ئه‌فیۆنی گه‌لان و ئه‌فیۆنی كوردان – به‌شی 1

پەکەکە  لەو رۆژەوەی کە هاتۆتە باشوور، هەموو بەڵایەکی بەسەر ئەو پارچەیەی کوردستاندا هیناوە. ئەو دەردە پیسە کە لە باکوورەوە هات، بەقەدەر دەوڵەتانی داگیرکەر زەرەر و زیانی بە باشوور گەیاندووە. کووردی باشوورلە بەخت ڕەشی خۆیدا ناچارە، سەرباری شان دانە بەر قورسایی داگیرکەران، بارگرانی پەکەکەش لەسەر شانی خۆی هەڵبگرێت.

پەکەک هەموو ڕۆژێک لە ڕاگەیاندنی خۆیدا، باس لە بەرخۆدان و قارەمانەتی دەکات. باسی سەرکەوتنەکان دەکات. بەڵام کامە بەرخۆدان کامە سەرکەوتن؟ هەموو کوردێک دەزانێت کە ئەو حیزبە هاتۆتە تاکە پارچەی ئازادکراوی کوردستان و پاڵی لێداوەتەوە و مەیدانی راستەقینەی بەرخۆدانی لە باکوور بۆ تورکەکان بەجێهێشتووە.

کاتێک مرۆڤ لە دەرەوەی ڕاگەیاندنی پەکەکە لە ڕووداوەکان دەڕوانیت، هیچ بەرخۆدانیک لەگۆڕێدا نیە، تەنیا تاوانە وەحشیانەکانی وەکوو کوشتنی هاوڵاتیان، داگیرکردن و تاڵان کردنی گوندەکانیان و هاوکات ڕفاندن، هەڕەشەکردن و وەرگرتنی باجی زۆرە ملێ و ستەم کردن لەسەر کرێکار و جووتیاران هەیە. پەکەکە ئەو ستەمانە بە بەرخۆدان دەژمێرێت.

ئەفیۆنی گەلان و ئەفیۆنی گەلی کورد

مارکس لە یەکێک لە چاوپێکەوتنەکانیدا دەڵێت: “ئایین ئەفیۆنی گەلانە”. بەڵام بۆ ئێمەی کورد لە ئێستادا پەکەکە بووەتە ئەفیۆن.

لەئێستادا کورد ناچارە سەرەڕای ئەو بارە قورسەی دەوڵەتانی داگیرکەری کوردستان، بارگرانیی پەکەکەش لەسەر شانی خۆیان ڕابگرن. گرانیەک کە پەکەکە خستویەتییە سەر شانی کوردان بەتایبەت لە باشووری کوردستان کە بە تاکە پارچەی ئازادی کوردستان دەژمێردرێت، ئەگەر بەقەدەر گرانی دەوڵەتانی داگیرکەر نەبێت بە هیچ شێوەیەک کەمتر نیە.

پەکەکە لە باشوور، هەموو کارێک لە دژی خەڵک دەکات. کوردەکانی باشوور لە گوندەکانیان دەردەکات، باجیان لێ دەستێنێت و بە تاوانی هەڵبەستراو ئەوان بە کوشتن دەدات. هەندێک لەوان بە تاوانی سیخوڕی بۆ ڕێکخراوەکانی ئاسایشی باشوور!! هەندێک لەوان بە تاوانی سیخوڕی بۆ میتی تورکیا و هەندێکی تریش بە تاوانی ڕەخنە گرتن لە ئاپۆ و حیزب وەکوو خایین دەناسێنیت و بە کوشتیان دەدات.

 هیچ کارێکی قێزەون نەماوە کە پەکەکە لە باشووری کوردستان نەیکردبێت. بەڵام هیچ جارێک نەمانبیست کە ئەو حیزبە، تورکێک، عەرەبێک یان فارسێک بە تاوانی سیخوڕی دەستبەسەر بکات یان تەنانەت هەڕەشەی لێ بکات.

پێگەی “دارکا مازی” تاوانەکانی پەکەکەی لە دژی گەلی سڤیلی باشووری کوردستان لە ساڵی 2017 ـەوە هەتا دەگات بە ئەمڕۆ بە بەڵگە و دێکیۆمێنت کۆکردۆتەوە، لە ڕۆژانی داهاتوودا ئێمە لە زنجیرەیەکی بابەتی ڤیدیۆیدا بڵاویان دەکەینەوە، بۆ ئەوەی گەلی باشوور ڕووی ڕاستی ئەو حیزبە بناسن کەوا چۆناوچۆن هاوشیوەی داعش و گرووپە مافیاییەکان، خەڵکی سڤیل دەکاتە قوربانی، کچ و منداڵەکان لە پێش چاوی دایک و باوکیانەوە دەسووتێنێت، کچەکان لەسەر ڕێگای قوتانخانە دەڕفێنێت و بە دەیان تاوانی دیکەی وەحشیانە کە ئەو حیزبە ناوی بەرخۆدانی لێدەنێت.

