وازهێنان لە پەکەکە، خیانەت یان نیشتمانپەروەری؟ ـ بەشی یەکەم

وازهێنان لە پەکەکە، خیانەت یان نیشتمانپەروەری؟

ئاپۆ پاش تەسلیم بوونی رایگەیاند ئامانجی ئێمە دەوڵەتی سەربەخۆی کوردستان نیە و دەوڵەتی تورکیا دیموکراتیەو پێویست ناکات شەڕی لەدژ بکەین.

بەشی یەکەم

پەکەکە یەکێک لەو رێکخراوە ئایدۆلۆجیانەیە کە لەسەر بنەمای تیۆری مارکسیست ـ لینینیستەکان، لەباکووری کوردستان دامەزراوە. پەکەکە وەکوو سەرجەم رێکخراوە ئایدۆلۆجیەکانی هاوشێوەی، خاوەن سیستەمێکی وشک و چەقبەستوو لە ناوخۆو دەرەوە بوو. پاش تەسلیم بوونی ئۆجەلان و گەڕانەوەی بۆ تورکیا لە ساڵی 1999دا، بەشێک لە سەرکردەکانی ئەو حیزبە لەسەر هەڵوێستەکانی ئۆجەلان لە ئیمرالی و گۆڕینی ستراتجی پەکەکە لە دامەزرانی دەوڵەتێکی سەربەخۆی کوردیەوە بۆ برایەتی گەلان، لەو حیزبە جودا بوونەوە. دواتر پەکەکە ئەو کەسانەی بە خائین، ئاژان، میت و نیشتمانفرۆش ناساند و بەشێکی بەرچاو لەو کەسانەی تیرۆر کرد و ئەوانەشیان کە ماون زۆربەیان بە هەڕەشە و بە داری زۆر، بێدەنگ کراون.

پێگەی “دارکا مازی” بە پشت بەستن بە کتێبی “پارتی کرێکارانی کوردستان لە عەبدوڵڵا ئۆجەلانەوە هەتا جەمیل بایک” لە نووسینی “حامید گەوهەری”، هەروەها لێدوانی بەشێک لەو سەرکردانەی کە لە پەکەکە جودا بوونەتەوە، هەوڵ دەدات راستییەکانی پەکەکەو هۆکاری وازهێنانەکانیان ئاشکرا بکات و بۆ گەلی کوردی روون بکاتەوە کە ئەو کەسانەی پەکەکە بە خیانەتکار ناویان دەبات، بەهۆی بیروباوەڕی قووڵیان بە کوردایەتی و هەستی بەرزی نیشتمانپەروەرییان بەرانبەر بە کوردستان، ئامادە نەبوون بکەونە ژێر کاریگەریی فەرمانە هەڵەو دژە نەتەوەییەکانی ئۆجەلان کە دەوڵەت لە زیندانی ئیمرالیەوە پێی دەکردن و هەربۆیە هیچ رێگایەکیان جگە لە جودابوونەوە لە پەکەکە بۆ نەماوەتەوە.

سەرەتا ئێمە بە نیزامەدین تاش واتە “بۆتان” دەست پێدەکەین کە یەکێک لە ئەندامانی سەرکردایەتی پەکەکە بووەو لەو حیزبە جودا بووەتەوە. دەمانهەوێ لە زمانی هەڤال بۆتانەوە باس لە هۆکارەکانی هەڵوەرین لە ریزەکانی پەکەکە و رووی راستەقینەی پەکەکە بکەین.

نیزامەدین تاش “بۆتان” لە ساڵی 1961دا لە شاری مووش سەر بە قەزای وارتۆ لەدایکبووە. بۆ مامۆستایەتی خوێندوویەتی، بەڵام بەر لەوەی ببێتە مامۆستا لە ساڵی 1976دا پەیوەست بووە بە ریزی رێکخراوی ئایدۆلۆجیای پەکەکەوە. لە ساڵی 1984 هەتا سالی 2004، فەرماندەی سەربازیی پەکەکە بووە. لەساڵی 1986 و لە کۆنگرەی سێهەمی پەکەکەدا وەکوو ئەندامی سەرکردایەتی ئەو حیزبە هەڵبژێردراوە. لە کۆنگرەی شەشەمدا بۆتە ئەندامی کۆنسەی سەرۆکایەتی پەکەکە. “بۆتان” بەمشێوەیە باس لە جودابوونەوەی خۆی لە پەکەکە دەکات:

