لە هێڵی 15ی تەباخەوە هەتا هێڵی 15ی شوبات؛ لەناو پەکەکەدا چەک و توندوتیژی

بەشی 7: مردنی پەکەکەی ساڵانی هەفتاکان لە کۆنگرەی سێهەمدا و سەرلەنوێ خوڵقاندنی “ئال یۆڵداش” وەکوو سەرۆک ئاپۆ

چوار ساڵی نێوان 1986 هەتا 1990، واتە لە کۆنگرەی 3ی پەکەکەوە هەتا کۆنگرەی 4، بۆ پەکەکە قۆناغی گوزارە، واتە پەکەکەیەکی نوێ و عەبدوڵڵا ئۆجەلانێکی نوێ خوڵقا.

کۆنگرەی تەسفیە کردن و هەموار کردنی رێگای بە سەرۆک کردنی ئۆجەلان

کۆنگرەی سێهەمی پەکەکە خاڵێکی وەرچەرخانە لە مێژووی ئەو حیزبەدا و هەنگاو بەهەنگاو جەوهەری پەکەکەی گوڕی. جەمیل بایک لە کتێبەکەی لەسەر مێژووی پەکەکە سەبارەت بە کۆنگرەی سێهەم دەڵێت: “ئەو کۆنگرەیە گرنگترین کۆنگرەی پەکەکە بوو، لەبەر ئەوەی قۆناغی دامەزرانی پەکەکە کۆتایی پێهاتبوو و ئیدی پێویست بوو دەوروبەری پەکەکە پاک و شەفاف بکرێتەوە”.

قسەکانی جەمیل باییک راستییەکی شاراوە دەخاتەڕوو. لە پەکەکەدا بزاڤێک دروستبوو. تەسفیە کردنی ژمارەیەک لەو کەسانەی کە پەکەکەیان دامەزراند، حەماڵییان کرد، لە لوبنان بە نانەسک ژیان، ئەو کەسانەی کە پەکەکەیان لەسەر پێ راگرت، تەسفیە کران.

لە ئەساسدا لە ساڵانی نێوان 1980 هەتا 1992 شەڕێکی نێوخۆیی، شاراوە و خوێناوی لەناو پەکەکەدا هەبوو. ئێمە ئەو ساڵانەی مێژووی پەکەکە وەکوو “قۆناغی ناڤینی تاریک” ناو دەبەین. ئەو کەسانەی کە شایستەی رێبەرایەتی کردن بوون، سەرجەمیان لە لۆلان و لوبنان کوژران. ئەو کەسانەش کە لەپەکەکە جودا ببوونەوە، کوژران. لە چەقی ئورووپادا پەکەکە مرۆڤی پارچە پارچە دەکرد. زۆر کەسی بە بیانووی بێ بنەما و بەشێوەی وەحشیانە کوشت و بۆ ئەوەی هیچ بەڵگەیەکیش نەهێڵیتەوە بێسەروشوێنی کردن. هەڵەی هەرە مەترسیدار، دروست کردنی تیۆری هەڵەیە، ئەوەی کە پەکەکە کردی.

لە ساڵانی 1970دا پەکەکە بە دزیەوە توندوتیژیی لەناو خۆیدا بەکار دەهێنا، بەڵام ئۆجەلان لە ساڵی 1984 بەملاوە کوشتنی کادەرەکانی تیۆریزە کرد. ئیدی کوشتاری ناوخۆیی، ناوی “جەنگی دەروون تەشکیلاتی” لەسەر دانرا و زۆربەی شەڕڤانەکانیش ئۆجەلان وەکوو نموونەیەک بۆ خۆیان دادەنێن. دوو کتێبی سەرەکیی پەکەکە هەن؛ “گرفتی کەسایەتی لە کوردستان، تایبەتمەندیەکانی میللەتانی شۆڕشگێڕ، ژیانی حیزبیانە و تەسفیە کردنی تەسفیەچیەکان”، کوشتارە ناوخۆییەکانی پەکەکە لەو کتێبانەدا رەوایەتییان پێدراوە. فەرمانی کوشتاری ئەو کەسانە دەرکراوە کە لەچوارچێوەی ستاندارەدەکانی پەکەکەدا نەبن.