ئێمە دەمانهەوێت ئەو تاوانانە یەک بە یەک باس بکەین، دواتر ئێوە بڕیار بدەن، کەوا ئەوە بەرخۆدانە بە گوتەی پەکەکە، یان دەردێکی پیسە بەربۆتە گیانی کوردستان.

تاوانە دیارەکانی پەکەکە لە باشووری کوردستان لە 2017ـەوە هەتا 2021

  • پەکەکە لە 5 ساڵی ڕابردوودا 51 تاوانی لە باشوور ئەنجام داوە.

  • ئەو تاوانانە هەموویان لە دژی خەڵکی سڤیل بووە.

جۆری تاوانەکان

1-  كوشتن:

  • بە زیندوویی سووتاندنی خەڵکی سڤیل.

  • تیرۆر کردنی کارمەندانی ئاسایش.

  • تیرۆر کردنی کارمەندانی حکوومەتی باشوور.

  • تیرۆر کردنی هاوڵاتیانی سڤیل بە تاوانی سیخوڕی.

2- ڕفاندن و دەستبەسەر کردن:

  • ڕفاندنی گەنجانی باشوور بە تاوانی سیخوڕی.

  • ڕفاندنی منداڵ و گەنجان و بەزۆر بردنیان بۆ چیا.

3- دزی و تالان:

  • بە زۆر بردنی ئۆتۆمبێلی هاوڵاتیان.

  • بەزۆر بردنی بەرهەمی خەڵکی گوندەکان.

  • وەرگرتنی باجی زۆرەملێ.

4- تاوانەکانی دیکە:

  • TNT کردنی ڕێگای گوندەکانی باشوور.

  • سووتاندنی ماڵی خەڵک.

  • ڕێگری کردن لە کارمەندانی حکوومەت بۆ خزمەت کردن بە گوندەکان.

  • هەڕەشە کردن لە کارمەندانی کۆمپانیا نەوتیەکان.

  • دزینی قەبارەیەکی گەورەی بەنزین.

تاوانەکانی ساڵی 2021

1. سووتاندنی هاوڵاتیان بە زیندوویی لە بناری قەندیل

  • جۆری تاوان: کوشتن.

  • کات: 14/1/2021.

  • شوێن: دۆڵی بالەیان.

لە 14ی مانگی 1ی ساڵی 2021، هاوڵاتیەک بە ناوی “مستەفا شەفیع وەسانی” کە بە مستەفا وەسانی دەناسرا و یەکێک لە کەسایەتییەکانی دۆڵی بالەیان و ئەندامی کومیتەی ناوچەی قەسرێی پەدەکەیە، لەناو ئۆتۆمبیلەکەیدا بە سووتاوی دۆزرایەوە. مستەفا تەمەنی 60 ساڵ بوو.

بنەماڵەکەی گومانیان لە پەکەکەیە کە کوشتبێتیان، لەبەر ئەوەی لە ئێوارەی هەمان ڕۆژدا، بەرپرسی ئاسایشی پەکەکە بە ناوی “تایلەند” لە بازگەی ئاسایشی گوندەکە “وەسان” ئەو کەسەی ڕاوەستاندبوو و پێی گوتبوو کە هەندێک بەنزین لەگەڵ خۆت ببە بۆ چیای شێخ ناسر.

پەکەکە ئەو ڕووداوە وەحشیانەیە واتە سووتاندنی کەسێک بە زیندوویی، لە بناری چیای قەندیل لە دۆڵی بالەیان ئەنجامی دابوو.

2. هەڕەشە کردن و بە زۆر بردنی ئۆتۆمبێلی هاوڵاتیان

  • جۆری تاوان: هەڕەشە کردن و زۆرداری.

  • کات: 24/2/2021.

  • شوێن: گوندی خانکێی سەر بە کانی ماسی.

لە ڕۆژی 24ی مانگی شوباتی ساڵی 2021دا، دوو گریلای پەکەکە لە ناوچەی کانی ماسی هەڵیانکوتایە سەر ماڵی هاوڵاتیەک بە ناوی “محەمەد حسێن” و داوایان لێکرد کە بە ئۆتۆمبێلەکەی تەرمی گریلایەک کە لە هێرشێکی ئاسمانی تورکیادا لە دەورووبەری گوندی خانکێ کرابووە ئامانج، ببەنە ناوچەی میسکا، بەلام محەمەد ڕازی نابێت ئەو کارە ئەنجام بدات.

