وازهێنان لە پەکەکە خیانەت یان نیشتمانپەروەری؟ ـ بەشی حەوتەم

وازهێنان لە پەکەکە خیانەت یان نیشتمانپەروەری؟ ـ

ئیبراهیم ئایدن لە ساڵی 1985دا بە تۆمەتی هاوکاری کردنی چەتین گۆنگۆر و کەسیرە یلدرم “فاتیمە” کەوتۆتە ژێر چاودێری و هەڕەشەی پەکەکە.

بەشی حەوتەم

یەکێکی دیکە لەو کەسانەی کە لە پەکەکە جیابۆتەوە و دواتر وەکوو سیخوڕ ڕاگەیەندراوە، ئیبراهیم ئایدن بە کۆد ناوی “زیاد”ـە. ئیبراهیم ئایدن لە ساڵی 1950دا لە دێرسیم لەدایک بووە، لە ساڵی 1970دا لە زانکۆی ئەنقەرە وەرگیراوە و بۆ ماوەی 3 ساڵ لە بەشی مامۆستایەتی زانکۆی ئەنقەرە خوێندوویەتی و لە ساڵی 1974 ـ 1978 لە غازی عەنتاب و مێردین مامۆستایەتی کردووە.

لە سەردەمی خوێندنی لە زانکۆ، لە ڕێکەوتی 31/3/1972دا دوای گردبوونەوەیەکی خوێندکارانی زانکۆ لە دژی کوشتنی “ماهر چایان” سەرۆکی حیزبی “لاوانی وڵاتپارێزی تورکیا” و نزیک بە 10 ئەندامی کومیتەی ناوەندی ئەو حیزبە، لە لایەن پۆلیسی تورکیاوە دەستگیر کراوە.

بە پێی ڕاگەیەندراوی ناوبراو، ژمارەی گیراوەکان لە دوو بەشی مامۆستا و بەشی زانستی سیاسی زانکۆی ئەنقەرە، نزیکی 120 خوێندکار بوون و یەکێک لە گیراوەکان عەبدوڵا ئۆجەلان بووە.

ئەو بووەتە ئەندامی گرووپی ئیدۆلۆژیکی پەکەکە و لە ساڵی 1980دا بەرپرسی کومیتەی ناوچەکانی ئەنقەرەی پەکەکە بووە. هەر لەو ساڵەدا لەگەڵ جەمیل بایک ئەرکی بەڕێوەبردنی پەیوەندییەکانی ئۆجەلانیان لە نێوان سوریا و تورکیا بەڕێوە بردووە.

دوای کودەتای 29/9/1980ی تورکیا، لەگەڵ “عەلی چەتین”ڕۆیشتۆتە سووریا و لەوێش لەگەڵ جەمیل بایک و “سوبحی قەرەقۆش” بە کۆد ناوی “شۆڕش” کە دواتر لە لایەن پەکەکەوە دەکوژرێت، لە کەمپی بەرەی دێمۆکراتی فەلەستین، ئەرکی پەروەردە کردنی ئەندام و گەریلاکانی پەکەکەی وەرگرتووە.

ئەندامی کومیتەی ناوەندی و هەڵبژاردەی کۆنگرەکانی 1 و 2 بووە و لە کۆنفڕانسی ئەوروپای پەکەکەدا سەرۆکی دیوانی کۆنگرە بووە.

لە ساڵی 1985دا بە تۆمەتی هاوکاری چەتین گۆنگۆر “سەمیر” و کەسیرە یلدرم “فاتیمە” کەوتۆتە ژێر چاودێری و هەڕەشەی پەکەکە و وەکوو ئەوەی بۆ خۆی دەڵێت، لە ترسی ئەوەی کە  سەرکردەکانی پەکەکە فەرمانی کوشتنی بدەن، لەناو پەکەکە هەڵاتووە و بە هاوکاری بارزانی و پارتی دێموکراتی کوردستان خۆی گەیاندۆتە سووریا و لەوێشەوە بەرەو سوید رۆیشتووە.

پوستێن ھەمان بەش