وازهێنان لە پەکەکە، خیانەت یان نیشتمانپەروەری؟ ـ بەشی سێهەم

جیابوونەوە لە پەکەکە، خیانەت یان نیشتمانپەروەری؟

لەڕاستیدا ئازادی لە لای پەکەکە بە تەنیا لە کاتێکدا قبووڵ دەکرێت کە تۆ بەتەواوی لە خزمەت ئایدۆلۆجیای پەکەکەدا کار بکەیت.

بەشی سێهەم

تاوانەکانی عوسمان ئۆجەلان لەناو پەکەکەدا چی بوون؟

بابەتی ئازادی ڕادەربڕین وبیرکردنەوەی ئازاد، بە ئازادی ژیان کردن و بە ئازادی  جووڵانەوە، لەو بابەتانەیە کە پەکەکە لە هەر لایەنێکی دیکە زیاتر پڕوپاگەندەی بۆ دەکات و بازاڕی خۆی پێ گەرم دەکات. هەر کاتێک پەکەکە باس لە ئازادی دەکات مرۆڤ ناشارەزا بێت وا فکر دەکاتەوە کە وشەی ئازادی لە گەڵ سەرهەڵدانی پەکەکە پەیدا بووە و پێش ئەوەی پەکەکە هەبێت هیچ شتێک بە ناوی ئازادیەوە نەبووە.! بەڵام لەڕاستیدا ئازادی لە لای پەکەکە بە تەنیا لە کاتێکدا قبووڵ دەکرێت کە تۆ بەتەواوی لە خزمەت ئایدۆلۆجیای پەکەکەدا کار بکەیت. هەر کاتێک تۆ بتەوێت لە پەکەکە جیا ببیتەوە یان ڕەخنە لە پەکەکە بگری  ئەو کاتە ئازادی هیچ مانایەکی نامێنێت، لەو کاتەدا تۆ دەبیتە خائین، جاش، خۆفرۆش و میتی تورکیا و هیچ بەهایەکت نامێنێت. هەر چەند کە تۆ کوردپەروەر بیت، بەڵام لەو کاتەی کە لە پەکەکە جیادەبیتەوە ئەوا تۆ دەبیتە جاش و خاین و خۆفرۆش.

لە سەر ئەو بنەمایە پەکەکە هەر کەسێک کە لێی جیا دەبێتەوە بە خاین ناوی دەبات. لە بەشی یەک و دوودا ئێمە باسی هۆکاری سەرهەڵدانی هەر یەک لە نیزامەدین تاش بە نازناوی “بۆتان” و خەلیل ئاتاج بە نازناوی “ئەبوبەکر”مان کرد. لەم بەشەی نوسینەکەماندا لە زمانی یەکێکی دیکە لە ئەندامانی کۆنسەی سەرۆکایەتی  پەکەکە کە برای ئۆجەلانە، واتە “عوسمان ئۆجەلان” بە نازناوی “فەرهاد” باس لە هۆکاری جیابوونەوەی لە پەکەکە دەکەین. ئێمە لە زمانی ئەوەوە بۆمان ئاشکرا بوو کە ڕوانگەی پەکەکە لە سەر بە دەوڵەتبوونی باشوور چییە، بۆچی دژایەتی دەکرد و بۆچی هەر کەسێک پشتیوانی لە باشوور کردبا بە جاش و خۆفرۆش تاوانبار دەکرا. ئێمە دەتوانین بە ڕوونی هۆکاری جیابوونەوەی عوسمان ئۆجەلانمان لە پەکەکە بزانین.

عوسمان ئۆجەلان کێیە؟

عوسمان ئۆجەلان “فەرهاد”: لە ساڵی 1958 لە گوندی عەمار لە ناوچەی فەلەدینی پارێزگای ئورفا لە دایک بووە. بۆ مامۆستایەتی خوێندوویەتی، بەڵام لەبەر پەیوەستبوونی بە بزووتنەوەی کوردی لە باکووری کوردستاندا نەیتوانی ببێتە مامۆستا. وەک بۆ خۆی دەڵێت لە ساڵی 1975دا، کاتێک 17 ساڵان بوو، شۆڕشی ئەیلوول ڕاوەستا. بە ڕاوەستانی شۆڕش، نیقاش لە نێوان کوردانی باکوردا دروست دەبێت. ئەو لە گەڵ براکەی خۆی واتە “عەبدوڵڵا ئۆجەلان” دەست بە خەبات دەکات و بە دوای ڕێبازی براکەیدا دەچێت . عوسمان ئۆجەلان لە چاو پێکەوتنێکیدا لە گەڵ حامید گەوهەری لە ڕێکەوتی 1/12/2015 لە سەر بەشداری لەو بزووتنەوەیەدا دەڵێت: بزووتنەوەی ئێمە لە دوو خەتی چەپ و نەتەوەیی پێک هاتبوو. من وەکو عوسمان ئۆجەلان بەشداری خەتی نەتەوەیی بووم، بەڵام حیزبەکە لە دەستی چەپەکاندا بوو. ئێمە خەتی لاواز بووین. من خەباتم دەکرد تا لایەنی نەتەوەیی زیاتر بەرەو پێش بچێت و سەربکەوێت. دەمگوت سۆسیالیزم و دێموکراسیم ناوێت ئەگەر خزمەت بە نەتەوەی کورد نەکات و ئەوا تێکەڵی نابم. ساڵی 1975- 1980سەردەمی دانانی ئایدۆلۆژیای بزووتنەوەی نەتەوەیی بوو. لە ساڵی 1975دا بۆ ماوەی سێ ساڵ هەتا راگەیاندنی پەکەکە من لایەنگر بووم. عەبدوڵلا ئۆجەلان، حەقی قەرار و کەماڵ پیر پەکەکەیان دامەزراند. ئۆجەلان نوێنەرایەتی نەتەوەی کوردی دەکرد، حەقی قەرار نوێنەرایەتی نەتەوەی لاز و کەماڵ پیر نوێنەرایەتی  نەتەوەی گورجیای دەکرد. ئەو سێ نەتەوە لە تورکیا ئاسمیلە دەکران و خەریک بوو لە ناو دەچوون. ئەو سێ کەسە دەیانەویست نەتەوەکەیان ئاسمیلە نەبێت، بۆیە پەکەکەیان دامەزراند.