دوای ئەوەی کە گریلاکان هەڕەشەیان لێکرد و شەڕ لە نێوانیاندا دروست بوو، گریلاکان ئۆتۆمبێلەکەیان بە زۆری لێ ئەستاند.

3. ڕێگری کردن لە فەرمانبەرانی فەرمانگەی کارەبا بۆ چارەسەرکردنی کارەبای گوندەکان.

  • جۆری تاوان: ڕێگریکردن لە کارمەندانی حکوومەت.

  • کات: 4/2/2021.

  • شوێن: گوندی ژولێی سەر بە چەمانکێ.

لە ڕۆژی 2ی شوباتی ئەمساڵ، تیمێکی کارمەندانی فەرمانگەی کارەبا بۆ چارەسەرکردنی کارەبای گوندەکانی “ژولێ، هیزانک و بێلمەند” بەرەو ناوچەی چەمانکێ بەڕیکەوتن، بەڵام لە لایەن گریلاکانی پەکەکەوە تەهدید کران و گریلاکان نەیانهێشت ئەوان بچنە ئەو گوندانە و کارەکەی خۆیان ئەنجام بدەن.

گریلاکانی پەکەکە بە ماتۆڕ سکیلەوە کەوتنە دوایان و پێیان گوتن کە نابێت جارێکی دیکە پێتان بەم ناوچەیەدا بێتەوە.

4. TNT کردنی ڕێگا گشتییەکانی گوندەکان

  • جۆری تاوان: تیرۆر و TNT کردنی ڕێگاکان..
  • کات: 1/3/2021.

  • شوێن: گوندی تروانشی سەر بە کانی ماسی.

گریلاکانی پەکەکە لە یەکی مانگی ئاداری ئەمساڵ (2021)، دوو مووشەکی RBG كە پڕیان کردبوو لە TNT وخستبوویانە ناو بۆڕییەکی ئاسنی، لەسەر ڕێگای سەرەکی گوندی تروانش دایاننابۆە.

دواتر هێزەکانی پێشمەرگە و ئاسایشی باشووری کوردستان، توانیان ئەو هەوڵە قێزەونەی پەکەکە پووچەڵ بکەنەوە.

5. ڕفاندنی 2 هاوڵاتی بە تاوانی سیخوڕی

  • جۆری تاوان: ڕفاندن.

  • کات: 6/11/2020 و 4/1/2021.

  • شوێن: گوندی بۆکریسکان لە بناری قەندیل.

پاش ئەوەی کە لە رۆژی 16ی چری ساڵی 2020دا پەکەکە دوو هاووڵاتی سڤیلی بەناوەکانی “قارەمان عەبدوڵڵا سۆفی مینە” و “توانا حاجی سۆفی مینە” خەڵکی گوندی بۆکریسکانی بناری قەندیلی رفاندبوو، لە رۆژی 4ی مانگی کانوونی دووەمی ساڵی 2021دا، گریلاکانی پەکەکە رۆیشتنە ناو گوندەکە و خەڵکی گوندەکەیان لە مزگەوت کۆ کردەوە و پێیان گوتن کە ئەوان هەر دوو هاوڵاتیەکەیان رفاندووە، چوونکە سیخوڕییان کردووە.

گریلاکانی پەکەکە بە خەڵکی گوندەکەیان گوتووە کە لەداهاتوودا دانپێدانانەکەیان بڵاو دەکەنەوە، بەڵام لە راستیدا پەکەکە ئەو کارەی وەکوو هەڕەشە بۆ خەڵکی گوند ئەنجام داوە و هێشتا چارەنووسی رفێندراوەکان نادیارە.

6. هەرەشە کردن ب كوشتنی خه‌لكی گوندی كێسته‌

  • جۆری تاوان: هەرەشە کردن بە كوشتن.

  • کات: 31/1/2021.

  • شوێن: گوندی كێسته‌ سەر بە كانی ماسێ.

دوو گریلای پەکەکە لە ڕێگای تونێلێک لە ناوچەی “گامە خەلێ” کە دەکەوێتە ڕۆژهەڵاتی گوندی “کێستە”ی سەر بە کانی ماسی، چوونە بەر دەرگای ماڵی هاوڵاتییەک بە ناوی “زەکی کێستە” کە کادیری کومیتەی کانی ماسی پەدەکەیە.

