وازهێنان لە پەکەکە، خیانەت یان نیشتمانپەروەری؟ ـ بەشی دووەم

وازهێنان لە پەکەکە، خیانەت یان نیشتمانپەروەری؟

“من 35 ساڵی تەواو ئیمە خزمەتی پەکەکەم کرد، تەنها لەبەر ئەوەی کۆماری دیموکراتی [تورکیا]م نەدەویست، هەڕەشەی کوشتنیان لێدەکردم”.

بەشی دووەم

لە بەشی یەکەمی نووسینەکەماندا، لە زمانی “نیزامەدین تاش” کە لەناو پەکەکەدا بە هەڤاڵ بۆتان دەناسرا، باسمان لە دۆخی پەکەکەو روانگەکانیەوە کرد. نیزامەدین تاش بە روونی باسی لە هۆکارەکانی جودابوونەوەی خۆی لە پەکەکە کردبوو. لەم بەشەدا ئێمە باس لە ئەندامێکی دیکەی سەرکردایەتی پەکەکە بەناوی “خەلیل ئاتاچ” بە کۆد ناوی “ئەبووبەکر”، دەکەین و هەوڵ دەدەین لە زمانی خۆیەوە هۆکارەکانی جیابوونەوەی لە پەکەکە روون بکەینەوە.

خەلیل ئاتاچ “ئەبووبەکر” کێیە؟

خەلیل ئاتاچ لەساڵی 1958دا لە ناوچەی خەلفەتی پارێزگای ئورفا “روها” لەدایکبووەو وەکوو خۆی دەڵێت جیرانی ماڵی عەبدوڵڵا ئۆجەلان بووە. هاوکات لەگەلڵ خوێندنی زانکۆدا لە بەشی پەروەردە لە کۆتاییەکانی ساڵی 1975دا بەمەبەستی بەشداری لە لەهەوڵەکانی دامەزراندنی حیزبدا، تێکەڵی گرووپی ئایدۆلۆجیا بووە و دەڵێت گرووپەکەی ئێمە لەو کاتەدا 10 کەس بووین و من بە دڵ و بەگیان کارم بۆی کردووە. لە ساڵی 1978دا هاوکات لەگەڵ چالاکی حیزبی، لە مەرعەش خوێندکار بوو. دواتر لەلایەن پۆلیسی تورکیاوە دەستگیر دەکرێت. ساڵی 1979 بە پلانێک کە لەلایەن رێکخستنەکانی ناو زیندانەوە ئامادە کرابوو، لە جیگای ئیبراهیم خەلیل یەکێک لە زیندانیەکانی گرووپەکایان لە زینداندا، ئەویان ئازاد کردووەو پاش 20 رۆژان لە شاری عەنتاب بە شەمەندەفەر هەڵاتووە بۆ سووریاو لەوێ پەیوەندیی بە فەلەستینیەکانی لوبنانەوە کردووە. لەلای فەلەستینیەکان خولی سەربازیی بینیوەو دواتر لەگەڵ عەبدوڵڵا ئۆجەلان و کەمال پیر و ژمارەیەکی دیکە لە کادیرەکان ئەرکی رێکخستن و پەروەردە کردنی گریلاکانی بەڕیوە بردووە.

لە ساڵی 1983 هەتا 2004، ئەندامی سەرکردایەتی و کۆنسەی سەرۆکایەتی پەکەکە بووە. دەربارەی هۆکاری جودابوونەوەکەشی لە پەکەکە، “حامید گەوهەری” لە 25/11/2015دا چاوپێکەوتنێکی لەگەڵ خەلیل ئاتاچ پێکهێناوەو لەوێدا ئاتاچ بە گەوهەری دەڵێت: “پەکەکە وازی لە رزگاری و سەربەخۆیی کوردستان هێناوە”.

“هۆکاری جودابوونەوەی من لە پەکەکە، بۆ چەند خاڵێک دەگەڕێتەوە. سەرەڕای گرفتە ناوخۆییەکان، پەکەکە دەستی لە رزگاری و سەربەخۆیی کوردستان هەڵگرت. من دوو جار (لە مووسڵ و هەولێر)، لەگەڵ ئەمەریکیەکان دانیشتم. ئەوان بە منیان گوت: عەبدوڵڵا ئۆجەلان ئازاد نابێت و ئەگەر ئێوە چارەسەرکردنی پرسی کورد لە پێشەوەی ئازاد کردنی ئۆجەلان دابنێن، ئێمە دەتوانین پێکەوە هاوکاری بکەین. شەڕ راوەستابوو، ئەوان گوتیان: لەسەر سیاسەتی راگرتنی شەڕ بەدرەوام بن، ئێمە لەگەڵ تورکەکاندا قسە دەکەین و هەوڵ دەدەین گرفتەکانی ئێوە چارەسەر بکەین. ئەوان گوتیشیان: قونسولی ئێمە لە شاری ئەدەنا، ئەو ئەرکە بەڕێوە دەبات.

