لە هێڵی 15ی تەباخەوە هەتا هێڵی 15ی شوبات؛ لەناو پەکەکەدا چەک و توندوتیژی

هەموو ئەوانەی کە HRK کاتی خۆی و لە راگەیەندراوی دامەزراندنەکەیدا رەدی کردوونەتەوە، ئەوا ئەمڕۆ بناخەی پارادیگمای ئۆجەلان پێکدەهێنن.

بەشی یەکەم: ئانالیزی ئۆبژەکتیڤی 15ی تەباخ (ئانالیزی شەڕ لە HRKـەوە هەتا HPG)

ئەوە 37 ساڵی تەواو بەسەر دەسپێکردنی خەباتی چەکدارانەی پەکەکە تێپەڕ دەبێت کە لە 15ی تەباخی 1984دا یەکەم چالاکی نیزامیی ئەنجامدا. پەکەکە بەو چالاکیە، دامەزراندنی یەکەم دامەزراوەی نیزامیی خۆی واتە HRK (هێزەکانی رزگاریی کوردستان)یشی راگەیاند. دامەزراندنی HRK بە ئەنجامدانی 3 چالاکیی سەربازی لە ناوچەکانی ئەرووح، شەمزینان و چاتاک، راگەیەندرا. ئەو چالاکیەی کە مەعسووم کۆرمکاز لە ئەرووح بەڕیوەی برد دەنگدانەوەیەکی باشی هەبوو بەڵام دوو چالاکیەکەی دیکە کاریگەرییەکی ئەوتۆیان نەبوو.

ئەگەرچی وا نیشان دەدرێت کە چالاکیەکەی ئەرووح دەستپێکی خەباتی چەکدارانەی پەکەکەیە، بەڵام لە راستیدا پەکەکە هەر لە ساڵی 1977ـەوە دەستی بە چالاکیی سەربازیی کردبوو.

لەماوەی ئەو نیوسەدەیەدا، خەتی ئیدئۆلۆژیکی پەکەکە، ئارمانجەکەی، دوژمنەکانی، رێبازەکەی و ناوچەکانی شەڕ و هتدی… گۆڕاون. بەپێی ئەو بارودۆخانە کە ئەو حیزبەی تێدابووە، ناوەرۆکی گۆڕینەکە تۆزێک بەرەوپێش چووە. پەکەکە نەگۆڕاوە بەڵکوو بەرەو میحوەری جیاجیا رۆیشتووە. ئەو گۆڕینە میحوەریانە وەکوو “لە خەتی مەعسووم کۆمکاز لە 15ی تەباخدا، بۆ خەتی عەبدوڵڵا ئۆجەلان لە 15ی شوباتدا، گۆڕاوە”.

ئایا ئێمەی کورد بەشێکین لە تورکیە؟

کاکڵە و نێوەرۆکی بەیاننامەی تایبەت بە دامەزراندنی “HRK” (هێزەکانی رزگاریی کوردستان)، کە لە 15ی تەباخدا راگەیەندرا، لە رەد کردنەوەی کۆلۆنیالیزم و دەستەبەر کردنی سەربەخۆیی نەتەوەیی کوردەکان و بنیاتنانی کوردستان وەکوو وڵاتی کوردان، پێکهاتبوو. لە بەیاننامەی دامەزراندنی “HRK”دا ئەم رستەیە هاتووە: “ئارمانجەکانی کۆلۆنیالیزمی فاشیست و ئەو نەخشەیەی کە بۆ داهاتوو گەلەکەمانی داناوە، روونە. دەیانهەوێ گەلی کورد و کوردستانیش وەکوو ئەو نەتەوە و گەلە ژێردەستانەی کە بوون بە کۆیلەی کۆلۆنیالیستەکان، بکەنە بەشێک لە تورکیە و نەتەوەی تورک و ئێمە وەکوو کۆیلەیەکی فەرمانبەر لە رێگای بەرژەوەندیەکانی خۆیاندا بەکاربهێنن”.