دوران کاڵکان: سەرم سووڕماوە

کادرەکانی پەکەکە نەیاندەتوانی بڕوا بکەن، ئەوە ئەو حیزبەیە کە ئەوان دایانمەرزاند و تێکەڵی بوون. دوران کاڵکان یەکێک لە رێبەرانی پەکەکە، لەسەر کردەوەکانی لە باشووری کوردستان بەر لە کۆنگرەی سیهەم لێپێچینەوەی لێ کراوە. کاڵکان قسە لەگەڵ عەڤدوڵڵا ئۆجەلاندا بکات، بەڵام ئۆجەلان رەدی دەکاتەوە. بە ناچاری نامەیەکی بۆ دەنووسێت. کاڵکان دەربارەی هێندی نزیکایەتی و هەڵوێست لە کۆنگرەی سێهەمی پەکەکەدا دەڵێت: “سەرم سووڕماوە”.

ئۆجەلان لە کۆنگرەی سێهەمدا ئەو کادرانەی کە هەستی بکردبا ئاستەنگن، هەمووی وەلا دەنان. ئۆجەلان لە رێگای کادرەکانی خۆیەوە وەکوو دووران کاڵکان، عەلی حەیدەر قەیتان، نەسڵێکی وەکوو سەمیری لە مەیدان وەدەرنا. ئیدی کاتی تەسفیە کردنی دووران کاڵکان و عەلی حەیدەر قەیتانیش هاتبوو. ئەندامەتی قەیتان، کاڵکان و فاتمە “کەسیرە یەڵدرم” لە ناو پەکەکەدا هەڵپەسێردرا و کردیانن بە ئەندامی ERNK و رەوانەی ئورووپا کران.

ئاپۆ ئەو قسانەی خەیری دوورمووش کە دڵێت “ئەگەر من مردم لەسەر کێلەکەم بنووسن مەدیوون بوو”، وەکوو چەکێک لە دژی چالاکانی پەکەکە بەکار دەهێنا. دەیگوت هەموو کەس مەدیوونی حیزبە. هەموو کەس پێویستە هەتا ئەو کاتەی دەمرێت ئەوە ئیسپات بکات. هەموو کەس دەبێت ئیرادەی خۆی تەسلیمی پەکەکە بکات، واتە هەموو کەسایەتی و تواناکانی خۆی تەسلیمی ئۆجەلان بکات. ئەوانەی کە تەسلیمی نەکەن، مافی ژیانیان نیە. ئۆجەلان کەسێکە کە بۆ تاقەجارێکیش نەچووەتە شەڕ، گیانی لە مەترسیدا نەبووە، فیشەکێکیشی نەتەقاندووە، بەڵام بەشێوەیەکی بێڕەحمانە رەخنە لە ئەندام و شەڕڤانەکان دەگرێت.

ئیدی پەکەکە گەیشتە ئەو هاوسەنگیەی کە ئۆجەلان دەیهەویست

جیاوازی نێوان سەرۆکایەتی تاکتیکی و سەرۆکایەتی ستراتژیک

پاش 1986، پەکەکە هیچ پەیوەندییەکی بە پێڕەو و پرۆگرامی حیزبیەوە نەمابوو. ئیدی بەرنامە و ئەساسنامە تەنها بەڵگەی پروپاگاندا بوون. هیچ ئەندامێک نەیتوانیبوو بەپێی پێڕەو داوای مافەکانی بکات. رێبەرایەتی بەپێی پێڕەو هەڵنەدەبژێردران یان وەلانەدەنران. تەنها پێڕەوێک و بەرنامەیەک هەیە ئەویش بێ هیچ شک و گومانێک، سەرۆک عەبدووڵا ئۆجەلانە.

لەوکاتەدا ئۆجەلان بۆ رەوایی دان بەو دۆخە، گوتارێکی تیئۆریکی نوێی گرتەبەر. ئاپۆ ئەو دوو چەمکەی کردنە رۆژەڤ: سەرۆکایەتی تاکتیکی و سەرۆکایەتی ستراتژیک. لە راستیدا ئەو چەمکانە بۆ ئەوە دروست کران تاوەکوو کارمەندانی بەڕێوەبەری سنوورەکانی خۆیان بزانن. چونکە رێبەری ستراتژیک تەنها عەبدوڵڵا ئۆجەلانە. ئەویش نەگۆڕە و نابێ موناقشەی لەسەر بکرێت و رەخنەی لێ بگیردرێت. رێبەری تاکتیکییش ئەرکی ئەوەیە کە پارێزگاری لە رێبازی عەبدوڵلا ئۆجەلان بکات. پێویستە هەموو کاتیش وەفاداریی خۆیان بسەلمێنن. سەرۆکایەتی تاکتیکی سەرچاوە هەموو کەموکووڕیەکانە و ئۆجەلان بۆی هەیە هەرکات حەزی کرد وەلایان بنێت. دەتوانین بڵێین کە خەنجەری ئۆجەلان بەردەوام لەسەر ملیان بوو و هەردەم دەیتوانی ملیان لێبکاتەوە. سەرئەنجام هەر واشی لێهات.