گریلاکانی پەکەکە هەڕەشەی کوشتن لەو کادیرەی پەدەکە و خەڵکی گوندەکە دەکەن، بە بیانووی ئەوەی کە ئەوان کارەبای تونێلی پەکەکەیان بڕیوە.

پەکەکە بە خەڵکی گوندی کێستەی گوتووە کە بەشێک لە خەڵکی گوندەکەتان دەکوژین.

7. ڕفاندنی 3 هاوڵاتی دهۆک

  • جۆری تاوان: ڕفاندن و هەڕەشە کردن.

  • کات: 29/1/2021.

  • شوێن: بەرواری باڵا ـ سنووری کانی ماسی.

لە ڕۆژی 29ی کانوونی دووەمی ئەمساڵ 2021، گریلاکانی پەکەکە 3 هاوڵاتی پارێزگای دهۆک بە ناوەکانی “بارزانی عومەر محەمەد”خەڵکی گوندی ئۆرە، “هەڤاڵ عەبدوڵڵا ئەحمەد” خەڵکی گوندی ئۆرە، “ئارمانج زیاد محەمەد” خەڵکی گوندی تیلەر کە بە مەبەستی گەڕان چوبوونە ناوچەی بەرواری باڵا، دەستگیر کرد.

گریلاکانی پەکەکە ئەو 3 هاوڵاتیەیان لەگەڵ خۆیاندا برد و دوای ئەوەی وێنە گیراوەکان و مۆبایلەکانیان لێ ستاندن ئەوانیان تەهدید کرد.

8. گرتنی ڕێگا گشتیەکانی هاوڵاتیان و بردنی ئۆتۆمبێلەکانیان

  • جۆری تاوان:زۆرداری و دزینی ئۆتۆمبێل.

  • کات:21/1/2021.

  • شوێن:ڕێگای سەرەکی چیای سادا لە سنووری ناوچەی بجێل.

لە ڕۆژی 21ی کانوونی دووەمی ئەمساڵ 2021دا، نزیکەی 21 گریلای پەکەکە دەچنە سەر ڕێگای سەرەکی چیای “سادا” کە دەکەوێتە سنووری شارۆچکەی بجێل و ڕێگایان لەو هاوڵاتیانە گرت کە دەیانویست بۆ سەیران بچنە ناوچە بەفراوییەکان.

ئەو گریلایانەی پەکەکە داوایان لە هاوڵاتیان کرد کە ئۆتۆمبێلەکانیان ڕادەست بکەن بۆ ئەوەی هەندێک کاری خۆیانی پی ئەنجام بدەن، بەڵام هیچکام لەو هاوڵاتیانە ڕازی نەبوون کە ئۆتۆمبیلی خۆیان بدەنە گریلاکانی پەکەکە، لەبەر ئەوە گریلاکان ڕێگایان بە هیچ کامێک لەوان نەدا کە بچنە چیا و هەموویان گەڕاندنەوە بجێل.

9. هەڵکۆڵینی تونێل لە ناو گوند دا و بریندار بوونی 3 هاوڵاتی

  • جۆری تاوان: جووڵەی پەکەکە لە ناو گوند دا.

  • کات: 22/1/2021.

  • شوێن: گوندی گریی سەر بە چەمانکێ.

چه‌كدارێن په‌كه‌كێ ل نێزیكی گوندێ گری یێ گرێدای ناڤچه‌یا چه‌مانكێ، تۆنێله‌ك كۆلابوو و ئه‌ڤ تۆنێل بوو ئه‌گه‌ر كو ل رۆژا 22 مه‌ها كانوونا دووێ یا سالا 2021ێ، باله‌فرێن تركیێ گوندێ ناڤبووری بۆردۆمان بكه‌ن و ئه‌ڤ هێرش بوو ئه‌گه‌رێ بریندار بوونا 3 وه‌لاتییان، هه‌ڤده‌م، زه‌ره‌ر ب 4 ترومبێلان كه‌ت كو یێن وه‌لاتیێن گوندێ گری بوونه‌.

جێگای باسە، ئەو تاوانانەی کە پەکەکە لە باشووری کوردستان ئەنجامیان دەدات، بە بەرخۆدان و قارەمانیەتی خۆی لەقەڵەمیان دەدات. ئەو بەرخۆدانەی کە پەکەکە باسی لێوە دەکات، ئەو قارەمانییەیە کە پەکەکە لەسەر حیسابی ئاسایش و گیانی خەڵکی باشوور ئەنجامیان دەدات.

لە بەشی دووەم دا، ئێمە باس لە 15 تاوانی پەکەکە لە ساڵی رابردوو (2020)دا دەکەین.

لە گەڵمان بن

پوستێن ھەمان بەش