بۆ وەڵامدانەوە بە ئەمریکیەکان من پەیوەندییم بە جەمیل بایک و ئەندامانی سەرکردایەتیەوە گرت. کۆنفەرانسێکی پێکهێناو گوتی: ئیمە ناتوانین لەگەڵ ئەمریکیەکان رێکەوتن بکەین. گوتی: ئایدۆلۆجیای ئێمە دژ بە ئەمەریکایەو ئەوان دەیانهەوێ ئێمە بخەنە ریزی زایۆنیستەکان. من لەگەڵ عوسمان ئۆجەلان، سەرهات، ئەکرەم، دۆغان، بۆتان، ماهیر، عەلی دووسن، جەلال شرناخ و ژمارەیەکی دیکە لە هەڤاڵەکان کە لە مووسڵ بوون، لە بەغدا کۆبووینەوەو بڕیارمان دا بگەڕینەوە چیاو ئەگەر ئێمە نەمانتوانی دەرئەنجامێکی باش بەدەست بێنین ئەوا جودا ببینەوە.

“من بۆ ماوەی یەکساڵ بەرپرسی ئیستیخباراتی پەکەکە بووم”

ئێمە رۆیشتینە “کانی جەنگێ” لە سەر “کورتەک” و لەگەڵ سەرکردایەتی پەکەکە کۆبووینەوە. گرفتی ناوخۆیی، تێکەڵاوی ئێمە لەگەڵ پەدەکە و یەنەکە، پرسی سەربەخۆیی و کۆماری دیموکراتی و راگرتنی شەڕمان لە دژی تورکەکان تاوتوێ کرد. ئێمە رامانگەیاند پێویست ناکات ئێمە شەڕ بکەین و پێویستە کاری رێکخستن و بەرەوپێش بردنی پرۆسەی سیاسی بکەین و پێویستە گریلاش بەشداری لەو پرۆسە سیاسیەدا بکات. ئەوان قبووڵیان نەکرد و هەربۆیە ئێمە نزیکەی 100 کەس بە ناچاری ساڵی 2004 لە پەکەکە جودا بووینەوە.

من بۆ ماوەی ساڵێک بەرپرسی ئیسیخباراتی پەکەکە بووم. پێشتر داوایان لە من کردبوو کە ئەو ئەرکە بەئەستۆ بگرم. پاش چەند رۆژ گفتوگۆ کردن من قبووڵم کرد. پێویست بوو گرووپێک تایبەت بە کار کردن لەسەر رووسیا، ئێران، تورکیا، ئەڵمانیاو فەرەنسا پەروەردەیان بکەین کە ژمارەیان 35 کەس دەبوون. ئێمە زیاتر لە هەر شوێنێک قورساییمان خستبوە سەر تورکیا.

“لەبەر ئەوەی من کۆماری دیموکراتی [تورکیا]م نەدەویست، هەڕەشەیان لێدەکردم”

کۆمەڵێک زانیاریی نهێنی و هێندیک پارە لەلای من بوو بۆ ئەوەی کارەکانمان بەڕێوە ببەین. من گوتم دەچم ئەوانە رادەستی کۆمیتەکەمان لە مووسڵ دەکەم. من سواری سەیارە بووم و رۆیشتم بۆ مووسڵ. من هەموو شتەکانم رادەستی “رۆستەم جودی” و “زەکی شنگالی” کرد و لەوێوە من جودابوونەوەی خۆمم راگەیاند. ئەوانەی دیکەش کە لە چیا بوون، هەڵاتن و خۆیان گەیاندە لای ئێمە. کانی یەڵماز، سیپان رۆژهەڵات و کەماڵ عەفرینی “کەمال سۆر”یان لەئێمە تیرۆر کرد بەڵام ئێمە توانیمان دەرباز بین. 35 ساڵی تەواو ئیمە خزمەتی پەکەکەمان کرد، رەنگە لە پرۆسەی کارکردنماندا هەڵەشمان هەبووبێت بەڵام سەرجەم ئەرکەکانمان بە بێ گرفت بەئەنجام گەیاندوون. تەنها لەبەر ئەوەی من کۆماری دیموکراتی [تورکیا]م نەدەویست، هەڕەشەیان لێدەکردم. لە ئێستاشدا من دوژمنایەتی ئەوان ناکەم، بە هەزاران گریلا بە دەم گوتنەوەی دروشمەکانی “بژی کوردستان، بژی سەربەخۆیی و بژی رزگاری” شەهید بوون.

پوستێن ھەمان بەش