هەموو ئەوانەی کە HRK کاتی خۆی و لە راگەیەندراوی دامەزراندنەکەیدا رەدی کردوونەتەوە، ئەوا ئەمڕۆ بناخەی پارادیگمای ئۆجەلان پێکدەهێنن. “دیموکراتیزە کردنی تورکیە لە بن شوناسی باڵای تورکبووندا و بوون بە بەشێک لە نەتەوەی تورک”، بناخەی ئامانج و پرۆژەی چارەسەریی ئۆجەلانە. ئیمرالی ئەو شوێنەیە کە عەبدوڵڵا ئۆجەلان زۆر بە ئاشکرا و بە روونی ئارمانجەکانی خۆی تێیدا شرۆڤە دەکات. عەبدوڵڵا ئۆجەلان بە “ئاتتیلا ئووگور”، واتە ئەو کەسەی لێپێچینەوەی لەگەڵدا دەکات دەڵێت: “کۆلکەی سەرەکیی دارەکە نەتەوەی تورکە و ئێمەی کوردیش لق و چڵی دارەکەین”. دواتر ئۆجەلان بەسەدان لاپەڕە کتێب دەنووسێت تاوەکوو بە کوردەکانی بقەبووڵێنێت کە ئەوان چڵی دارێکن کە کۆتەرە سەرکیەکەی نەتەوەی تورکە. پێویستە کەوانەیەک بکەینەوە و ئەوەش باس بکەین کە کاتێک باس لە بوون بە لق و چڵی دارێک دەکرێت بەو مەبەستەیە کە هەرکات و هەر بەشێکی کە بە پێویست بزانرێت، لەلایەن خاوەن باخەکەوە بقرتێندرێت. ئەگەر وەک ئۆجەلان دەڵێت کوردەکان بەشێک بن لە نەتەوەی تورک، ئەوە ناوە ناوە ئەو لق و چڵانە دەبڕدرێن بۆ ئەوەی قەد زیاد نەکەن.

پەکەکە وەکوو بزووتنەوەیەکی دژە ـ شۆڕشگێڕی

گۆڕانکاریی ئامانجەکانی پەکەکە کاریگەریی لەسەر گۆڕینی ناوەکانیشدا دەبێت. رێکخستنی HRK، لە ساڵی 1986دا بوو بە ARGK (ئەرتەشی رزگاریی گەلی کوردستان). واتە لە رزگار کردنی خاکی کوردستان و نەتەوەی کوردەوە گۆڕدرا بۆ رزگار کردنی مرۆڤی کورد. بەڵام لە ساڵانی 2000ـەکاندا، پەکەکە بەرەبەرە لە هیچکام لە بزووتنەوە سەربازییەکانی خۆیدا ناوی کوردستانی نەهێشتەوە. سەرجەم هێزە نیزامیەکانی خۆی لەژێر ناوی “هێزی پاراستنی گەل” کۆ کردەوە. دواتر بۆ رۆژئاوای کوردستان یەکینەکانی پاراستنی گەل “YPG”ی دامەرزاند. بۆ باکووری کوردستان یەکیەتیی پاراستنی سڤیل “YPS” و هەروەها بۆ شنگالیش یەکینەکانی پاراستنی شنگال “YBŞ”ی دامەرزاند. ئەو گۆڕانکاریانە لەناکاو نەبوون بەڵکوو ئامانجی پەکەکە لەو گۆڕانکاریانە ئەوەیە کە دەیهەوێت ناوی کوردستان و نەتەوەی کورد ون بکات و بیانشارێتەوە.

زۆر گرینگە کە کورد شەڕ و کەموکووڕیەکانی نیوسەدەی رابردووی پەکەکە تاوتوێ بکات، بەڵام ئەو پرۆسە مێژوویانە هەتا ئێستا بەشێوەی زانستی و سەربەخۆ، شرۆڤە نەکراون و ئەو شرۆڤانەش کە کراون تەنها لەلایەن پەکەکە بۆخۆی و دەوڵەتی داگیرکەری تورکەوە بوون. دیارە لە زانستی لێکۆڵینەوەدا ئەنجامی ئەو لێکۆڵینەوانە ناتوانن راستیەکان وەکوو خۆیان بخەنە ڕوو کە تێیدا لایەنێک بەرگریی لەخۆی دەکات و لایەنەکەی دیکە بە شەیتان وەسف دەکات.