هۆکاری جیابوونەوەی عوسمان ئۆجەلان لە پەکەکە چی بوو؟

عوسمان ئۆجەلان سەبارەت بە جیابوونەوەی لە پەکەکە دەڵێت: “لە کۆتایی ساڵی 2002 ئێمە کۆبوونەوەیەکی بەرفراوانمان لە خنێرە ئەنجامدا. من و جەمیل بایک، دوران کاڵکان، عەلی حەیدەر قایتان و مستەفا کاراسوو کە ئەندامی کۆنسەی سەرکردایەتی پەکەکە بووین، بەشداری ئەو کۆبوونەوەیە بووین. لە باتی من، ئەو چوار کەسە بڕیاریان دابوو، جارێکی دیکە لە دژی پەدەکە شەڕ بکەن، دەیانگووت ئەگەر سەدام بڕوا پەدەکە دەبێتە دەوڵەت و دەوڵەتبوونی پەدەکە لە بەرژەوەندی پەکەکەدا نیە، دەبێت بە شەڕ ڕێ لەوە بگرین. من ڕێگریم لەوان کرد و پێیانم گوت لە جێگەی ڕێگرتن، پێویستە هاوکاریان بکەین بۆ ئەوەی دەوڵەت پێک بهێنن.

تاوانەکانی عوسمان ئۆجەلان لەناو پەکەکەدا چی بوون؟

ساڵی 2004 ئاپۆ لە سەر کەمالیزم قسەی کرد، ئەوە بۆ من زۆر ناخۆش بوو. لە بەر ئەوەی کەمالیزم لە دژی کوردەکان بوو و لایەنی باشی بۆ ئێمە تێدا نیە. بابەتێکی دیکە کە بۆ من سەخت بوو، ڕێککەوتنی جەمیل بایک لەگەڵ ئێران بوو بۆئەوەی من بکوژن. هەندێک کەس کە لە ئێرانەوە دەهاتنە ریزی پەکەکە، بە منیان گوت کە ئاگاداری خۆم بم. ئەوانە بوونە هۆکار کە لە پەکەکە جیا ببمەوە. پێشتر دوو جار لە لایەن پەکەکەوە زیندانی کرابووم  یەکەم جارلە ئێران و دووەم جار لە پیربەلای لە پشتی زاخۆ.

لە ناو پەکەکەدا سێ تاوانم هەبوو. یەکەم لەسەر بابەتی دوژمنایەتی کردنی یەکێتی و پارتی بوو. من پێیانم دەگوت دوژمنایەتی ئەو دوو لایەنە نەکەین و وەکوو پردێک سوودیان لێوەربگرین بۆ دروست کردنی پەیوەندی لەگەڵ ئەورووپا. دووەم ئەوە بوو کە من دەمگوت لەناو پەکەکەدا مافەکانی مرۆڤ ڕێزیان لێبگیرێت و کوشتن لەناو پەکەکەدا کۆتایی پێبێت. سێهەمیش ئەوە بوو کە من داوام دەکرد رێکەوتنی نەتەوەیی واژۆ بکەین بۆ ئەوەی هێزە کوردیەکان یەکگرتوو بن. ئەوانەیان لەسەر من کردنە تاوان و منیش ناچار بووم لە رێکەوتی 1/6/2014دا لە پەکەکە جودا ببمەوە”.

لە بەشی چوارەمی ئەم بابەتەماندا باسی یەکێکی دیکە لەو سەرکردانەی پەکەکە دەکەین بەناوی “مستەفا شەفیق” بە کۆد ناوی “ئاری کەین” کە ناچاریان کردووە لەو حیزبە جودا ببێتەوەو لە زاری خۆیەوە هۆکارەکانی جودابوونەوەی لە پەکەکە باس دەکەین.

پوستێن ھەمان بەش