“ئۆجەلان گوتی ئامانجی ئێمە دامەزراندنی دەوڵەتێکی سەربەخۆی کوردی نیە”

پاش تەسلیم بوونەوەی عەبدوڵڵا ئۆجەلان، لە ساڵی 2000دا دابڕان و جیابوونەوە لە ریزەکانی پەکەکەدا پەرەی ئەستاند. ئاپۆ چەند کتیبێکی لەسەر دەستبەسەر کردنی خۆی نووسی. پەکەکە دەیگوت ئارمانجی ئێمە بنیاتنانی دەوڵەتێکی سەربەخۆو دیموکراتیە و بۆ ئەو ئارمانجەشمان شەڕ دەکەین. بەڵام ئاپۆ پاش تەسلیم بوونی رایگەیاند دەوڵەتی تورکیا دیموکراتیەو پێویست ناکات ئێمە شەڕی لەدژ بکەین، رێگاچارەسەری پرسی کوردان لە تورکیا رێگەی سیاسی و دیموکراسیەتە نەک رێگای سەربازی و شەڕ. هەروەها ئۆجەلان راشیگەیاند کە ئامانجی ئێمە دامەزراندنی دەوڵەتی سەربەخۆی کوردستان نیەو ئێمە پرسی کورد لەچوارچێوەی تورکیادا چارەسەر دەکەین. ئێمەش گوتمان مادام پەکەکە دەستی لە دەوڵەتی کوردی هەڵگرتووە، پێویستە ستراتجی خۆی لەسەر بنەمای سیاسەت و دیموکراتیەت بنیات بنێت و دەبێ لەبواری رێکخستن، ئایدۆلۆجیا، فەلسەفە، پراکتیک و بەگشتی هەموو سیستەمەکەی بگۆڕێت. بۆ ئەو مەبەستەش پێویستە بەرنامەیەکی نوێ دابنێت و بەپێی ستراتجیەکی نوێ، ریفۆرم بکات.

“کۆنگرەی 8مان بەست و ناوی پەکەکەمان بۆ “کۆنگرەی ئازادی و دیموکراتی کوردستان” (کادەک) گۆڕی”

ئێمە گوتمان ئەگەر جارێکی دیکە بڕیار بدەین دەوڵەتی کوردی دابمەزرێنین چ باشتر، ئەگینا پێویستە ئێمە شەڕ رابگرین. بۆ ئەو ئامانجە نوێیە پێویست ناکات کورد بکوژرێت. لەسەر ئەو قسانەی ئێمە بەشێوەیەکی گشتی نیقاش کراو لەلایەن هەموو کەس و تەنانەت خودی جەمیل بایکیشەوە پەسند کرا. ئێمە کۆنگرەی “هەشتەم”مان بەست و ناوی پەکەکەمان بۆ “کۆنگرەی ئازادی و دیموکراتی کوردستان” KADEK گۆڕی. بە زۆرینەی دەنگ ئەو ناوە لە کۆنگرەی پەکەکەدا پەسند کرا. بۆ ئەوەی بڕیارەکان فەرمییەتیان پێ بدرێت، ئێمە رەوانەمان کرد بۆ ئیمرالی تاوەکوو ئاپۆ واژۆی لەسەر بکات. ئاپۆ دژایەتی نەکرد و بە شێوەی زارەکی قبووڵی کرد. بەڵام هەر حەوتوویەک بەشێک لە نووسینەکانی ئێمەی دەگۆڕی و بەرنامەکەی ئێمەی هەڵوەشاندەوەو ئێمەش ناچار بووین بەپێی ئۆجەلان نووسینەکانمان بگۆڕین. بۆ نموونە ناوەکەی گۆڕی و کردی بە “ئەنجومەنە جڤاتا کوردستان بۆ کۆنفەدرالیزما دەمۆکراتیک بۆ رۆژهەڵاتا ناڤین”.

