وازهێنان لە پەکەکە خیانەت یان نیشتمانپەروەری؟ ـ بەشی شەشەم

وازهێنان لە پەکەکە خیانەت یان نیشتمانپەروەری؟ ـ

 ساری باران: “پەکەکە وەکوو سیکێکی لێهاتووە و هیچ کەسێک ناتوانێ لە دژی سەرۆکایەتی بدوێت و بیروڕای خۆی بەیان بکات”.

بەشی شەشەم

جیهانگیر حازر بە کۆد ناوی “ساری باران” یەکێکی دیکە لەو کەسانەیە کە لە پەکەکە جیابووەتەوە. ئەو لە ساڵی 1956دا لە دێرسیم لە دایک بووە. ماوەی 7 ساڵ لە شارەکانی سامسۆن و دێرسیم مامۆستای بیرکاری بووە. لە ساڵانی 1975 تا 1978، ئەندامی پارتی دێموکراتی کوردستان ـ باکوور بووە. ئەو بۆ خۆی دەڵێت بە هۆکاری هەبوونی کێشەی ناوخۆیی لە ناو ئەو حیزبەدا، پارتی دێموکراتی کوردستانی بەجێهێشتووە و تێکەڵ بە گرووپی ئایدۆلۆجیای ئۆجەلان بووە و یەکێک بووە لە بەشدارانی کۆنگرەی دامەزراندنی پارتی کرێکارانی کوردستان لە ڕێکەوتی 27/11/1978.

جیهانگیر هەتا ساڵی 1980 ئەندامی لیژنەی خارپۆرتی پەکەکە بووە و لە ساڵی 1981دا چووەتە لوبنان و لە کەمپی بەرەی دێموکراتیکی فەلەستین لە بێتکای سووریا ڕاهێنانی سەربازی بینیوە و مێژووی سیاسی جیهانی خوێندووە. ساڵی 1982 ماوەی 6 مانگ دوای کۆنفڕانسی یەکەمی پەکەکە  نێردراوەتە باشووری کوردستان. ساڵی 1986 بەبێ ئەوەی بەشداری کۆنگرەی سێیەم ببێت، وەکو ئەندامی کومیتەی ناوەندیی پەکەکە هەڵبژێردراوە.

بە سیستەمی سەرۆکایەتی هەموو شتێک کەوتە دەستی ئۆجەلان و لێرەوە دەست بە کوشتن و لەناو بردنی کادیر و گەریلاکانی پەکەکە و خەڵکی سڤیل کرا.

ئەو دەڵێت: “لەو کۆنگرەیەدا 4 بڕیاری مەترسیدار پەسند کران کە بریتی بوون لە: یاسای بەسەربازی کردنی زۆرە ملێ، وەرگرتنی باج لە خەڵک، “ڕێژەی ئەو پارە بە پێی داهاتی ئەو کەسە دیاری دەکرێت” و هەروەها بڕیار درا لەناو پەکەکەدا دەزگای هەواڵگری دابمەزرێت. بەو بڕیارانە پەکەکە وەکوو سیکێکی لێهات و هیچ کەسێک نەیدەتوانی لە دژی سەرۆکایەتی بدوێت و بیروڕای خۆی بەیان بکات. بە سیستەمی سەرۆکایەتی هەموو شتێک کەوتە دەستی ئۆجەلان و لێرەوە دەست بە کوشتن و لەناو بردنی کادیر و گەریلاکانی پەکەکە و خەڵکی سڤیل کرا.”

“ئێمە گوتمان هەموو ئەو کەسانەی کە چەکیان هەڵگرتووە، لەبەر سیاسەتی هەڵەی پەکەکە چوونەتە پاڵ دەوڵەت”

ساری باران یەکێک بوو لە بەشدارانی کۆنگرەی دووەم و چوارەمی پەکەکە کە لە حەفتەنین گیرابوو، سەبارەت بەوە دەڵێت: “محەممەد شەنەر، شیار و من بەشداری کۆنفڕانسی دوەممان نەکرد. لەو کۆنفڕانسەدا نیقاشی زۆر کرابوو. بابەتی بە زۆرەملێ کردنی سەربازیمان قبووڵ نەکرد و گوتمان بوونە گریلا بە زۆری نابێت. دەزگای هەواڵگری سەر بە ئاپۆمان هەڵوەشاندەوە و گوتمان دەزگای هەواڵگری بۆ دوژمن دەبێت، نەک بۆ کادیر و ئەندامانی حیزب. سیاسەتی دژی جاشەکانی کوردستانمان گۆڕی و گوتمان هەموو ئەو کەسانەی کە چەکیان هەڵگرتووە لە بەر سیاسەتی هەڵەی پەکەکە چوونەتە پاڵ دەوڵەت، ئەگەر نا عەشیرەتەکانی گەردی، هەرکی، عەشۆر، ژیرکی، مام خۆرا…….ئەوانە جاش نەبوون. پێش جێبەجێکردنی سیاسەتی هەڵەی پەکەکە و کوشتنی خەڵک بە بێ دادگایکردن و لێکۆڵینەوە، ئەوانە هەموو لە گەڵ ئێمە بوون و هاوکاری ئێمەیان دەکرد.

