی ئۆجەلان، کونتراتچێتی

لەو ڤیدیۆیانەدا ئۆجەلان لە لێپرسینەوەکانیدا دەڵێت: “من شتێکی زۆرم ناوێت، من بێ بەرانبەر لیستی کار لە ئێوە داوا دەکەم، ئێمە دەبێت بە نیقاش کردن پیلان دروست بکەین، لە ئیستادا هێزێکی بێ سنوور هەیە و ئیستا دەوڵەت راستەوخۆ ناتوانێت ئەوانە بکات. تورکیا زەحمەتە بە هێزی خۆی بتوانێت بیکات، ئەمەریکاش هێزی مقاول بەکار دینێت، رێگاچارەیەکی دیکە نیە.” حەسەن ئاتێلا ئۆغر وەڵامی ئەو پرسە ئاوا دەداتەوە: “تۆ مقاولی و لەسەر ئەو بابەتانە پسپۆڕیت، بەکارهینانی کونتراتچی، مقاولی کردن ئەو بابەتانەن کە تۆ تێیاندا پسپۆڕیت هەیە، پێویستە تۆ هاوکاریمان بکەیت.” نوینەری دەوڵەت و ئۆجەلان لەسەر بابەتی مقاولی یەکیان گرت.

ئەرکی ئۆجەلان چی بوو؟

ئارمانجی رێککەوتن لەنیوان ئۆجەلان و دەوڵەت، کارکردنە بۆ بەهێز کردنی کۆماری دیموکراتیک، ئۆجەلان دەڵیت من ئامادەم بە دڵ و بە گیان ئەو کارە بکەم و ناهێڵم هیچ لایەنێکی دیکە کوردەکان بۆ بەرژەوەندی خۆیان بەکار بهێنن. لە روانگەیەکی دیکەوە گوتاری ئۆجەلان دەکرێ ئاوا خویندنەوەی بۆ بکرێت کە “من دەتوانم پێوەندی کوردان لەگەل سەرجەم لایەنەکانی دیکە لەناو ببەم و مەحکوومی دەوڵەتی تورکەکانیان بکەم.” شتێک کە ئاپۆ بە دەنگی خۆی گوتوویەتی ئەمەیە: “ئێستا ئەمە زۆر لەمێژینە نیە، لە ئێستاشدا رووداوی وا روو دەدەن، من دەمهەوێ سەرنجی ئێوە بۆ ئەوە رابکێشم کە ئەگەر بابەتی کوردان بە دروستی بە تورکیاوە گرێ نەدرێت، رێگای ئاسیای ناوەڕاست دادەخرێت. ئەوە قەت لەبیر مەکەن، لەگەڵ ئەرمەنیەکان، ئیران و سوریا پیوەندییان هەیە، روسیا و ئیستا ئەرمەنستان، رێکەوتنی روسیا و ئیران لەناو دەچێت.”

ئاپۆ گرنگییەکی بەرچاو دەداتە گەورە کردنی تورکیا و دەڵێت: “سەرجەم دەوڵەتانی جیهان لەو رێگایەوە فشاریان لەسەر تورکیا دروست کردبوو، ئێستا رەوشەکە پێچەوانەیەو هەلگەڕاوەتەوە. هەرێمی تورکیا هەموو جیهانی خستۆتە ژێر کارتێکەری خۆیەوە، روسیای خستۆتە ژێر کاریگەریی خۆیەوە، بەریتانیا خەلاس، ئەمەریکا دەکەوێیتە پلانی دووەم، لەبەر ئەوەیە کە دەڵێم من سوودێکی گەورە بۆ تورکیا دەستەبەر دەکەم.

ئەو هەستیاریەی ئاپۆ بۆ پاراستن و پێشخستنی تورکیا، لەسەرجەم زرووفەکاندا بەردەوام بوو. لەسەرجەم بەرگرینامەکانی خۆیدا، لەباتی ئەوەی باس لەو کوشتارانە بکات کە دەوڵەتی تورکیا لە گەلیی زیلان، دێرسیم و زۆر جیگای دیکە ئەنجامی دابوون، مۆدیڕنیتەی کاپیتالیزم، یەکیەتیی ئەورووپا، ئەمەریکا و ئیسرائیل تاوانبار دەکات. لەباتی ئەوەی فاشیزمی تورکی بە تاوانبار بزانێت، یاسای ئەوروپا تاوانبار دەکات. واتە ئەوەی کە بە تەواوی فەلسەفی و مێژوویی دەبیندرێت، لە بنەڕتدا هەوڵ بۆ پەردەپۆش کردنی فاشیزمی تورکیا دەدات. ئۆجەلان ئەو ئەرکانەی کە لە راستای گەورە کردنی دەوڵەتی تورکیا پێی دەسپیردێت، جیبەجێیان دەکات. دوایین جار لە 2/5/2019دا لە رێگای پارێزەرەکانیەوە دەربارەی رەوشی سوریا و رۆژئاوای کوردستان دەڵێت: “کورد پێویستە هەستیارییەکانی تورکیا لەبەرچاو بگرن”.