لە شرۆڤەکانی پەکەکە و دەوڵەتی تورکەکاندا، راستییەکان پەردەپۆش دەکرێن

دەولەتی تورکیە سەرجەم قۆناخەکانی چالاکیی پەکەکە بە هەنگاوگەلێکی دژە ـ تورکی ناو دەبات کە بە دنەدان و پشتیوانیی هێزە بیانیەکان دەیهەوێت تورکیە لەناو ببات. زۆر روونە کە تورکیە وەکوو یەکێک لە داگیرکەرە مەترسیدارەکانی کوردستان، هیچکات ئامادە نیە زانیاریی راست لەسەر خۆی و شەرەکانی لەگەڵ کوردەکاندا بڵاو بکاتەوە و هەموو ئەوانەی بڵاوی دەکاتەوە لەسەر بنەمای چیرۆک و بۆ پروپاگاندا دانراوە. رێبازێکی بەوشێوەیە (مانیپۆلاسیۆن) لەلایەن پەکەکەشەوە پەیڕەو دەکرێت. پەکەکە سەرجەم مێژووی خۆی لەسەر بنەمای چیرۆک و پروپاگاندا بنیات ناوە. بەپێی بەیاننامە فەرمییەکانی پەکەکە، هەموو شتێک لەسایەی عەبدوڵڵا ئۆجەلانەوە دروست بووە کە بەردەوام هەنگاوی بێ هەڵە هەڵدەگرێت. هەمووکەس دواکەوتوون، خراپن و نائاگان بەڵام ئۆجەلان رێبەرێکی بێ کوموکووڕی، بێ هەڵە و پیرۆزە. پەکەکە تەنها لەسەر بنەمای عەقیدەتیە کە هێشتا لەسەرپێ ماوە.

بە روونی دیارە کە هەڵسەنگاندی ئەو پرۆژە 45 ساڵیەی باکووری کوردستان لەسەر بنەمای ئەو دوو روانگە مانیپولاسیۆنە تەبلیغاتیانە، ئێمە بە تێگەیشتنێکی واقیعبینانە ناگەیەنن.

پەکەکە مێژووی کورد ئینکار دەکات

لەژێر ئەو قسەیەی کە پەکەکە شەڕ دەکات و خوێنی لەبەر دەڕوات، یەک رەخنەی بچووکیش قبووڵ ناکرێت و ئەوەشی جاروبار دکرێت زۆر سنووردارە. بەتایبەتی نەسڵی نوێی کورد لە رووی ئیحساسەوە لە پەکەکەوە نزیک دەبێتەوە بەبێ ئەوەی کە پرسیار بکات و شک و گومانی لەلا دروست ببێت، پەکەکە وەکوو راستی و هەقیقەتی موتڵەق دەبینێت. بەڵام ئەو زیان و چەواشەکاریانەی کە پەکەکە دەرحەق بە مێژووی کورد کردوونی زۆر لەوانەی دەوڵەتی تورک زیاترن. پەکەکە وا نیشان دەدات کە مێژووی کوردستان لەگەڵ دامەزرانی ئەوانەوە دەستیپێکردووە. بەپێی ئەو روانگەیەی پەکەکە، بەر لە دامەزرانی ئەو حیزبە لە باکووری کوردستان و سەرجەم پارچەکانی دیکەی کوردستاندا کورد و کوردایەتی بوونیان نەبووە. کوردایەتی لەناوچووە و پەکەکە کوردی مردووی لە قەبر دەرهێناوە و زیندووی کردۆتەوە. ئەو تێگەیشتنەی کە لە ئەنجامی ئەو روانگەیەوە دروست دەبێت ئەوەیە: “ئەگەر پەکەکە نەبوایە کوردیش نەدەما، کەواتە پەکەکە هەر کارێک بکات دروستە و هەموو کەس مەدیونی پەکەکەیە و پێویستە گوێڕایەڵی پەکەکە بێت”.