ئۆجەلان و سەرۆکایەتی تاکتیکیی نوێ

ئۆجەلان لە ئەندامانی “رەحا”وە دەستیپێکرد. لەو رۆژەوە هەتا ئێستا لە رەحا تەنها ناوی موراد قەرەیەلان ماوە. بەڵام تەنها رەحا بەس نەبوو. (پێویستە لەو سۆنگەیەوە سەرچاوەی ناکۆکیەکانی نێوان قارایالان ـ باییک ـ کاڵکان و قەرەسوو ببیندرێت.) ئۆجەلان پێویستی بە هێندێک سیمای زیاتر شەڕانگێز هەبوو. هێندێک سیمای وەکوو کۆر جەمال (خەلیل کایا)، هۆگر (جەمیل ئیشک)، زەکی (شەمدین ساکک) و شاهین بالیچ پێش کەوتن.

ئەرکی پێکهێنانی هێڵی کۆنگرەی سێهەم بەو کەسانە سپێردرا. لە راستیدا ئەرکی سەرەکی کۆنگرەی سێهەم جێبەجێ کردنی “یاسا سەربازیەکان” بۆ پەیوەست کردنی شەڕڤان بە پەکەکەوە بوو. هاوکات ئەرکی دووەمیش شێواندنی “هێڵی خیانەت” لە کوردستاندا بوو. ئەو دوو بڕیارە لە ناوچەکانی وەکوو بۆتان ـ ماردین و زاگرۆس، دەسپێکی قۆناغێکی نوێ بوون. پەکەکە سەرە ریگای دەگرت، لاوانی دەڕفاند، موختاری دەکوشت، پارەی کۆ دەکردەوە و ئەو کەسانەی کە کەیفیان پێیان نەهاتبا سزا دەدران و باجیان لێوەردەگیرا. هەڵکوتانە سەر گوندەکان دەستیان پیکرد. ستوونەکانی کارەبا تێکدران، قوتابخانەکان سووتێندران و مامۆستاکانیان کوژران. ژمارەی ئەو خەڵکە سڤیلەی کە بەهۆی پەکەکە گیانیان لەدەستداوە، زۆر زۆر زیاترە لە ژمارەی ئەو عەسکەرانەی کە پەکەکە کوشتوونی. لە چالاکایەکاندا تەنها خەڵکی ئاسایی دەکرانە ئامانج. لە سەرانسەری بۆتان ـ زاگرۆسدا جەوێکی ترس و تۆقاندن خوڵقا.

کارەساتی یاسای سەربازی و سیستمی جاشایەتی

پەکەکە لەهەر شوێنیک کە بۆی کرا وەکوو بۆتان و جوولەمێرگ، دەستی بە جێبەجێ کردنی یاسای سەربازی (کۆکردنەوەی زۆرەملێی شەڕڤان) کرد. دەڕۆیشتە سەر ئەو ماڵانەی کە هەر رۆژ نانی ێیدا دەخوارد و لە چادرەکانیاندا دەمایەوە، ئەمجار دەستی بە گرتنی لاوەکانیان کرد. تەنانەت زۆرجار ژن و منداڵانی ماڵەکەی دەڕفاند و دەیگوت هەتا لاوەکانتان نەیەن و خۆیان رادەستی ئێمە نەکەن بەریان نادەین. منداڵانی تەمەن 8 بو 9 ساڵانیش بەپێی “یاسای سەربازی” بە زۆر رفێندران. بەشێکیان کە دەیانهەویست بگەڕێنەوە ماڵی خۆیان، کوژران. ئیدی خەڵکی بۆتان لەو پەکەکەیە تۆقیبوون کە ئەوان لە ساڵی 1983 بۆ 1985 لە ئامێزیان گرتبوو.