کورد دەبنە خوێنی نوێی کۆمار

کاتێک مرۆڤ سەیری ڤیدیۆی ئەو لێپرسینەوانە دەکات، دەبینێت کە ئۆجەلان چۆناوچۆن وەکوو ستراتژیستێک، هاوکاریی دەوڵەت دەکات. بەڵێنێک کە ئۆجەلان لە دەسپێکدا بە دەوڵەتی تورکیای دا ئەوە بوو کە کورد بۆ خزمەت کردن بە تورکیا ئامادە بکات. لەسەر ئەو بابەتە دەڵێت: “من لێرەوە یاری ناکەم، من زۆر بە ڕاشکاوی دەڵێم با دەوڵەت دەرەتانی خزمەت کردن، بۆ من بڕەخسێنێت، ئیوە پێشکەوتنهایەک دەبینین کە بە زەحمەت باوەڕیان پێ دەکەن. من پێشتریش ئەمەم گوتوە یەعنی دەتانەوێ گەلی رۆژهەلات (مەبەستی کوردەکانی باکووری کوردستانە) بکەمە خوینێکی تازە بۆ کۆماری تورکیا، ئەگەر ئیوە ئەو شێوازەتان بە دڵ نەبوو، چیم پێ دەکەن پێم بکەن.”

پیلانگێڕی ناودەوڵەتی نەبوو بەڵکوو گەڕانەوە بوو بۆ ماڵەوە

پێکناکۆکیەکی زۆر گەورە لێرەدایە، ئەو کەسەی کە دەڵێت من ڕیبەری گەلی کوردم، بەرانبەر بە دەوڵەت نایهەوێت وشەی کورد بەکار بێنێت. لە جێگایەکدا کە دەڵێت گەلی رۆژهەڵاتی تورکیا، دەستەواژەی فاشیزمی تورک و کەمالیستەکان بەکار دێنێت. بە باوەڕی ئەوان کورد بوونی نیە بەڵکوو تورکی رۆژهەڵات بوونیان هەیە. ئۆجەلانیش نەفسی دەستەواژە بەکار دەبات و لەوەش زیاتر دەیهەوێت گەلی کورد بکاتە خوێنی تازە بۆ شادەمارەکانی کۆماری تورکیا و خزمەتێکی باشی ئەو کۆمارە بکات و بەوپەڕی مەزنایەتیی بگەیەنێت.

هاوکات لەو ڤیدیۆیانەدا ئۆجەلان سەبارەت بە کورد بوونی خۆی ئاوا دەڵێت: “من کەسێکی خالس و موخلس کورد نیم، من هەروەکوو گوتبووم وەکوو نەتەوە، لە لای دایکیەوە لە تەرەفێکم و لە لای باوکیشەوە لە تەرەفێکی دیکە، من خۆم لە هەر تورکێک زیاتر بە تورک دەزانم، من هەمیشە دەیڵێم با رەگەزپەرستە تورکەکان خۆیان لە من بە تورکتر نەزانن.”

ئەو پیلانگێڕیە ناودەوڵەتیە کە باسی لێوە دەکرێت، ئەو بەرنگاریە گەورەیەی کە بە ناو ئۆجەلانەوە باسی لێوە دەکرێت ئەوەیە کە ئێستا ئیمە باسمان کرد. ئۆجەلان نەبۆتە قوربانیی پیلانگیڕییەکی نێودەوڵەتی، لە راستیدا ئۆجەلان گەڕاوەتەوە مالی خۆی، نیشتمانی خۆی و بۆ دەوڵەتە تورکەکەی خۆیشی لەهەموو کاتیک زیاتر ئامادەی خزمەتکردنە.

لە بەشی چوارەمدا باس لەوە دەکەین کە ئۆجەلان بە چ شیوازێک کوردەکانی خستە خزمەت دەوڵەتی تورکیا و گریلاکان لە ساڵی 1999دا لە چ رەوشێکدا دەستیان بە پاشەکشە کرد، چ کەسانێک وەکوو دژبەری ئاپۆ دەرکەوتن، ئۆجەلان لە لێپرسینەوەکاندا ناوی چ کەسانهایەکی دابوو بە دەوڵەت، ئۆجەلان بە چ شێوازێک سالوەگەڕی رێبەریی گرت.

پوستێن ھەمان بەش