کاتێک کە پەکەکە ئەو کارە دەکات، بەشێوەی میتۆلۆژی هەڵسەنگاندن بۆ مێژوو دەکات و بە شێوەی هەستەکی مێژوو چەواشە و راستییە مێژووییەکان پەردەپۆش دەکات. ئەوەی کە پەکەکە دەیڵێت تەنها ئەفسانەیەکە، بەڵام لە ئەمری واقێعدا بە هەزاران لەسێدارەدان، کوشتن، چۆڵ کردن وکاول کردنی گوندەکان و ئازاری ئەو منداڵانەی کە هەتیو دەکەون، دەزگاکانی هەواڵگری، رێکەوتنی ژێربەژێر و بازرگانی کردن بە خوێنی لاوانی کورد و… بوونیان هەیە. لەهەموویان گرینگتر بوونی ئەو شەڕەیە کە نازانرێت دژ بە کێ و بە چ ئامانجێک بەڕێوە دەچێت. لە رستیدا شەڕێک بوونی هەیە کە بەهەموو شێوەیەک دژ بە کوردەکان بەڕیوە دەچێت.

کێ شەڕ دەکات و کێ بەڕێوەی دەبات

لە دەسپێکی شەڕی پەکەکەوە هەتا ئێستا، تەنها لە باکووری کوردستان زیاتر لە 40 هەزار کەس، گیانیان لەدەستداوە، بە هەزاران گوند چۆڵ و کاول کراون، بەهەزاران کەس بریندار بوون و بە ملیۆنان کورد ئاوارە و دەربەدەر بوون. گەلی کورد کوشتاری بکەر نادیار، زیندانی کران، لەسێدارەدان و بێ سەروشوێن کردن و سووتاندنی گوندەکانیان بەچاوی خۆیان بینیوە. بە هەزاران لاوی دڵ پڕ لە هیوا بە ئاواتی جەنگان لەپێناو رزگاریی کوردستاندا روویان لە شاخەکان کرد، بەڵام بەدەیان بەڵگەی مێژوویی حاشاهەڵنەگر هەن کە دەیسەلمێنن ئامانجی گەل و ئامانجی ئەو کەسانەی کە بازرگانی بە شەڕەوە دەکەن بەتەواوی لێک جیاوازن. پەکەکە ئافرێنەری خەباتی گەلی کورد نیە، گەلی کورد هەر لە زات و سروشتی خۆیدا، نەتەوەیەکی خەباتکار و شۆڕشگێڕە و هەرکات پێویست بووە بەمەبەستی جەنگان لەپێناو رزگاری نیشتمانەکەیدا رووی لە شاخەکان کردووە. رەخنە گرتن لە پەکەکە نەک هەر بەمانای رەخنە گرتن لە گەلی کورد و ئەو شەهیدانە نایەت کە گیانیان لەپێناو کوردستاندا فیدا کردووە، بەڵکوو بەپێچەوانەوە ئاشکرا کردنی مێژووی 50 ساڵەی رابردووی کورد دەریدەخات کەوا چۆناوچۆن پەکەکە بۆتە بزووتنەوەیەکی دژە ـ شۆڕشگێڕی دژ بە بزاڤی رزگاریخوازانەی کوردستان و دەیهەوێ خۆی بەخاوەنی سەرجەم ئەو گیانفیدایی و قوربانیانە بزانێت کە گەلی کورد لەپێناو رزگاریی یەکجاریدا پێشکەشی کردوون. هەر بۆیە ئێمە لە داهاتوودا مێژووی شەڕ و کەموکووڕیەکانی پەکەکە لە 50 ساڵی رابردوودا دەنووسین.

لە بەشی دووەمدا هەوڵ دەدەین وەڵامی ئەم پرسیارانە بدەینەوە: پەکەکە گوللـەی یەکەمی بە کێیەوە نا؟ پەکەکە لەسەر چ بناخەیەک دامەزرا؟

پوستێن ھەمان بەش