“ئۆجەلان 3 پارێزەری خۆی بە ناوەکانی مەحموود شاکر “پیاوی ئەرگەنەکۆن”، عیرفان دۆندار کە دواتر دەرکەوت سەر بە میت بووەو بەکر کایا سەرۆکی شارەوانی “وان”ی هەناردە قەندیل”

دواتر حکوومەتی ئاکەپە هێندێ هەنگاوی بۆ بە دیموکرات کردنی دەوڵەت هەڵگرت. ئەو مژارە بە دڵی ژنراڵە سەربازیەکانی تورکیا نەبوو. لەبەر ئەوەی راوەستاندنی شەڕ دەسەڵاتەکانی ئەوانی کەم دەکردەوە. هەر بۆیە ئۆجەلان داوای لە پەکەکە کرد کە جارێکی دیکە دژ بە سوپای تورکیا دەست بە شەڕکردن بکاتەوە. ئۆجەلان 3 پاریزەری خۆی بە ناوەکانی مەحموود شاکر “پیاوی ئەرگەنەکۆن”، عیرفان دۆندار کە دواتر دەرکەوت سەر بە میت بووەو بەکر کایا سەرۆکی شارەوانی “وان”ی رەوانەی قەندیل کرد. ئەو سێ کەسە بۆ ماوەی 3 مانگ لە قەندیل مانەوەو زۆرجاران لەگەڵ گریلاکان کۆبوونەوەیان ساز دەکرد و دەیانگوت بە بڕیاری سەرۆک ئاپۆ پێویستە کۆنگرەی ئاوارتە ببەسترێت و لەو کۆنگرەیەدا بڕیاری دەستپێکردنەوەی شەڕ دژ بە تورکیا پەسند بکرێت.

“17 ئەندامی سەرکردایەتی پەکەکە لەدژی ئۆجەلان هەڵوێستیان گرت و ساڵی 2004 جودا بوونەوە”

پارێزەرەکانی ئۆجەلان هەموو حەوتوویەک دەگەڕانەوە تورکیاو لەگەڵ ژنراڵەکانی تورکیادا کۆدەبوونەوەو دیسان دەگەڕانەوە قەندیل. بەهۆی ئەو هاتوچوونانەوە جارێکی دیکە ناوی پەکەکە لەسەر ئەو حیزبە دانرایەوەو ئێمە کە ئەم 17 ئەندامەی سەرکردایەتی پەکەکە بووین لە دژی ئەو داواکاریەی ئۆجەلان هەڵوێستمان گرت و لەساڵی 2004دا لە پەکەکە جودا بووینەوە:

نیزامەدین تاش “بۆتان”، خەلیل ئاتاج “ئەبۆبەکر”، خدر یالچین “سەرهات خدر”، ساری قەیا “ئەکرەم”، دورسن عەلی کووچک، عوسمان ئۆجەلان “فەرهاد”، فەیسەل دوملایجی “کانی یلماز”، رەحیمە یلدرن، شاپۆر بادوشیوە “سیپان رۆژهەڵات”، کوردی ناوچەی سەلماسی رۆژهەڵاتی کوردستان، سالح “کەمال سوور”، کوردی رۆژئاوای کوردستان، حەسەن ئاتمەجات “فەرحان”، سلێمان قایدن “جەلال شێرنەخی” و…هتد.

لەو 17 کەسەش هەتا ئێستا 8 کەسیان لەلایەن پەکەکەوە تیرۆر کراون

شایانی باسە زیاتر لە 2000 گریلا لەگەڵ ئێمە جودا بوونەوەو هەروەها لەو 17 کەسەش هەتا ئێستا 8 کەسیان لەلایەن پەکەکەوە کوژراون.

لە بەشی دووەمی ئەم نووسینەدا ئێمە باسی “خەلیل ئاتاج” بە کۆدناوی ئەبووبەکر، یەکێکی دیکە لە ئەندامانی سەرکردایەتی پەکەکە دەکەین کە بەهۆی گۆڕینی ستراتجی پەکەکەوە پاش تەسلیم بوونەوەی ئۆجەلان بە دەوڵەتی تورکیا، لەو حیزبە جودا بوویەوە.

پوستێن ھەمان بەش