وازهێنان لە پەکەکە، خیانەت یان نیشتمانپەروەری؟ ـ بەشی چوارەم

وازهێنان لە پەکەکە، خیانەت یان نیشتمانپەروەری؟ ـ

“لەناو پەکەکەدا ستراتجی و بنەمای فیکری و فەلسەفی و ئایدۆلۆجیا هەموویان رواڵەتین و تەنها سەرچاوەی داڕشتنی ستراتجی پەکەکە، ئەو جیگایەیە کە ئۆجەلانی تێدایە”.

بەشی چوارەم

مستەفا شەفیق ناسراو بە “هەڤاڵ ئاری”، لە ساڵی 1966دا لە گوندی ئیدلبی سەر بە ناوچەی مزووری باڵای باشووری کوردستان، لەدایکبووە. ساڵی 1985 ـ 1986 لە بەشی پزیشکی زانکۆدا وەرگیراوە بەڵام لەباتی زانکۆ رۆیشتۆتە ئێران و بۆ ماوەی 4 ساڵ لە شاری ورمێ و ناوچەکانی دەوروبەری ماوەتەوە. ئەندامی یەکیەتی خوێندکاران و قوتابیان بووە و دواتر بۆتە ئەندامی پارتی دیموکراتی کوردستان.

لە کانوونی دووەمی سالی 1989دا وەکوو یەکەمین گرووپی گەنجانی باشووری کوردستان لەگەڵ 13 گەنجی دیکە پەیوەست بە ریزەکانی پەکەکەوە بوون. مستەفا شەفیق هۆکاری پەیوەست بوونی بە ریزەکانی پەکەکە بۆ پرسە فیکریەکانی وەکوو سۆسیالیزم و بەدەستهێنانی دادپەروەری کۆمەڵایەتی دەگێڕێتەوە. بەڵام لەناو پەکەکەدا ئەو ویستانەی بەدی نەهاتن و بۆی دەرکەوت کە لەناو پەکەکەدا ستراتجی و بنەمای فیکری و فەلسەفی و ئایدۆلۆجیا هەموویان رواڵەتین و تەنها سەرچاوەی داڕشتنی ستراتجی پەکەکە، ئەو جیگایەیە کە ئۆجەلانی تێدایە.

مستەفا شەفیق لەوبارەوە دەڵێت: “کاتێک ئۆجەلان دەستبەسەر کرا، ستراتجی پەکەکەش گۆڕدرا و ئۆجەلان لە یەکەم دەرکەوتنیدا لە لە مانگی حوزێرانی 1999، لەدادگادا پشتی خۆی بە شێوازی بەرگری و جووڵانەوەی مەزڵووم دۆغان، کەمال باپیر و خەیری دورمووش گەرم نەکرد. ئەو 3 ئەندامەی سەرکردایەتی پەکەکە لە ساڵی 1982دا لە زیندان و مەحکەمەی دیاربەکر، بەرگرییەکی مێژوویی و زانستییان لە خۆیان پیشان دا. بەو بەرگری کردنەیان ستراتجی سەربەخۆیی کوردستانیان خستە ناو پرۆگرامی پەکەکەوە. ئەوەش کاریگەرییەکی زۆر بەرچاوی لەسەر ئێمە دانا”.

“من حەزم دەکرد ئۆجەلانیش هاوشیوەی سەرجەم زیندانیەکانی دیکەی سەر بە پەکەکە، بەرگرییەکی مێژوویی لە کوردان بکات، بەڵام ئەو بەرگریی لە ستراتجیای کۆماری دیموکراتی کرد کە بۆ ئەوەش پێویست نەبوو ئەو هەموو شەڕە بکرێت و ئەو هەموو گیانە بەنرخانە بەخت بکرێن. من هیوادار بووم کە سەرکردایەتی پەکەکە ئەو ستراتجیە قبوول نەکات. بەڵام ئەوانیش بەپێچەوانەی بڕیارەکانی کۆنگرەی 7ی پەکەکە بوو کە تێیدا هاتووە: “ئێمە بەستراوە بە هیچکام لە بڕیارەکانی عەبدوڵڵا ئۆجەلانەوە نابین هەتا ئەو کاتەی کە لەزینداندا بێت هیچ پەیوەندییەکی راستەوخۆی بە رێکخراوەکەمانەوە نیە”. بەڵام بەپێچەوانەی بڕیارەکانی کۆنگرەی 7، کۆنسەی سەرۆکایەتی پەکەکە، ستراتجیی نوێی ئۆجەلانی پەسند کرد. راستیەکەی ئەوەیە کە لەناو پەکەکەدا ستراتجی و بنەمای فیکری و فەلسەفی و ئایدۆلۆجیا هەموویان رواڵەتین و تەنها سەرچاوەی داڕشتنی ستراتجی پەکەکە، ئەو جیگایەیە کە ئۆجەلانی تێدایە. بۆ نموونە پەکەکە 3 قۆناخی تێپەڕ کردووە”.

قۆناخی یەکەم، قۆناخی ئەنقەرەیە، قۆناخی دووەم، قۆناخی سووریایە کە لەو قۆناخەدا سەرجەم ستراتجیەکانی پەکەکە پەیوەست بوو بە تێکەڵاوی ئۆجەلان و سوریاوەو شەڕی چەکدرای دەستیپێکردبوو بەڵام بەشیک لە سرکردایەتی ئەوکات هەر ئاگاشیان لێنەبوو. قۆناخی سێهەم، قۆناخی ئیمرالیە کە لەو قۆناخەدابەهەموو شێوەیەک دەیهەوێت خۆی لەگەڵ تورکیا بگونجێنێت و ستراتجیای کۆماری دیموکراتی و خۆگونجاندنی لەگەڵ تورکیا دانا”.

مستەفا شەفیق بە کۆدناوی “ئاری” یەکێک بووە لە ئەندامانی دامەزرێنەری پارتی ئازادیی کوردستان “پاک” و ئەندامی سەرکردایەتی ئەو حیزبەش بووە. وەک ئەو بۆخۆی دەڵێت پاش کۆنگرەی 7، بۆ راپەڕاندنی ئەرکەکانی پەکەکە رەوانەی ئەرمینیا و قەفقازیا کراوەو ئەویش لەوێ وازهینانی خۆی لە پەکەکە راگەیاندووە.

پوستێن ھەمان بەش