هاوـ ئافراندنی دەوڵەت و پەکەکە: سیستمی جەردەڤانی

لە ساڵی 1986دا پەکەکە دەستی بە شەڕ دژ بە عەشیرەتەکان کرد. هەرکەسێک کە بڕیارەکانی پەکەکەی جێبەجێ نەکردبا و گوێڕایەڵی نەبوایە، وەکوو خائین دەناسرا. ناکۆکییەکانی نێوان عەشیرەت و گوندەکانی قووڵتر کردەوە. پەکەکە عەشیرەتێک یان بنەماڵەیەکی دەگرتە خۆی و دژ بەوانی دیکە بەکاری دەهینا. پەکەکە کۆمەڵگەی لێک دابڕاند و لە بەرانبەری یەکتری داینان.

یاسای سەربازیی زۆرەملێی پەکەکە و سیستمی جەردەڤانی دەوڵەتی تورک، ئامانجیکی هاوبەشیان هەبوو

پەکەکە داوای بەیعەت پێدانی لەو عەشیرەتانە دەکرد کە لەمیژووی خۆیاندا سەریان بۆ کەس نەوی نەکردبوو. عەشیرەتەکان دەسەڵاتدارانی نا فەرمی ناوچەکان بوون و خاوەن گەورە و خانەدان بوون. پەکەکە عەشیرەتەکانی بەرەو لای دەوڵەت پاڵ پێوەنا. یەکێک لەو عەشیرەتانە عەشیرەتی ئالا بوو.

خەلیل کوڕی سەعدوون ئاغای سەرۆکی عەشیرەتی ئالا کۆمەڵێک پێداویستی لۆژێستیکی بۆ پەکەکە دەبات. لە سەردانەکەدا “عەلی درێژ” فەرماندەی پەکەکە، داوای دەمانچەکەی خەلیل دەکات. خەلیل پێی دەڵێت ئەوە لە باپیرمەوە وەکوو میرات بۆم بەجێماوە و ناتوانم پێتی بدەم. عەلی درێژ هەڵدەستێت و هەر لەوێ خەلیل دەکوژێت و دەمانچەکەی دەبات بۆخۆی. تەرمەکەشی لە هێسترێک بار دەکات و رەوانەی گوندی دەکاتەوە. پاش ئەو رووداوە عەشیرەتی ئالا چەکی دەوڵەتی هەڵگرت.

پەکەکە بە چاوی دوژمن سەیری عەشیرەتەکانی دەکرد و هێرشکارانە لەگەڵیان دەجووڵایەوە. عەشیرەتەکان لەو هەڵویستەی پەکەکە قەڵس بوون. پەکەکە پاڵی  بە عەشیرەتەکانەوە نا تا لە دەوڵەت نزیک ببنەوە. دەوڵەتیش ئەو هەلەی قۆستەوە و عەشیرەتەکانی بۆلای خۆی ڕاکێشا.

عەشیرەتی ژیرکیاش بە هەمان شێوە پاش ئەوەی کە ژمارەیەک لە ریش سپیەکانی عەشیرەتەکەیان و بنەماڵەی کەرەڤان ئاغا لەلایەن پەکەکەوە کوژران، چەکیان هەڵگرت. ئەو ئیدئۆلۆژیە چەپەی پەکەکە کە نەتەوەی کوردی پێ تەحەمول ناکرێت و دوژمنایەتی عەشیرەتەکان دەکات، پێشتریش هەبوو. کاتێک کە پەکەکە خۆی وەکوو تاقە دەسەڵاتدار دەبینی و دەسەڵاتی بەسەر هەموو ناوچەکەدا هەبوو، عەشیرەتەکان لە نێوان ناڵ و بزماردا مانەوە. پاش ئەوەی پەکەکە دەستی دایە کوشتاری عەشیرەتەکان، ئیدی ئەوان بە ناچاری روویان لە دەوڵەتی تورک کرد. لە ساڵانی 1985 هەتا 2009، بە فەرمی 123 هەزار و 476 کەس لە باکووری کوردستان بوونەتە جاش و لەشکرێکی تایبەتیان بۆ پێکهێنراوە. ناکرێ پرسی جاشایەتی تەنها بە زیرەکی دەوڵەتە گرێ بدەین، ئەوەی کە رێگای بۆ بە کردەیی کردنی جاشایەتی خۆش کرد، کردەوەکانی پەکەکە بوون. جاشایەتی لە ئەنجامی پەیوەندی و ناکۆکی پەکەکە و دەوڵەت دروست بوو.

پەکەکە وەکوو هەمیشە، گوناحەکەی خستە ئەستۆی سەرۆکایەتیی تاکتیکی و بەڕێوەبەرانی ئەو سەردەمەی یەک بە یەک تەسفیە کرد.

پوستێن ھەمان بەش