” ئێمە ویستمان بە هاوکاری هەندێک حیزبی چەپی تورکیا، کە نزیک بوون لە پەکەکە، شەڕ لە کوردستانەوە بگوازینەوە ناو شارە گەورەکانی وەکو ئەزمیر، ئیستەنبۆڵ و ئەنقەرە تاوەکو تورکیش تامی شەڕ بچێژن.”

لە کۆنفڕانسی دووەمدا بڕیار لە سەر ئەو باباتانە دران، ئێمە بڕیارماندا داوای هاوکاری لە خەڵک بکەین بۆ ئەوەی یەکێتی نەتەوەیی پێک بهێنین. ئێمە ویستمان بە هاوکاری هەندێک حیزبی چەپی تورکیا، کە نزیک بوون لە پەکەکە، شەڕ لە کوردستانەوە بگوازینەوە ناو شارە گەورەکانی وەکو ئەزمیر، ئیستەنبۆڵ و ئەنقەرە تاوەکو تورکیش تامی شەڕ بچێژن. هەروەها لە کۆنگرەی 4دا ئێمە داوای لێکۆڵینەوەمان لە سەر ئەو کەسانەی کە کوژراون و هەروەها چالاکییەکانی پەکەکە لە وڵاتی سووریا و جێبەجێکردنی بڕیارەکانی کۆنفڕانسی دووەم کرد کە بە تەواوەتی دەنگی ئەندامانی کۆنفڕانس قبووڵ کرابوون. لەو کۆنگرەیەدا من و محەممەد شەنەر وەکوو ئەندامی کومیتەی ناوەندی هەڵبژێردراین. هاوکات لەگەڵ ئەندام بوونی من لە کومیتەی ناوەندیدا، من بەرپرسی سەربازی پەکەکە بووم و شەنەر بەرپرسی سیاسی بوو. لە دوای کۆنگرە، هەریەک لە ئێمە گەڕایەوە شوێنی کارکردنەکەی. بڕیارەکانی کۆنگرە کە بۆ ئاپۆ نێردرابوون تاوەکو پەسەندی بکات، بەڵام ئەو قبووڵی نەکرد و ڕایگەیاند پارتی ئەو کەسانەی خستۆتە ژێر کۆنترۆڵی خۆی. سەبارەت بە من و شەنەر بڕیار درا لێکۆڵینەوەمان لە سەر بکەن. منیان بانگ کرد و چوومە حەفتەنین، لەوێ زانیم شەنەر گیراوە.

“ئۆجەلان گوتوویەتی پێویستە لە ماوەی 15 ڕۆژدا لێکۆڵینەوە لەسەر ئێوە بکرێت و شەنەر بکوژرێت”

ئۆجەلان هێزێکی تازەی لە ناو پەکەکەدا دامەزراندبوو کە ناوی ئەو هێزە پاراستنی حیزب بوو. بەرپرسی ئەو هێزە بەناوی عەبدولڕەحمان قایچقچی “فایەق” لە سووریاوە هاتبوو تا لێکۆڵینەوە لە سەر من  و شەنەر بکات. عەبدولڕەحمان چەند جارێک لە گەڵ ئێمە کۆبۆوە و بە ئێمەی گوت: “ئۆجەلان گوتوویەتی پێویستە لە ماوەی 15 ڕۆژدا لێکۆڵینەوە لەسەر ئێوە بکرێت و شەنەر بکوژرێت”. فایەق کە کەسێکی وڵاتپارێز بوو، ئەو نهێنیەی بۆ ئێمە ئاشکرا کرد و لە ئەنجامدا فایەق و من و شەنەر لە ساڵی 1991دا لە پەکەکە جیابووینەوە. بۆ ماوەیەک لە باشووری کوردستان ماینەوە و حیزبی “ڤەژین”مان دامەزراند و ژمارەیەکی زۆر خەڵکمان لە دەور کۆبۆوە. شەنەر چوو بۆ قامیشلۆ تاوەکو پەیوەندی بە ساکینا جانسز و سەلیم چرۆک کایاوە بکات. ئەو دوو کادیرە پێشتر لە گەڵ شەنەر لە زیندانی تورکیادا بوون و ئەوانیش لە دژی سیاسەتی ئۆجەلان بوون، بەڵا م پەکەکە و دەوڵەتی سووریا  بە چوونی شەنەر بۆ قامیشلۆیان زانی و لەوێ ئەویان کوشت.”

پوستێن ھەمان بەش